ناسری رەزازی: گۆرانی وتن نەیهێشت ببم بە وەرگێڕ

10:57 - 2024-07-29
هەمەرەنگ
498 جار خوێندراوەتەوە

ناسری رەزازی هونەرمەندی ناوداری كورد رایگەیاند: گۆرانی زمانی كوردی لە فەوتان رزگار كردووە.

رەزازی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان چەندین نهێنی ژیانی خۆی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: لە راستیدا دەبوایە من وەرگێڕ بم، بەڵام گۆرانی وتن نەیهێشت ببم بە وەرگێڕ و لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی شانامەی فیردەوسیم و چوارینەكانی خەیامیشم تەواو كردووە.
سەبارەت بە وەرگێڕان وتیشی: ئەوكاتەی لە شاخ پێشمەرگە بووم بۆ یەكەمینجار شانۆیەكم لە فارسییەوە كردە كوردی و دواتریش لە ساڵی 1992 ژیاننامەی بیتهۆڤنم لە فارسییەوە كردە كوردی.
هاوكات هونەرمەند رەزازی سەرقاڵی نووسینەوەی بیرەوەرییەكانێتی و لەوبارەیەوە بە دوالاپەڕەی وت: بیرەوەرییەكانم لە پێنج بەش پێكدێت، بەشی یەكەم سنە، بەشی دووەم پێش شۆڕشی گەلانی ئێران، بەشی سێیەم پێشمەرگایەتی، بەشی چوارەم چوونم بۆ ئەوروپا و بەشی پێنجەم، گەڕانەوەمە بۆ نیشتمان، ئاماژەی بەوەشدا كە لە بیرەوەرییەكانیدا نزیكەی 200 لاپەڕەی لەبارەی میوزیكی كوردییەوە نووسیوە و پێی وایە گۆرانی، زمانی كوردی لە فەوتان رزگاركردووە. 
سەبارەت بە وتنی سروودیش وتی: لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ یەكەمینجار من سروودی شۆڕشگێڕیم وتووە و پاش من، رەشیدخانی فەیزی نژاد، نەجمەدینی غوڵامی، كەریمی بلوورییە، جەمالی موفتی، بەكر لەگزی، میكائیل و تاهیری خەلیلییە.
لەبارەی دۆخی ئێستای گۆرانی كوردی، وتی: لە ئێستادا هونەرمەند و گۆرانیبێژی باشمان هەیە، هونەرمەندانی وەك ئەیوب عەلی، عەدنان كەریم، بەهجەت یەحیا و .. هتد.
لە ژمارەكانی داهاتووی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا دەقی چاوپێكەوتنەكە بڵاودەكرێتەوە.
جەواد حەیدەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان