راپۆرتی/ ئارۆ سامان
شاری خانەقین بە یەكێك لە شارە گەرمەكانی عیراق و جیهان دادەنرێت، هەر لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە گەرمای ئەم شارە تاقەت پڕوكێنەرە و هاووڵاتیانی بێزار کردووە، كێشە گەورەكەش ئەوەیە سەعاتەکانی کارەبا بەپێی پێویست نییە.
رەعد ئەحمەد دوكاندارە بۆ کوردستانی نوێ وتی: زیاتر لە 10 ساڵە دۆخی كارەبای ئەم شارە زۆر خراپە، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا بۆ ماوەیەکی زۆر دەبڕێت ئەوە ژیانی لێ تێكداوین.
دەشڵێت: هەموو ساڵێک تا وەرزی هاوین تەواو دەبێت خەڵكەكەی لە رەزالەتی بێ کارەباییدا دەژین، دەبوو بەرپرسان هەوڵی چارەسەرکردنیان بدایە.
ئەم سێ مانگەی وەرزی هاوین سەخت دەبێت و كێشەكانی کارەبا زیاتر دەبن، بەڵام لەگەڵ پارێزگاری دیالە لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی
زیادکردنی رێژەی سەوزایی
هۆشیار ئیسماعیل ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بۆ کوردستانی نوێ وتی: شاری خانەقین ناوچەیەكی ستراتیژیی و دەوڵەمەندە لە زۆر رووەوە، دەكرا بە پلانێكی تۆكمە و درێژخایەن كارەبای شارەكە چاك بكرایە، بەڵام بەداخەوە تائێستا بە تایبەت لە وەرزی هاویندا كێشەی كارەبا خەڵكەكەی بێزار دەكات.
باسی لەوەشكرد: تائێستا كارەبای شارەکە لە ئێرانەوە دێت، پێویستە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی بۆ چارەسەركردنی كارەبا خراوەتەڕوو بە زویی جێبەجێ بكرێن.
هاووڵاتیان گلەیی ئەوە دەکەن، سەرەڕای خراپیی کارەبا، بەرپرسان نەیانتوانیوە بەپێی پێویست رێژەی سەوزایی زیادبکەن لە شارەكەدا، مامۆستا رێناز مەجید بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا نەتوانراوە كێشەی كارەبای شارەكە چارەسەر بكرێت، هاوكات نەشتوانراوە رووبەرێکی زۆری شارەکە سەوز بکرێت بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای شارەکە.
دژایەتی خانەقین دەكرێت
سوزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ كوردستانی نوێ وتی: چەندین پڕۆژە و هەنگاوی جدیمان ئاڕاستەی وەزارەتەكانی كارەبا و لایەنە بەرپرسەكان كردووە بۆ چاککردنی دۆخی کارەبای شارەکە، بەڵام بەداخەوە دژایەتی خانەقین دەكرێت و جێبەجێ ناکرێت.
وتیشی: بەردەوام لە هەوڵداین و دەمانەوێت بە هەرشێوەیەك بێت چەند پڕۆژەیەكی گرنگی كارەبا بهێنرێتە شارەكە، بەڵام ململانێی سیاسی و دروستكردنی گرفت بۆ خانەقین بەردەوامە، هەرچەندە بەشێكی زۆری عیراق بە دەست كێشەی كەمیی كارەباوە دەناڵێنێت.
كێشەكە گشتییە
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقین بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كێشەكە تەنها خانەقین نییە، بەڵکو بەشی زۆری پارێزگاكان و شارەكانی عیراق هەمان كێشەیان هەیە، لەبەرئەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە پەنا بۆ پڕۆژەی بەكارهێنانی وزەی خۆر براوە.
وتیشی: شاری خانەقین وەك یەكەم شاری عیراق هەر زوو زەوی بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار دابین كردووە كە بڕیارە 150 مێگاوات كارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەم بهێنێت، بەڵام هێشتا كۆمپانیاكە دەستبەكار نەبووە، بۆیە لە رێگەی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە دەمانەوێت هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە بكەین بۆ ئەوەی دەستبەكاربێت.
باسی لەوەشكرد: ئەم سێ مانگەی وەرزی هاوین سەخت دەبێت و كێشەكان زیاتر دەبن، بەڵام لەگەڵ پارێزگاری دیالە لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی.
قایمقامی خانەقین دەڵێت: بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی كارەبا خانەقین هیچ كێشەیەكی نامێنێت، لەبەرئەوەی وا بڕیارە دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە جێبەجێ بكرێت كە هەر یەكێكیان 150 مێگاوات كارەبا بە شارەكە دەدات.