لە هەرێم 272 هەزار خانەنشین هەیە

تەمموز مانگی خانەنشین بوونی زۆرینەی فەرمانبەران

10:06 - 2024-07-31
ڕاپۆرت
281 جار خوێندراوەتەوە
زەریفە خان لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ خانەنشین بووە سوپاس نامەی پێدرا

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

 

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان: چاوەڕوان دەکرێت بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەكخراو دۆخی خانەنشینانی هەرێم باشتربێت 




سەکینە ساڵح، ژنێکی بە تەمەنە لە یەکێك لە فەرمانگەکانی شاری سلێمانی ساڵانێک وەک کارگوزار کاری کردووە، سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ خانەنشین بوو و بە یەکجاریی ماڵئاوایی لە کارکردن لە فەرمانگەکەی کرد و دەڵێت: تا ئەوکاتەی خانەنشین نەبووم دەموت زوو کاتەکەی بێت و بڕۆمەوە ماڵەوە ئیسراحەت بکەم، بەڵام ئێستا کە لە ماڵەوەم بیری فەرمانبەرەکان و شوێنی کارەکەم دەکەم.
سەکینە ماوەی دوو هەفتەیە خانەنشین بووە و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی فەرمانگەکەی لە بەرامبەر ماندوبوونی چەند ساڵەیدا مەراسیمێکیان بۆ رێکخست خەڵاتی رێزلێنانیان پێ بەخشی و ماڵئاواییان لێکرد.
سەکینە دەڵێت: لەبەرئەوەی چەندین ساڵە کاردەکەم فێری دانیشتن نەبووم و لەماڵەوە بوون و تێکەڵ نەبوون بە کەسانی دیکە قورسە  و دڵتەنگم، بەڵام دەستڕەنگینم و چنین دەزانم، بیرم کردۆتەوە خۆم بە کارێکی دەستییەوە سەرقاڵ بکەم.
تەمەنی خانەنشینی بریتییە: لە وەرگرتنی پشووی ھەمیشەیی و کارنەکردنی ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتی یاساییان تەواوکردووە، یان لەسەر داواکاری خۆیان خانەنشین کراون.

چیرۆکی خانەنشین بوون لە مانگی تەمموزدا
لە هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمموزدا زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران خانەنشین دەبن، بەهۆی ئەوەی 67 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 1957دا، بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی باری شارستانی بڕیاریدا بە سەرژمێریکردنی دانیشتوان و هەڵمەتێک بۆ تۆمارکردنی سەرجەم ئەو لەدایکبوانەی ناویان لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا نەبوو.
لەو پڕۆسەی سەرژمێریکردنەوە کە بڕیاری لێدرا دەرکەوت بەشێکی زۆری ئەو خێزانانەی لەناو شارەکاندا نەدەژیان یان شوێنی نیشتەجێ بوونیان دوور بوو لە فەرمانگەی رەگەزنامەوە، بڕوانامەی لەدایکبوونیان بۆ منداڵەکانیان دەرنەکردبوو هەرچەندە تەمەنیشیان گەورەبوو، پاشان بەشێک لە دایک و باوکەکان بە تێپەڕینی کات رۆژی لەدایکبوونی منداڵەکانیان لەبیر نەبوو و تەنها ساڵەکەیان دەزانی، هەر بۆیە لەو ساڵەدا 1957 بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی باری شارستانی رۆژی 1 مانگی 7 دیاریکرد بۆ تۆمارکردنی رۆژی لەدایکبوونی ئەو کەسانە، بەو پێیەی ناوەڕاستی ساڵە، بۆئەوەی منداڵان مافی خوێندنیان لەدەست نەچێت.
عەزیز کەریم چەند ساڵێک لەمەوبەر لە مانگی  تەمموزدا خانەنشین بووە و دەڵێت: وەک ئێستا لەبیرمە کە باوکم بردمی ناسنامەی بۆ دەرهێنام و رۆژی 1/7/1945 یان وەک رۆژی لەدایکبوون بۆ دیاریکردم.
وتیشی، لەبەرئەوەی دایک و باوکم نەخوێندەوار بوون، نازانم رێک لەو رۆژ و مانگ و ساڵەدا لەدایک بووم یان نا، بەڵام هەمووکات دایکم بۆی دەگێڕامەوە ئەو رۆژەی منی تیا لەدایک بوم رۆژێکی گەرم بووە.

گرفتەکانی خانەنشینان

لە هەرێمی کوردستان تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران 63 ساڵە، لە ماوەی رابردوودا پەرلەمانی کوردستان یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 27ی ساڵی 2006ی عیراقی پەسندکرد، کە تەمەنی خانەنشینی بە 63 ساڵ دیاریکردووە.
بەشێکی زۆری خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان گرفتی کەمی رێژەی مووچە، وەرنەگرتنی لەکاتی خۆیدا و خراپی شێوازی وەرگرتنیان هەیە و لەبەرئەوەی چوونەتە تەمەنەوە توانای کارکردنیشیان نەماوە بۆ باشکردنی بژێوی ژیانیان.
سادق عوسمان وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 عیراقی فیدراڵ بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و زیادبوونی مووچەکەیان چاوەڕوان دەکرێت دۆخی خانەنشینان باشتر ببێت.

 

کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی لە هەرێم 220 هەزار دینارە لەکاتێكدا لە بەغدا 500 هەزار دینارە

دۆخی خانەنشینان
ئێستا لە هەرێم کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە لەکاتێكدا لە بەغدا 500 هەزار دینارە.
نوری مستەفا چەندین ساڵ لە یەکێک لە فەرمانگە حکومییەکان باخەوان بووە و ئێستا خانەنشینە، بڕی مووچەکەی 325 هەزار دینارە و دەڵێت: لە ماڵەوە سێ سەر خێزانم و ئەو مووچەیە بەشی بژێوی ژیانمان ناکات، ئەوە جگە لەوەی مانگانە لەکاتی خۆیدا پێمان نادرێت.
وتیشی: لەبەرئەوەی تەمەنم هەڵکشاوە توانای کارکردنم نییە و بەئومێدین بە یەکخستنی مووچەکانمان لەگەڵ بەغدا وەک ئەوەی دەوترێت مووچەکەم زیاد بکات.
 بەپێی ئاماری یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش 272 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
سادق عوسمان وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان دۆخی خانەنشینان باش نییە لەبەرئەوەی مووچەکەیان کەمەو بەشی بژێوی ژیانیان ناکات، هەروەها شێوازی وەرگرتنی مووچە ناشارستانییە و چاوەڕوان دەکرێت بەجێەجێکردنی  یاسای خانەنشینی یەکخراو بەشێک لە گرفتەکانی خانەنشینان چارەسەر ببێت.كخراو دۆخی خانەنشینانی هەرێم باشتربێت

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان