د.نەرمین مەعروف:
گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەگوێرەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ و رێكەوتنی نێوان عیراق و هەرێم، چارەسەركراوە و ئەوەی هەیە كێشەی تەكنیكییە
تەها عەبدوڵڵا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایدەگەیەنێت: گرفتێكی ئەوتۆ لە ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستاندا نییە و دوای تەواوبوونی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی، مووچەی هەرێم دەنێرێت.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: گرفتێكی ئەوتۆ لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا نییە و ئێستا وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی خۆی دابەشدەكات و بەگوێرەی خشتەی مووچەش دوای تەواوبوونی مووچەخۆرانی عیراق، دواتر مووچەی هەرێم رەوانەدەكرێت.
باسی لەوەشكرد كە گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەگوێرەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ و رێكەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم، چارەسەركراوە و ئەوەی هەیە كێشەی تەكنیكییە، كە زۆرجار لە چۆنیەتی ناردنی لیستی مووچە و كاتی ناردنیان بۆ بەغدا دروست دەبێت.