پرۆفیسۆر نیاز بەیاتی: سەرقاڵی کاری هونەریی و خوێندن و ئەندازیاریی و دیزاینم

شاژنی دانیمارک دێت پێشانگەکانم دەکاتەوە

02:49 - 2024-08-01
ئەدەب و هونەر
244 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی: نەرمین عوسمان محەمەد

هەر کارێکم مێژووی خۆی هەیە و هەریەکەی گرنگی خۆی هەبووە و راستگۆیانە مامەڵەم لەگەڵ هونەرەکەم کردووە، چونکە بڕوام وابووە ئازاری رۆحی خۆمە

 پرۆفیسۆر نیاز بەیاتی، هونەرمەندێکی کوردە لەئاستێکی جیهانیی باڵادا و خاوەنی خەڵاتی (مەڵتی ئاڕتیست_Multi Artist) ی دانیمارکییە کە لە مێژووی وڵاتەکەدا تەنیا سێ کەس بە دەستان هێناوە، یەکێک لەوکەسانە ئەم هونەرمەندەیە، لەدوایین گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان دیدرارێکی هونەریی چڕ و پڕیان لەگەڵدا ساز کردووە، لەبەر گرنگی دیدارەکە پێمان خۆش بوو بەشێک لەو دیدارە لە ئەدەب هونەری کوردستانی نوێ دا بڵاو بکەینەوە.

• بەهۆی زۆریی کار و بەهرە جوانەکانتەوە پێمان خۆشە بەرێزت خۆتمان پێ بناسێنیت
-ناوم (نیاز بەیاتی) یە، خەڵکی خانەقینم، ماوەی 38 ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژیم و لەماوەی ئەو ٣٨ ساڵەدا  سەرقاڵی کاری هونەریی  و هونەر و خوێندن و ئەندازیاری و دیزاین و ئەو جۆرە بابەتانە بووم و هەرچییەکم پێویست  بوو بێت چووم ئیشم تێدا کردووە
لەبەرئەوەی ئەوروپا جێگایەک بووە بۆ من،  یارمەتی زۆر داوم کە بەردەوامبم لەکارەکانم، کارەکانیشم جێگای خۆیان گرتووە، ئەوانیش زیاتر پێویستیان پێی بوو و پشتگیریی ئەوانیش زۆر بوو بۆ ئەوەی بەردەوامبم لەسەرکارەکانم.

• پێمان خۆشە لەسەرەتای دیدارەکەماندا پێناسەیەکی هونەرمان بۆ بکەیت، هونەر چییە؟
-من دەڵێم هونەر کۆمەڵە بابەتێکە، کۆمەڵە دەمارێکی تایبەتە لە مێشکدا کە بە یەکەوە گرتت شتێکی visual-بینرا و پێکدەهێنێت. ئیتر شتە بینراوەکە کارێکە یان رەنگە فیگەرێک بێت یان شێوەیەکە یان مۆسیقایەکە، ئەوە هونەرە تەعبیر لە خۆت دەکات بە شێوەیەکی دیکە کە ئەوانی تر نایناسن.

• بەڕێزتان بە Multi Artist  واتە هونەری فرە جۆر بەناوبانگن، چی وای لێکردن لەهونەردا بەو جۆرە قووڵ ببنەوە و لە هە موو بوارەکاندا کار بکەن؟
 کە چوومە زانکۆ لە دانیمارک لە دوای ماوەی کەمتر لە ساڵێک بانگێشتیان کردم لە زانکۆکەمەوە وپێیان گووتم: 'تۆ وادیارە تەنها بۆ ئەوە هاتوویت بڕوانامە وەربگریت و بچیتە دەرەوە، چونکە بینبوویان پێشانگەم لە مۆزەخانەی دانیمارکی هەیە، بۆیە دەیانزانی لە کوێم و بۆ کار دەگەڕێم، منیش لە وەڵامدا گووتم : "نەخێر من هاتووم فێر ببم و بخوێنم" لەدوای ئەوە پێیان گووتم: " ئەگەر تۆ بەڵێنمان پێدەدەیت لە کاتژمێر ٨ی بەیانی بۆ کاتژمێر ١٠ ی شەو لێرە بیت، بۆت هەیە بچیتە هەموو بەشەکان کار بکەیت،  ئەگەر حەزت لە بەشێک نەبوو بڕۆ لە بەشێکی دیکە کار بکە، ئەوەش بۆ من خۆشترین شت بوو، لەبەرئەوەی من وەکو منداڵ وام لە هونەردا چی ببینم کە نایزانم دەست ماچ دەکەم تاوەکو فێری ببم، بۆیە بەشەکان کە جیاوازییان هەبوو، منیش دەچوومە هەموو بەشێک فێر دەبووم بۆیە ئازاد بووم لەنێو بەشەکاندا و کاتێک زانکۆم تەواو کرد و دەرچووم لەدوای ساڵێک رۆژێکیان پیرۆزباییان لێکردم، وتم چی بووە؟ وتیان نەتبیستووە لە رۆژنامەکانەوە؟ وتیان تۆ قبووڵ کراویت وەکو
Multi Artist   منیش نەمزانی واتای ئەو وشەیە چییە، چووم خوێندمەوە ئینجا زانیم ئەمە خەڵاتێکە کە خۆیان دەڵێن لەهەر دوو ملیۆن کەس کەسێک وەریدەگرێت و لە مێژووی وڵاتەکەدا تەنها سێ کەس وەریانگرتووە و منیش یەکێکم لەو سێ کەسە کە وەرمگرتووە و لە ژیانیشدا ماوم، چونکە دووکەسەکەی دیکە کە وەریان گرتووە کۆچی دواییان کردووە و ئەو خەڵاتەشم لە ساڵی 1991 دا وەرگرت، دوای ئەوەچوون هەموو کارەکانی منیان کۆکردەوە و هێنایانە مۆزەخانەیەکی زۆر بەناوبانگ کە ناوی"کۆڵدینک هوس"ە و پێشانگەیەکی لێیە منیان کردە میوانی و لەوێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان بۆ کردم سەبارەت بەوەی بۆچی من پەسەند کراوم و لەوپێشانگایەدا کە لەسەر پێگەی ئەنتەرنێتدا هەیە کۆی ماتڕیاڵەکانی کارەکانم نیشان دەدات کە بوونەتە مایەی هەڵبژاردن و پەسەند کردنم بۆ خەڵاتەکە.

• هۆکار وپاڵنەری ئەوەی دوو کۆلیژ بە پلەی یەکەم ببڕن و لە هەمووبوارەکانی هونەردا بە تێکەڵاوی کار بکەن چی بوو؟
هۆکاری ئەوەیە من کە لێرە بووم بەراستی دەرکرام لە ئەکادیمیا بۆیە خەونێکی گەورەم هەبوو بڕۆمەوە و خۆم بگرمەوە و لەلام عەیبە بوو لەناو کەس و کارمدا هەموویان دەبوون بەخاوەن پلە وپێگە و منیش تەنها کەسم لەنێوانیاندا کە سەرقاڵی هونەرم و هیچیشم بە هیچ نەکرد، بۆیە کە چوومە ئەوروپا گرێیەکی زۆر گەورەم هەبوو دەمویست بگەم و نیشانی بدەم کە من دەتوانم ئەگەر ئازادم بکەیت خەریکی هونەر ببم و هەربە هونەریش بەرز ببمەوە، لەوێ بینیم بەراستی ئەوان رێزی زۆر گەورەیان هەیە بۆ هونەرمەند ئەگەر بەتایبەتی خۆت بە توانا بیت، لەوێ دەڵێن ئەگەر سەد دکتۆرمان پێویست بێت ساڵێکی دیکە یان دوو سێ ساڵی دیکە ئێمە سەد دوکتۆر دروست دەکەین، بەڵام یەک هونەرمەندمان بۆ دروست ناکرێت ئەگەر خۆی ئامادە نەبێت، بۆیە کە ئەو بوارەم بینی منیش وەکو منداڵێک بووم، چۆن ئێستاش هەر وەکو منداڵێک خۆم دەبینم لە هونەردا چونکە هونەر زۆر گەورەیە تەنها ئەوە نییە کە تۆ یەک کار بکەیت و تەسەور بکەیت ئیتر تەواو گەیشتیتە کۆتایی، چەندێک بڕۆی بۆی هەموو جارێک ئەوەندەی دیکە دەزانیت کە کەمت زانیووە بۆیە منیش مەجبور بووم بچم ئەو هەموو بڕوانامەیە بەدەست بهێنم.

• هەندێکجار کارەکانت بە بواری مێژووی کوردەوە بەستۆتەوە و هاوکات پەیکەرێکیشت هەیە بە ناوی "کورد و نەهامەتییەکانی، ئامانج لەمە چییە؟
• بۆ کورد بوون ئەوە من هەر کوردم لەهەر دۆخێکدا بێت کە لێکچەرەکانیشم دەڵێمەوە لە ئەوروپا هەمیشە بەو ناونیشانەوە دەیڵێمە و تاوەکو بزانن کوردیان پشت گوێ خستووە و بایەخ بەوە نادەن، بۆیە کە دەبینن کە من مامۆستای زانکۆم یان پێشانگایەکی گەورە دەکەم یاخود شاژنی دانیمارک دێت پێشانگەکانم دەکاتەوە، بۆیە ناچارم یەکسەر باسی ئەوە بکەم وەکو هونەرمەندێکی کورد بەو هەموو کارەساتەی ئێمەوە دەتوانین  هەموو شتیک بکەین وە ئیش لەسەر ئەوە زۆر دەکەم، پاشان ئەوە ژیانی منە، بۆیە ناتوانم لێی رابکەم و ناچارم کار لەسەر ئەوانە بکەم .
• هۆکاری کۆچ کردنت بۆ هەندەران چی بوو وە تاچەند کوردەکان لە هەندەران بە پێشوازی کارەکانتەوەن و سەردانی پێشانگاکانت دەکەن؟
لە دوای دەرکردنم لە ئەکادیمیا ماوەیەک چووم بۆ شاخ و دوای ئەوە چووم بۆ ئێران و لەوێ بۆ ماوەی یەک ساڵ دەستم بەسەردا گیرا، هەر لە ئێراندا کۆمەڵێك هاوڕێی ئازیزم بۆ پەیدا بوو، پێکەوە بووین و سەرقاڵی کاری هونەری بووین لە ئۆردوگادا، تاوەکو گەیشتمە خاڵی سفر و هیچم بەدەستەوە نەما و ناچار بووم بچمە دەرەوە و لەوێش تەنها یەک بیر و باوەڕم هەبوو کە پێویستە من خۆم بە شتێک بگەیەنم و بتوانم بڵێم ئەمە منم و نەمردووم جارێ .

• ئایا هونەر دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە پەروەردە کردنی کۆمەڵگادا؟
نموونەی زۆر تایبەتم لەلایە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ نموونە ئێستا لە ستۆدیۆیەکی زۆر بەناوبانگ کار دەکەم و وانە دەڵێمەوە، پێنجشەممان خۆپیشاندان دەکەین و دەتوانین لە ماوەی یەک دوو هەفتەدا دە هەزار کەس بهێنینەسەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دژی یاسای رامیاری وڵات ئەنجام بدەین، یاخود چووینە پاریس و دامانخست دژی دەسەڵات و حزبێک لەوێ کە زۆر رەخنەی لە بیانییەکان دەگرت، بەواتای ئەوەی کە ئێمە بتوانین ئەوەندە  خەڵک بهێنینە سەر شەقامەکان کەواتە ئێمە توانیومانە کە بگەینە ئەوان و وایان لێ بکەین تێبگەن لە ئیشەکانی ئێمە کە مەرج نییە ئەو ئیشانەی ئێمە  هەموو کات خەڵك قایل بکات بەڵكو هەندێک جار خەڵك تۆڕە دەکەین تاوەکو لەماڵەکانیان بێنە دەرەوە و قسەی خۆیان بکەن، ئێمە ئەوە گرنگە بۆمان، چونکە ئێمە دەڵێین هونەر با هەر لە ماڵەوە نەبێت بۆ خۆت و ئەوەی کە دەیکڕێت،  بەڵکو بابێتە دەرەوە قسە لەگەڵ خەڵکدا بکات و هەمیشە روو لەو کارانە دەکەین ئێمە.

•لەپێشانگەی مالمۆدا دەفەرمویت: "ئەمە  تەنها دەرفەتێک نەبووە بۆ نمایش کردنی کارە هونەرییەکانم، بەڵکو سەکۆیەکی گرنگ بووە  بۆ گفتو گۆکردن لەسەر پرسە مرۆییەکان و باس کردنی مافەکانی ژن و ژن کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، ئامانجت لەم وتەیەت چییە و تاچەند پشتگیریی لە ژنان دەکەیت؟ 
بەراستی کە لەسەر دۆخی خۆمان لە کوردستان دەبیستم کە کەسێک دەکوژرێت خەفەتی پێ دەخۆم، چۆن گەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی  یەکێک هەڵدەستێت بە کوشتنی خوشکی خۆی یان بەناوی شەرەفەوە، من ناوم ناوە کوشتنی ناشەرەف، شەرەفی تێدا نییە ئەوە راستی یە ئەوە ئازایی تێدا نیە، بۆیە من نەمتوانی خۆم بگرم و بڕیارمدا و گوتم بەهەر ناوێک ژن دەکوژرێت من دەبێت پەیکەرێک بکەم و دایبنێم و  لە دنیادا هاواری ئەوە بکەم کە ئەم بابەتە گرنگ نییە لە وڵاتی مندا هەیە یان لە وڵاتێکی تربێت پێویستە باس بکرێت و رەخنەی لێ بگیردرێت و پێشانگەی بۆ دروست بکرێت و زۆر کەس بوێریی ئەوەی نییە، لەبەر ئەوەی من لەو باسەدا زۆر دەچمەوە ناو کەلتوور و ئاین و باسی ئەوانە دەکەم، بەڵام من بە راستی ئەوەم دەوێت و بایەخ نادەم و باڵیۆزی یونیسکۆش هات زۆری پێ خۆش بوو کە من ئەو جەنگە دەکەم و ئێستا ئەوان دەیانەوێت  پشتگیری بکەن و پێشانگە کە بە هەموو جیهاندا بگێڕن و باس لەو بابەتە بکرێت کە کەس باسی ناکات، تەنانەت لە ئەوروپاشدا ئەو گرفتە هەیە بەڵام کەس بوێریی نیە باسی بکات و من بە راستی لە بوێریدا باسی ناکەم بەڵکو لە داخدا دەیکەم لەبەر ئەوەی مەعقول نیە گەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی کەسێک دەستی بچێتە ئەوەی کچی  یان ژنی یان خوشکی خۆی بکوژێت.

• لە رێگای دەست رەنگینی یان لە رێگای خوێندنی زانکۆ و خوێندنەوەوە گەیشتوونەتە ئەم ئاستی پرۆفیسۆرییەی کە هەتە لە بواری هونەریدا؟
بەراستی من هەر دەست رەنگین بووم، یەکەمین پێشانگە کە کرایەوە بۆم لەتەمەنی پێنج ساڵیدا بووم، لەبەرئەوەی کە بینیان من بە شێوازی سێ رەهەند کار دەکەم و منداڵەکانی دیکە هەموویان کارەکانیان دەچەسپاندە سەر تەختەیەک بەڵام من یەکسەر درووستم دەکرد، رۆژانە دەچوون رەسمەکانیان دەگۆڕی تاوەکو بزانن من هەر دەتوانم بیکەم، هەر بینیان من هەر دەیکەم بە سێ رەهەندی دوای ئەوە چوون وێنەی چەند ئاژەڵ و دایناسۆڕێکیان هێنا من نەمدیووە وتیان بەڵکو  نەیناسم و نەتوانم بیکەم، ئەوە بوو ئەوانەیشم کرد، بەو شێوەیە یەکەمین پێشانگەی من کرایەوە، بۆیە هەموو ژیانم هونەر بوو، بەس بەداخەوە لە کەلتوورێکەوە نەهاتووم کە پشتگیریم لێ بکەن، هەمووی پێی ناخۆش بوو کە بووم بە هونەرمەند، هونەرمەندیی عەیبە بوو، دەبوایە ببیت بە ئەندازیار یان پزیشک .

• چۆن دەتوانیت هەموو بەهرەکانت بەیەک ئاست پەروەردە بکەیت، چونکە بەڕێزت کارکردنت هەمەڕەنگ و قوڵە؟
هەمان ئەم پرسیارە خوێندکارەکانیشم لێم دەکەن و دەڵێن کام لە بوارەکانی کارەکەتت حەزلێیە؟ بڕوات بێت ئێستاش نازانم بە ماوەیە، ماوەیەک بەبرۆنز کاردەکەم، دوای ئەوە ئیش بە کاغەز دەکەم، دوای ئەوە بەتابلۆ دوای ئەوە بەجل و بەرگ، دوای ئەوە ئیش بە دیزاین دەکەم، هەموو تابلۆکانم و کاری شێوەکارییە، کاغەزەکان خۆم دروستی دەکەم و ئەوەی کە بخورێت و توێکڵەکەی فڕێ بدرێت، تۆ دەتوانیت کاغەزی پێ دروست بکەیت، بۆیە بەهەزارانم لەو جۆرە کاغەزە هەیە ولە ساڵانی پێشوودا پێشانگایەکم کردەوە لە ئەمنە سوورە کە هەمووی کاغەز بوو.

• هیچ کارێکی نوێت هێناوەتەوە بۆ کوردستان؟
بە داخەوە کارەکانم قورسن و هێنانەوەیان بارێکی  قورسە.

• چ کارێکی خۆت بەلاتەوە خۆشەویستە و بەلاتەوە جوانە و شانازی پێوە دەکەیت؟
 هەر کارێکم مێژووی خۆی هەیە و هەریەکەیان گرنگیی خۆی هەبووە و راستگۆیانە مامەڵەم لەگەڵ هونەرەکەم کردووە چونکە بڕوام وابووە ئازاری رۆحی خۆمەبەڵام هەر کارەو دۆخی خۆی هەیە بەڵام لە ئێستادا ئەو کارەی کوشتنی ژن زۆر بە شانازی و زەوقێکی گەورەوە کاری لەسەردەکەم لەبەر ئەوەی دەمەوێت بگەم ودوای ئەوەش سێ چوار کارم هەیەلەسەر کۆڵبەرەکان کە لەسەریشم نووسیوە ئەو بابەتە کە کارەساتێکی گەورەیە و زۆر بە ئاگام لێی و دانیمارکییەکان ئێستا زیاتر لە کورد ئەو کارانەم بۆ کۆڵبەرەکان دەکڕن لەبەر ئەوەی دەڵێن شتێکی زۆر تایبەتییە.

• گۆزەیەکت بە دیاری پێشکەش بە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کردووە، چیرۆکی ئەو گۆزەیە چییە؟
ئەو گۆزەیەم لە پای پشتگیری بەڕێزیان بۆ من کە لێرە بووم بە دیاری پێشکەش کردووە و چەند دێڕێکم لە شیعری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بۆ لە سەر نووسیوە.

• لەگەلەری ئاری لە شاری سلێمانی هونەرمەندانتان کۆکردەوە، پێتان باشە ئەمە ببێتە کەلتوور و هەر جارەو لەگەڵ کۆمەڵە هونەرمەندێکی دیاری ئەم شارەدا کۆبوونەوە بکەن بە مەبەستی  ئاڵو گۆڕی بیر و راکانتان؟
دەبێت و زۆر گرنگە ئەم کۆبوونەوانە بکرێت، بە تایبەتی لە شاری سلێمانیدا کە شاری رۆشنبیرییە، تەنانەت دەتوانین لەوێوە رکابەری بکەین و هاوشێوەی ئەوروپا بەهەر شێوازێک بێت سەرنجی خەڵک بەلای هونەردا رابکێشین، ئەمە زۆر گرنگە.

• چ ئامۆژگاریەکت هەیە بۆ گەنجەکانمان کە دەچنە ئەوروپا بۆئەوەی خۆیان پەروەردە بکەن؟ 
منیش هەمان قسەی ئەوروپیەکان دەکەم کە دەڵێن زمانەکەم پردێکە لە نێوان من و تۆدا، ئەگەر ئەو پردە دروست نەکەیت هەرگیز ناتوانیت بێیت بۆ لای من بۆ نموونە لای ئێمە لە دانیمارک چەندین زمان بزانە کە دانیمارکیت نەزانی وەڵامت نادەنەوە، بۆیە کلیلی سەرکەوتنی ئێمەی کورد لە ئەوروپا فێربوونی زمانە کە خۆشبەختانە ئێمە زمانەکەمان هەندێک دەنگی تێدایە، هاوکاری فێر بوونی زمانە بیانییەکانمان دەکات بە ئاسانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان