بۆ یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لە یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی خوشک و برایانی ئێزدیمان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، سەری رێز لە ئاست قوربانیانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنین.
دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا، هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە، هێشتا بیری توندڕەوی و قبوڵنەکردنی جیاوازییەکانی یەکتر کە هۆکار و سەرچاوەی تیرۆر و جینۆساید و سڕینەوەی جیاوازییەکانن بەردەوامە.
دوای 10 ساڵ نیگەرانین کە هێشتا کاری پێویست نەکراوە بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان. نیگەرانین کە هێشتا وەک پێویست قەرەبووی قوربانییەکان نەکراوەتەوە.
هەرچی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان لەپێناو ئارامبوونەوەی تەواوەتی شەنگال و دەوروبەری و بەرقەراربوونی ئاسایش و ژیان و گوزەرانی خوشک و برایانمان لەو ناوچانە.