3ى ئاب، یادی جینۆسایدی ئێزدییەکان

11:40 - 2024-08-03
کوردستان
274 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 3ی ئاب، 10 ساڵ بەسەر داگیرکردنی شەنگال لە لایەن چەکدارانی داعشەوە تێدەپەڕێت، کە بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان لەو تاوانەدا زیاتر لە 100 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون و زیاتر لە شەش هەزاری دیکەش کەوتنە ژێر دەستی داعش، تائێستاش چارەنووسی سەدانی تر نادیارە.
دوای نزیکەی دوو مانگ لە داگیرکردنی موسڵ، بەرەبەیانی رۆژی 3ی ئابی 2014 شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە قەزای شەنگالی سەر بە پارێزگای موسڵ رووی دا، قەزاکە کەوتە دەست چەکدارانی داعش و هێزی پارتی فەرمانڕەوا رای کرد و لە سەعات (10)ی سەرلەبەیانی، قەزای شەنگال لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بەتەواوەتی داگیرکرا.
راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو بارەیەوە دەڵێت، فەرمانی قەتڵوعامی داعشیانە هەزاران هەزار کەسی ئێزدی کردە قوربانی و سەدان لە کچان و ژنانی سەربەرز و رووسووری وڵاتەکەمانی بە کۆیلە و کەنیزەک برد. 
بە داخەوە لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدیان لە بەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا بە تەنیا هێڵرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی کارەساتەکەدا، وێرای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە دەستوبرد هێڵێكی بەرگریی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروستکرد بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوەی لە توانادایە.
دوای داگیرکردنی قەزاکە، کوردانی ئێزدی پەنایان بۆ چیای شەنگال برد و دوای (10) رۆژ مانەوە، بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، توانرا رێگەی دەربازبون بۆ ئەو هاووڵاتیانە بکرێتەوە و بەشێکی زۆریان دوای گەیاندنیان بە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیان لە رێگەی دەروازەی سێمێلکاوە گەیندرانەوە باشووری کوردستان.
وێڕای ئەوەی ژمارەیەک لە کوردانی ئێزیدی بەهۆی سەرما و سەختی چیاکەوە گیانیان لە دەستدا، بەڵام لە کۆتاییدا توانرا دەرچەیەک دروست بکرێت بۆ زرگارکردنیان لە دەستی داعش.
بەشێکی دیکە لە کوردانی ئێزیدی رویان لە رۆژئاوای کوردستان کرد کە ژمارەیان نزیکەی (10) هەزار کەس بوو، تائێستاش ژمارەیەکیان لەوێ ژیان بەسەر دەبەن.
ئێستاش دوای 10 ساڵ لە داگیرکردنی شەنگال، هێشتا ئەو قەزا کارەستبارە ئاوەدان نەکراوەتەوە، زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، شارەکە لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێبەشە و هەندێکجار دەوترێت بە هۆکاری سیاسی رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت.
شەنگال، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و نزیکەی 120 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە و بە دوەم گەورەترین قەزای عیراق دادەنرێت، دانیشتوانەکەی زیاتر لە 200 هەزار کەس دەبێت و رووبەرەکەی 3188 كیلۆمەتر دوجایە و 85% ی دانیشتوانەکەی سەر بە ئاینی ئێزیدین.
سەرچاوەکان، مێژووی شەنگال بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێننەوە، بە جۆرێک لە ساڵی 1075 ی زایندا ژمارە‌ی‌ دانیشتوانە‌کە‌ی‌ زیاتر لە‌ 30 ھە‌زار کە‌س بووە، لە ساڵی 1394 ژمارە‌ی‌ خانووە‌کانی‌ زیاتر لە‌ 35 ھە‌زار بووە.


#ئێزدییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان