راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
گۆی زەوی لە چەند چین و پلێتێك پێکهاتووە، هەندێكجار بەهۆی لێكترازان، یاخود لەیەك نزیكبوونەوە و لەیەك دووركەوتنەوە بەیەكدا دەخشێن، ئەم بەریەك كەوتنەش بەهۆی زەبر و زیادی كەنارەكانیانەوە لەیەک گیردەبن و دەبنەڕێگر لە بەردەم جوڵەكەدا، پاشان ئەو هێز و فشارەی دەبێتە هۆی تێکشکاندنی بەرهەڵستییەکە، جوڵەیەکی کتوپڕی لێدەكەوێتەوە، پێی دەوترێت بومەلەرزە، جیاواز لەوە هەندێكجار بەهۆی چالاکی مرۆڤەوە روودەدات، وەک تاقیکردنەوەی چەکی بەهێز و ناوەکی، یاخود تەقاندنەوەی کانەکان.
سەرکاو فیروز پسپۆڕ لە ئاو هەوا و ژینگە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی زانستی نییە، باس لە رێگریكردن بكات لە روودانی بومەلەرزە، بەڵام دەتوانرێت هۆکارە مرۆییەکان کەم بکرێنەوە، کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە روودەدەن، وەک لێدانی بیری ئاو لە نزیک یەکتر و وشککردنی خەزانی ئاوی ژێر زەوەی، یاخود وشککردنی چاڵە نەوتەکان و تەقاندنەوەی کانەکان و بەکارهێنانی چەکی ناوەکی.
وتیشی: هەرێمی كوردستان لە رووی زانستییەوە ناکەوێتە سەرهێڵی بومەلەرزەی مەترسیدار، بەڵکو لەسەر هێڵی بومەلەرزەی زاگرۆسە و ئەمەش جێی مەترسی گەورە نییە.
پێوەرەکانی بومەلەرزە
لە دونیادا ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر ناوچەی بەیەک گەیشتنی دوو پلێتی ژێر زەوی، بەردەوام مەترسی روودانی بومەلەرزەیان لەسەرە بە پلەی جیاواز، سەرکاو فیروز پسپۆڕ لە ئاو هەوا و ژینگە دەڵێت: بەشێكی سنووری هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نزیک بەیەک گەیشتنی هەردوو پلێتی عەرەبی و فارسی، وەک دەربەندیخان و هەڵەبجە و نزیک سلێمانی تا ناوچەکانی نزیک قەندیل بۆ خاکی تورکیا لەسەر هێڵی بومەلەرزەن و مانگانە چەندین بومەلەرزەی هێواشیان تێدا تۆمار دەکرێت، بەهۆی بەریەک کەوتنی پلێتی عەرەبی و فارسییەوە، بەڵام جێگەی مەترسی نین و زۆربەی کات مرۆڤ هەستیان پێناکات، تەنها لەلایەن پێوەرەکانی کەشناسییەوە تۆمار دەکرێن.
وتیشی: پلەكان لە یەک بۆ 10 پلەی رێختەر دەست پێدەکات، بەجۆرێک (1-4) تەنها هەستی پێدەکرێت و هیچ زیانێکی نییە، (4-6) مام ناوەندە و زیان بە باڵەخانە و کۆشکەکان دەگەیەنێت (7-10) پلەی رێختەر بە مەترسیدار هەژمار دەکرێن و وێرانکەرە.
خۆپارێزی لەکاتی بومەلەرزە
ئەو پسپۆڕەی ئاو و هەوا رێنمایی هاووڵاتیان دەکات لەکاتی بومەلەرزەدا چۆن خۆیان بپارێزن و دەڵێت: هاووڵاتیان ئەگەر لەناو ماڵ و باڵەخانەدا بوون، هەوڵبدەن بڕۆنە دەرەوە، یاخود رۆشتنە ژێر مێزێکی بەهێز یان راگڕێک کە بتپارێزێت لە کەوتنی تەنە هەڵواسراوەکان بەسەر جەستەدا، هەروەها دووركەوتنەوە لە پەنجەرە و ئەو کەرەستانەی ناوماڵ، کە پێکهاتەی شووشەن.
وتیشی: ئەگەر هاووڵاتیان لە دەرەوەی ماڵ و باڵەخانەکاندا بوون، پێویستە لە باڵەخانە و بینابەرزەکان و ستوونی کارەبا دووربكەونەوە، هەروەها ئەگەر لەکاتی شۆفێریدا بوویت خێراییەکەت کەم بکەرەوە و لە شوێنێکی گونجاودا ئۆتۆمبێلەکەت رابگرە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە کەناری دەریا و رووبارەکان، چونكە ئەگەری روودانی توسۆنامی بەهێزە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو لە کەناراوەکاندا، هەروەها هاووڵاتیان دەبێت خۆیان بە دووربگرن لە پۆستەری هەڵواسراو و پرد و ئەندەرپاسەکان.
پسپۆڕی ئاو هەوا و ژینگە:
هەرێمی كوردستان لە رووی زانستییەوە ناکەوێتە سەرهێڵی بومەلەرزەی مەترسیدار