شارەزایانی بواری ئابووری و بازرگانی بۆ کوردستانی نوێ:

بڕیاری بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا نەبوو

10:41 - 2024-08-05
ئابووری
182 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی: تەها عەبدوڵڵا

بۆ ئەوەی حكومەت ناچار نەبێت بڕیار لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بدات بۆ دابینکردنی خەرجیی گشتی، پێویستە رێژەی هاوردە كەم بكاتەوە و هەناردە زیادبكات، ئەمەش بێگومان پلانی درێژخایەن و ستراتیجی پێویستە


دوای دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2020دا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی كۆڕۆناوە، بانكی ناوەندیی عیراق بە ئامانجی پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەی ساڵانە و دابینكردنی خەرجییەكانی حكومەت، بەهای 100 دۆلاری ئەمەریكی لە 118 هەزار دینارەوە بۆ 146 هەزار دینار بەرزكردەوە، دوای دووساڵ بانكی ناوەندی لە بڕیاركی دیكەیدا بەهای دۆلاری لە 132 هەزار دیناردا جێگركرد.
بە بۆچوونی شارەزایانی ئابووری و بازرگانی و مامۆستایانی زانكۆ ئەو هەنگاوەی بانكی ناوبراو ئەگەر ئەو كات بۆ حكومەت‌ و بەرێوەبردنی كارەكانی سوودی هەبووبێت، ئەوا زیانی زۆری بە هاووڵاتییان، بە تایبەتی مووچەخۆران گەیاند و بەهۆیەوە نرخی خۆراك و كاڵاكان بەرزبۆوە و هەر بەهۆی ئەو بڕیارەی بانكی ناوەندیشەوە لەو کاتەوە بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەكان سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە.
کەمبوونەوەی داهات
د. ئیدریس رەمەزان مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری ئابووری لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بڕیاری بانكی ناوەندیی عیراق لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوكات داهاتی عیراق زۆر کەم بۆوە، لەبەرامبەردا خەرجییەكانی زیادیكرد، بۆیە بۆئەوەی ئەو كورتهێنانەی لە بودجەدا دروست ببوو پڕیبكاتەوە و خەرجیی بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەت و دابەشكردنی مووچە دابین بكات، بڕیارێكی لەوجۆرەیدا. 
ئاماژەی بەوەشكرد: لەهەموو حاڵەتەكاندا نەدەبوو بانكی ناوەندی بڕیاری بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بدات، چونكە هاووڵاتییان زەرەرمەندبوون ‌و نرخی كاڵاكان بەرزبوونەوە، بۆیە دەبوو حكومەت و بانكی ناوەندی لەو بارودۆخەدا رەچاوی بەرژەوەندیی خەڵك بكەن.
پشتبەستن بە نەوت
ئەو مامۆستایەی زانكۆ روونیشیكردەوە: بۆئەوەی حكومەتی عیراقی، یان هەر حكومەتێكی تر ناچار نەبێت بڕیار لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەكەی خۆی بدات، پێویستە بۆ بەدەستهێنانی داهات تەنیا پشت بەیەك سەرچاوە نەبەستێت، وەك ئەوەی لە عیراق بەڕێژەیەكی زۆر پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، كاتێكیش نرخی نەوت دادەبەزێ، ئیتر وادەكات داهات كەمبێتەوە‌ و بیر لە بڕیارێكی ناچاری لەوجۆرە بكرێتەوە، بۆیە بەبوونی سەرچاوەی زیاتری داهات، رووداوە سیاسی و ئابوورییەكان كاریگەریی ئەوتۆیان نابێت و داهاتی وڵات بەو جۆرە كەم نابێتەوە، کە حكومەت نەتوانێ خەرجییەکانی خۆی دابین بكات.
بازرگانانیش زیانیان بەركەوت
لەسەرهەمان بابەت، كامەران سەڵاح سەرمایەدار ‌و جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی‌ و پیشەسازیی هەولێر ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: بڕیاری بانكی ناوەندیی عیراق لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار وایكرد بازاڕ سەقامگیریی لەدەست بدات‌ و نەتوانرێ جارێكی تر بەهای دینار كۆنتڕۆڵ بکرێتەوە، نموونەش بۆ ئەوە كاتێك بانكی ناوەندیی 100دۆلاری بەرامبەر 146هەزار دینارجێگیركرد، لە بازاڕ بوو بە 160 تا 165 هەزار دینار، لەم حاڵەتەشدا سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتییان ‌و مووچەخۆران زەرەرمەندبوون، هاوكات بازرگانانیش زیانیان بەركەوت، چونكە چەندە بەهای دینار بەرزبێت فرۆشیان زیاتر دەبێت.
وتیشی: دوای بڕیارەكەی بانكی ناوەندی و كاردانەوەكانی بەرزبوونەوەی نرخەكان لە بازاڕ، عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا ‌و وڵاتە پەیوەندیدارەكان، هەوڵیاندا بارودۆخەکە رێكبخەنەوە بەڵام نەیانتوانی، هەرچەندە جارێكی تر بانكی ناوەندیی عیراق لە كۆتایی ساڵی 2023دا و بە بڕیارێکی دیکە، بەهای 100 دۆلار كردەوە بە 132هەزار دینار، بەڵام ئەمجارەش بینیمان لە بازاڕەكان 100 دۆلار نزیكە لە 150هەزار دینار.
پێویستی بە بەهێزكردنی ئابوورییە
جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازیی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: بەرزكردنەوەی داهاتی ناوخۆ و دابینكردنی خەرجییەکان بە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە بەهێزكردنی ئابووریی وڵات‌ هەیە، ئەویش لەرێگای گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ ‌و گەشتیاری ‌و پیشەسازی ‌و رێگری لە گەندەڵی و بەهەدەردان، بەمەش داهاتی ناوخۆ بەرزدەكرێتەوە، هاوكات رێگا لە چوونەدەرەوەی پارەیەكی زۆر دەگرێت، بە پێچەوانەوە پارەی دەرەوە دێتە ناوخۆ، دواجار وڵات دەبێتە خاوەنی یەدەگێكی زۆر لە دراو و زێڕ.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی ئێستا دەكرێت لە عیراق هەڵەیە، چونكە بانكی ناوەندیی حكومەتی فیدراڵ ناتوانێ تاسەر بەردەوامبێت لە خستنەڕووی بڕی 275 ملیۆن دۆلار بە شێوەیەكی رۆژانە، بۆ ئەوەی بەهای دینار رابگرێت، چونكە سەرچاوەی ئەو دۆلارەی دەیخاتەڕوو دیارە لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەكەوێت، بەڵام ئایا فرۆشتنی نەوت بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام دەبێت‌ و نرخەكەی بەو جۆرە دەمێنتەوە؟ بۆیە ئەم رێگایە گرەنتی راگرتنی بەهای دینار ناكات.
خستنەڕووی دۆلار كەموكووڕی تێدایە
پێشیوابوو: تەنانەت لە خستنەڕووی دۆلاریش هەڵە و كەموكووڕی هەیە، كاتێك رۆژانە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕ، هەموو ئەو پارەیە بۆ كڕینی كاڵا بەكار ناهێنرێت، بەڵكو لە نێوان بانكەكاندا ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت و تەنیا چەند كەسێك لە جیاوازی نرخی دراوەكان سوودمەند دەبن، ئەمەش زیانێكی زۆر بە ئابووریی عیراق دەگەیەنێت، چونكە بەم جۆرە ساڵانە نزیكەی 50 ملیار دینار لەرێگای خستنەڕووی بانكی ناوەندییەوە دەچێتە دەرەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دۆلار لە ناوخۆی وڵات و نزمبوونەوەی بەهای دینار.
هەرپەیوەست بەو بابەتە نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بڕیاری بانكی ناوەندیی عیراق لە ساڵی 2020دا تایبەت بە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بڕیارێكی ناچاری بوو، ئەگەر ئەوەی نەكردایە ئابوورییەكەی ئەوەندەی تر خراپتر دەبوو، كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت ‌و كەمبوونەوەی داهاتەكانی لەو كاتانە رووبەرووی بۆوە.
دەبوو مووچەش بەرز بکاتەوە
وتیشی: لە دەركردنی بڕیارێكی لەو جۆرەدا پێویستە حكومەت پلانی پێشوەختەی هەبێت، چونكە لەهەر دابەزنێكی بەهای دراودا هاووڵاتییان زەرەرمەندی یەكەم دەبن، بەتایبەتی مووچەخۆران و كاسبكاران بەو پێیەی ئەوان داهاتیان بە دینارە، بۆیە دەبوو لەگەڵ بڕیاری بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، مووچەی فەرمانبەران بەرزبكاتەوە و جۆرە هاوسەنگییەك لە نێوان خەرج و داهاتی هاووڵاتییاندا دروست بكات.
پێشیوابوو: دوای ماوەیەك لە دیاریكردنی 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 146هەزار دینار، بینیمان بانكی ناوەندی بڕیارێكی تری دەكرد، جیاوازییەكەی لە 146 هەزارەوە بۆ 132 هەزار دینار كەمكردەوە، ئەمەش لەئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهات بوو، بۆیە هەركاتێك بارودۆخی ئابووری و سیاسی سەقامگیربێت، داهات زیاد دەبێت و دەتوانرێ بەهای دینار بەرزبكرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی حكومەت ناچار نەبێت بڕیار لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بدات بۆ دابینکردنی خەرجیی گشتی، پێویستە رێژەی هاوردە كەم بكاتەوە و هەناردە زیادبكات، ئەمەش بێگومان پلانی درێژخایەن و ستراتیجی پێویستە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان