سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی موڵکی جەماوەرە دڵسۆزەکەیەتی

07:52 - 2022-06-25
کوردستان
343 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە مستەفا غەفور ئاغای ھەمەوەندی، کەسایەتی دیاری سنووری چەمچەماڵ و ژمارەیەک لە خزمانی عەشیرەتی هەمەوەندی.

لە دیدارەکەدا شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و رێبوار عومەر، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی چەمچەماڵ ئامادەبوون.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ستایشی مستەفا غەفور ئاغا و عەشیرەتی هەمەوەندی کرد کە رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی لە ناوچەکە و رایگەیاند، یەکێتی موڵکی ئێمە نییە، بەڵکو موڵکی جەماوەرە دڵسۆزەکەیەتی و هەر ئەوانیش بەردەوامیی پێدەدەن و درێژە بە رێبازەکەی دەدەن. دەرگاشمان بۆ هەموو کەس و لایەنێک کراوەیە کە دەیەوێت لە رێگەی ئەم حزبە تێکۆشەرەوە خزمەت بکات.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵ و پێگەی عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کرد و وتی، ئێوە رۆڵێکی گرنگتان هەبووە لەپاراستنی بەھا بەرزەکانی کوردەواری و پەرەپێدانی تەبایی و پێکەوەژیان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەچاوی رێزەوە لە هەوڵەکانتان دەڕوانێت و بەرز دەینرخێنین.

لە بەرامبەردا مستەفا غەفور ئاغای ھەمەوەندی سوپاس و پێزانینی خۆی گەیاندە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەردەوام هاوکار و پشتیوان بووە و هەمووکات هەوڵەکانی لەپێناوی چاکەی گشتیدا بووە.

 

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان