نەرمین عوسمان
گەشەپێدانی بەردەوام، زاراوەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتییە. لە ساڵی 1987 کۆمیسیۆنی برونتلاندی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەشەی بەردەوامی وا پێناسە کرد کە: دابینکردنی پێداویستییەکانی ئێستای تاکە بێ ئەوەی سازش لەسەر توانا و پشکی نەوەکانی داهاتوو بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان.
گەشەی بەردەوام، جەخت لەسەر خۆشگوزەرانیی تاک لەسەر ئاستێکی مەودای دوور دەکاتەوە، بەڵام گەشەکردن و گەیشتن بە خۆشگوزەرانیی تاک لەسەر ئاستی کورتمەودا و سیستمێکی نەرتیی، دۆزینەوەی چارەسەری کورتمەودایە بێ ئەوەی گوێ بدرێتە پارێزگاریکردن لە ژینگە و مەترسییەکانی دواڕۆژ.
لە ئەنجامی گەشەی خێرای ئابووری و ئەو کێبڕکێ ناسروشتییەی لەو پێناوە دەکرێت، بڵاوبوونەوەی جیهانگیری، بەکارهێنانی سەرچاوەکانی سروشت بە شێوەیەکی چاوچنۆکانە و بەبێ بیرکردنەوە لە نەوەی داهاتوو و پاراستنی ژینگە، بابەتی گەشەی بەردەوام بووەتە جێی بایەخ و چەمکێکی جیهانی و بەخێرایی بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەم چەمکە هێشتا لەڕووی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، یاسایی، سیاسیی و ژینگەییەوە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت وەک هەر چەمکێکی فەلسەفی، بەڵام هەموویان لە یەک مانادا کۆدەبنەوە، ئەویش دابینکردنی پێداویستییەکانی ئێستایە بەبێ ئەوەی دەست ببرێت بۆ پشکی نەوەکانی داهاتوو بۆ بەدەستهێنانی بژێوی و خۆشگوزەرانی.
گەشە و گەشەی بەردەوام، دوو هۆکاری گرنگن بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەیەک کە دادپەروەریی تێیدا بەرقەرار بێت. ئەو چەمکانەی کە گەشەی بەردەوام دەیانگرێتە خۆی، ئەمانەن: قەڵاچۆکردنی برسێتی لەسەر ئاستی جیهان، کەمکردنەوەی هەژاری، فەراهەمکردنی تەندروستیی باش و خۆشگوزەرانی، خوێندنی باش و کوالێتی بەرز بۆ هەمووان، یەکسانیی جێندەری، ئاوی پاک، پاکوخاوێنیی گشتی، وزەی پاک بە نرخی گونجاو، کاری شیاو و گونجاو، گەشەی ئابووری، دابەشکردنی خزمەتگوزاریی بەیەکسانی، کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی نایەکسانی لە جیهاندا، گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی، پاراستنی زەریا و دەریاکان و ژیان تیایاندا بە هەموو جۆرەکانییەوە، پێشخستنی چەمکی دادپەروەری و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە نێوان تاکەکان و کۆمەڵگەی بچووک و دەوڵەتان.
رەهەندەکانی گەشەپێدانی بەردەوام
گەشەی بەردەوام بەدی نایەت ئەگەر سێکتەرەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بەیەکەوە نەبەسترێنەوە.
*رەهەندی ئابووری: ئامانجی وەستاندنی بەفیڕۆدانی سەرچاوە ئابوورییەکانی ژێر زەوی و سەر زەوییە، هەروەها کەمکردنەوەی نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و سامان، بایەخدان بە یەکسانیی نێوان گەلان و دەوڵەتان لەسەر ئاستی جیهانیی، پێوەرە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن گەلانی وڵاتانی پێشکەوتوو ئاستی بژێوییان بەرزترە بەراورد بە گەلانی تازەپێشکەوتوو. لە ئێستادا نزیکەی 140 وڵاتی تازەپێگەیشتوو لە جیهاندا هەن، کە هەوڵی گەشەکردن و دابینکردنی پێداویستییە تایبەتییەکانیان دەدەن، بۆیە دەبێت وریا بن و پەلە نەکەن، بەبێ بەرنامە و پلان هەنگاو نەنێن، بەجۆرێک کار بکەن کە گەشەسەندنی ئەمڕۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی نەوەکانی داهاتوو نەکات، وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت، بەپەلە هەرچی لەژێر زەویدایە هەوڵی دەرهێنان و بەکارهێنانی دەدەن و رێگەی نادروست و بێپلان دەگرنە بەر. دەبێت هەوڵ بدەن هاوسەنگییەک بدۆزنەوە لە نێوان سیستمی ئابووری بەبێ کەمکردنەوەی یەدەگی سامانە سروشتییەکان، چونکە ئەم نەوەیە بەرپرسیارە لە پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
*رەهەندی کۆمەڵایەتی: یەکێکە لە ئامانجەکانی گەشەی بەردەوام و خۆی دەبینێتەوە لە: باشترکردنی پەیوەندیی نێوان سروشت و مرۆڤ، پەرەپێدانی خۆشگوزەرانیی خەڵک، باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی و پەروەردە و نیشتەجێبوون...هتد، گەشەپێدانی بەردەوام تەنیا گەشەکردن نییە، بەڵکو داهاتەکانیش بەشێوەیەکی ئاسایی دابەش دەکات و ژینگە نوێ دەکاتەوە لەجیاتی تێکدانی، مرۆڤەکان بەهێز دەکات و یەکسانی لە نێوانیان دروست دەکات. گەشەی بەردەوام، لەسەر بەکارهێنانی سەرچاوە سروشییەکان فشاری توند بەکاردەهێنێت، ئەویش بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێکچوونی ژینگە سروشتییەکان، چونکە تەنیا بیر لە ئێستا ناکاتەوە، دواڕۆژیشی وەک ئێستا بەلاوە گرنگە.
*رەهەندی ژینگەیی: ژینگەپارێزان، لە روانگەی خۆیانەوە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، جەخت لەسەر چەمکی سنووری ژینگەیی دەکەنەوە، بە واتای هەموو ئیکۆسیستمێکی سروشتی سنوورێکی دیاریکراوی هەیە و نابێت لە رووی بەکارهێنان و کەمبوونەوەوە تێپەڕێنرێت، هەر سەرپێچییەک، لە توانای سروشت کەم دەکاتەوە و ئیکۆسیستم تێکدەچێت. لەپێناو پاراستنی ئاو، هەوا، خاک، جۆرەکانی بایۆلۆژی، رێگری لە زیادبوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و تێکچوونی چینی ئۆزۆن و کەمبوونەوەی ناوچە سروشتییەکانی جۆرەکانی بایۆلۆژی، دەبێت هەوڵی کەمکردنەوەی خاشاک و مادە پیسکەرەکانی خاک و هەوا بدرێت و دارستانەکان و شوێنە سەوزەکان بپارێزرێن، جگە لەوانەش، پێویستە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک: نەوت و گاز و کانزاکان بە شێوەیەکی وا سوودیان لێ ببینرێت و بەکاربهێنرێن کە بەردەوامیی خۆیان بپارێزن.
لە گەشەی بەردەوامدا، دەبێت لە نێوان ئەو سێ رەهەندەدا هاوسەنگی دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت بیر لە بەرژەوەندیی گشتی بکرێتەوە و سیاسەت و یاسای ژینگەیی پەرەی پێ بدرێت و جێبەجێ بکرێت. هەروەها لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای ژینگەیی، پەروەردە و هۆشیاری، هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەت و رێکخراوە پەیوەندیدارە ناحکومییەکان وەبەرهێنان بکرێت و هەڵسەنگاندن و چاودێریی بەردەوام هەبێت. بە مانە و چەندین خاڵی تر، دەکرێت کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی تەندروست پێکبهێنرێت و ترسمان لە داهاتووی
نەوەکان نەبێت.