تەنها 30 خولەک پایسکل لێخوڕن

09:58 - 2022-06-26
ژینگە
713 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

لە وڵاتانای رۆژئاوا بەکارهێنانی پایسکل بۆتە پێویستیەکی رۆژانە و هەر تاکێکی کۆمەڵگا و ئەندامانی هەموو خێزانەکان پایسکلیان هەیە و جگە لە هۆکارێک بۆ گواستنەوە وەک ئارەزوو بۆ وەرزش و خۆ دورگرتن لە نەخۆشیەکان بەکاریدەهێنن. 
پاراستنی ژینگە
لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کۆمەڵە و رێکخراو و پارتەسیاسیەکان هانی خەڵک دەدەن، بۆ هاتوچۆی رۆژانەیان زیاتر پایسکل بەکاربهێنن و لە ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر و میترۆ دوربکەونەوە، چونکە پایسکل ژینگە پیس ناکات و قەرەباڵغی و ژاوەژاوی سەر شەقام و ناو شارەکانیش کەمدەکاتەوە، بەپێچەوانەوە ئۆتۆمبێل بەهۆی سوتەمەنیەکەیەوە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنێکی زۆر فڕێ دەدات و کار دەکاتە سەر پیسبونی ژینگە، بۆیە شارەوانیەکان ئێستا رێڕەوی تایبەتیان لە تەنیشت شەقامی ئۆتۆمبێل دروستکردووە تا پایسکل سواران بە ئیسراحەت پێیدا بڕۆن و تووشی کارەساتی هاتوچۆ نەبن، پارتی سەوزی ئەڵمانی ژینگەپارێز کە ئێستا لەناو هاوپەیمانێتی حکومەتی ئەڵمانیادایە پڕۆژەی دروستکردنی رێگای پایسکل و هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی و پیسێتی پایسکلی خستۆتە ناو پڕۆژەکانی حکومەت و بە پراکتیک کاری بۆ دەکات.
وەرزش
پسپۆڕان دەڵێن: بەکارهێنانی پایسکل لە دەرەوە یان لەناو یانە وەرزشیەکان باشترین وەرزشە، چونکە بە نەرمی و لەسەرخۆ هەموو ئەندامانی جەستە و ماسولکەکان دەکەونە کار و دەجوڵێن و گەشە بەخۆیان دەدەنەوە، ئەوانەی ئازاری جومگەکانیان هەبێت یان ئەژنۆ و دەست و قاچیان بێشێت ماوەیەک پایسکل لێبخوڕن ئازاریان نامێنێت یان کەمدەبێتەوە، خۆ ئەگەر ئەو وەرزشە لەناو سەوزایی و باخ و بێستانەکاندا بکرێت سوودی زیاترە و مێشک و دەماغ کاراتر دەکات، لەزەتێکی تایبەت دەداتە مرۆڤ و وەرزش بە دڵ دەدات و بۆ ژنانی دووگیان سوودەکەی زیاترە، کالۆریەکی زۆر دەسوتێ ئەمەش چەوری لەش دەتوێنێتەوە، وەزارەتی تەندروستی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، هەر کەسێک رۆژانە نیو سەعات پایسکل لێبخوڕێت و کەمێک ئاگاداری خواردنەکانی بێت، لەماوەی شەش مانگدا چەند کیلۆ لە کێشی دادەبەزێت. 
تەندروستی
رێنماییە تەندروستییەکان دەڵێن: پێویستە رۆژانە لانی کەم  نیو سەعات پایسکل بەکاربهێنین، توێژینەوەیەکی ئەڵمانی سەلماندویەتی ئەوانەی هەمیشە پایسکل بەکاردەهێنن و بە رێژەی %50 لە نەخۆشیەکانی دڵ دووردەکەونەوە و بەڕێژەی %53 ش خۆیان لەمردن دەپارێزن، جگە لەوەش مرۆڤ سیەکانی ئەکرێتەوە و زۆرترین هەوا دەچێتە ناو قورگ و دێتە دەرەوە، هەروەها هۆکارێکی باشە بۆ هاوسەنگی کۆلیسترۆڵ و جۆرە باشەکەی HDL زیاد دەکات و خەراپەکەشی کە LDLە کەمدەکات، دەرکەوتووە ئەوانەی فشاری خوێنیان بەرزە هەر رۆژەی نیو سەعات پایسکل لێ بخوڕن لە ماوەی سێ مانگدا بەڕێژەی %4,3 فشاری خوێنیان دابەزیوە و بۆ ماوەی شەش مانگیش بەڕێژەی %11,8 ، لە لێکۆڵینەوەیەکی دانیمارکیشدا دەرکەوتووە کە پایسکل سواران بە کەمی تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن، دەرکەوتووە بەکارهێنانی پایسکل بۆ ماوەی پێنج ساڵ  و هەموو رۆژێک ک لە 30 دەقیقە کەمتر نەبێت تووشی شەکرە نابن و ئەوانەشی خۆیان شەکرەشیان هەبێت بەڕێژەی %35 لە کەوتنە سەرجێگا و مردن دووردەکەونەوە، جگە لەو سوودانە زانستیانە دەرکەوتووە دەیان سوودی تری هەیە بۆ نموونە بۆ خەو خۆشی و پتەوبوونی بەرگری لەش و ئارەزوی ژیان و لەزەت وەرگرتن لە خواردن و گەشەسەندنی جەستەی مرۆڤ و جوانی و لەشساغی و بنیاتنانی لەشولارێکی رێکوپێک.

سەرچاوە: Rvaraam, T.Online

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان