هێشوو عەبدولكەریم حەسەن، لە ساڵی 2008 ەوە لە كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان كار دەكات، سەرەتا وەك ژمێریار دەستی بەكار كردووە، دواتر هەوڵەكانی خۆی چڕكردۆتەوە و توانیویەتی وەك ئامادەكار و پێشكەشكار و بێژەر دەربكەوێت و بەشداری چەندین خولی راگەیاندنی كردووە، هەواڵی سیاسی و ئابووری، بەرنامەی رەش و سپی، بەرنامەی بەیانیان، ئاوێنە، رێحانە، شرۆڤە و هەواڵ لە چالاكییەكانی ئەو خاتوونەیە. هەڵگری بڕوانامەی (تی ئۆ تی)یە، دبلۆمی لە دەروونزانی و كۆمەڵناسی هەیە و ئێستاش سەرقاڵی زانستی وزەیە و دبلۆمی هەیە لە زانستە ئیسلامییەكان.
سەبارەت بە پێشكەشكاری سەركەوتوو هێشوو عەبدولكەریم بە دوالاپەڕەی وت: پێشکەشكاری سەركەوتوو پێویستە ئاگاداری نوێترین زانیارییەكان بێت و رۆژانە خۆی ئەبدەیت بكاتەوە و بەردەوام بەشداری خولی راهێنانەكان بكات. چونكە هەریەك لە ئێمە خوای گەورە بەهرەی پێداوین و زۆر گرنگە پەی بە بەهرەكانی خۆمان ببەین و بزانن خولیای چ بوارێكن، هەركە خۆت دۆزییەوە بێ گومان خولیاكەت خۆشدەوێت و ماندوو نابی و هەرچەند زیاتر كار بكەیت زیاتر دڵخۆش دەبیت.
لەبارەی كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستانیشەوە وتی: گەلی كوردستان بۆ من قوتابخانەیە و ماڵی دووەمی منە و زۆرم خۆشدەوێت و لە ساڵی 2008ەوە بێ دابڕان كارم تیا كردووە و زۆر شتی بە من بەخشیوە و ئێستاش لە كاركردن لەو كەناڵە بەردەوامە و خەونی گەورەترم هەیە كە دەبێت كاری بۆ بكەم.
هێشوو لە كۆتاییدا وتی: ژیان كورتە ئێمەی مرۆڤ بێ هۆكار لەسەر ئەم هەسارەیە دروست نەكراوین، بۆیە دەبێت بە دوای نهێنییەكانی گەردوون دا بگەڕێن، بزانین ئێمە چین و بۆچی لێرەین و پەیاممان چییە و بە كوێ دەگەین.
ئالان محەمەد جەزا