پشتێنی سەلامەتی، داهێنانێك بۆ كەمكردنەوەی زیانە مرۆییەكان

10:07 - 2022-06-26
ژینگە
700 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان

پشتێنی سەلامەتی ئامڕازێكە داهێنراوە و لەناو هەموو ئۆتۆمبێلەكاندا هەیە بۆ ئەوەی لەكاتی رووداوەكانی هاتوچۆدا مرۆڤەكان بپارێزێت و كەمترین زیانیان پێبگات.
هەرچەندە لە ساڵی 1870 دا یەكەمین ئۆتۆمبێل داهێنرا، بەڵام باشترین سیستمی پشتێنی سەلامەتی 50 ساڵ دوای داهێنانی ئۆتۆمبێل كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و داهێنانی ئەم ئامڕازەش وەك پراكتیزەكردنی یاسای یەكەمی نیوتنە كە دەڵێت: (تەنێكی نەجوڵاو بە نەجوڵاوی دەمێنێتەوە و تەنی جوڵاویش بەردەوام دەبێت لە جوڵەكەی بەخێراییەكی رێك و لە هێڵێكی رێكدا ئەگەر هیچ زەبرێكی دەرەكی كاری تێنەكات).
كێ پشتێنی سەلامەتی داهێنا؟
لە سەدەی نۆزدە دا ئەندازیاری ئەمریكی (جۆرج كیلی) جۆرێكی سەرەتایی پشتێنی سەلامەتی داهێنا بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكانی ئەوكاتە كە تەنها ناوچەی كەمەری دەگرتەوە و بۆ ئەمەش لە ساڵی 1885  پێشەنگی داهێنانی پێدراوە.
دواتر و لە ساڵی 1958 دا ئەندازیاری سویدیی نێڵز بۆهلین(Nils Bohlin) جۆرە پشتێنێكی سەلامەتی داهێنا كە بە (پشتێنی سێ خاڵیی) ناسراوە و توندوتۆڵیشی زیاتر بوو، بۆ یەكەمجاریش ئەو جۆرە پشتێنە لە ئۆتۆمبێلەكانی ڤۆلڤۆی سویدیدا بەكارهێنرا و بۆ ماوەی چەند ساڵێك تاقیكرایەوە و دەركەوت رێژەی مردن و برینداربوونی سەختی سەرنشینانی ئۆتۆمبێل لە رووداوەكانی هاتوچۆدا كەمتردەكاتەوە، هەمان ساڵ  پێشەنگی داهێنانی درایە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە نێڵز مافە بازرگانییەكەی ئەو داهێنانەی رەتكردەوە و چاوچنۆكی نەنواند بۆ ئەوەی هەموو ئۆتۆمبێلێك ئەو پشتێنەی تێدا هەبێت، دوای ماوەیەكی كەم زۆربەی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا هەمان رێچكەی كۆمپانیای ڤۆلڤۆیان گرت و پشتێنی سەلامەتیان لە ئۆتۆمبێلەكانیاندا دانا، لە شەستەكانی سەدەی رابردووشەوە ئیدی هەندێك وڵات یاسای تایبەتیان بە پشتێنی سەلامەتی دەركرد و بەستنی ئەو پشتێنەیان بۆ شۆفێر و سەرنشینەكان كردە ناچاری و سزای مادیشیان بۆ سەرپێچیكەرانی  بڕیارەكە دانا.
راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە سەلامەتی شۆفێریی ئاماژە بەوە دەكات، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی ئەمڕۆ پشتێنی سەلامەتیان هەیە، كەچی هێشتا هەندێك كەس هۆشیارنین و پشتێنەكە بەكارناهێنن و بەشتێكی زیادە و بەستنی بەبێگار دەزانن، هەر بۆیە تائێستاش ساڵانە بەهۆی  رووداوەكانی هاتوچۆوە (1.35)ملیۆن كەس لە جیهاندا گیان لە دەستدەدەن.
 كورتەیەك دەربارەی داهێنەری پشتێنی سەلامەتی 
نێلز ئیڤار بۆهلین لە(17ی تەمموزی 1920  لە شاری هارنوساندی سوید لەدایك بووە و لە ساڵی 1930 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری تەكنیكیدا بەدەستهێناوە و لە ساڵی  1942دا لە كۆمپانیایەكی دیزاینكردنی فڕۆكەدا كاریكردووە و پاشان بووەتە ئەندازیاری سەلامەتی و دڵنیایی لە كۆمپانیای ڤۆلڤۆ بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە شاری گۆتنبۆرگی سوید و لە ساڵی 1959دا و دوای داهێنانی پشتێنی سەلامەتی سێ خاڵی بووە بەڕێوەبەری بەشی سەلامەتی لە هەمان كۆمپانیا.
جگە لە پشتێنی سەلامەتی
 نێلز بۆهلین ئەوكاتەی لە كۆمپانیایەكی دیزاینكردنی فڕۆكە بووە گەشەیداوە بە كورسی فڕۆكەوان، بە جۆرێك وایكردووە ئەو كورسییە لە فڕۆكە سەربازییەكاندا بەشێوەی جوڵاو بێت و لەكاتی  هەر مەترسییەك فڕۆكەوانەكە بتوانێت بە دوگمەیەك لە فڕۆكەكەوە هەڵدرێتە دەرەوە و بەهۆی پەرەشوتەوە بگاتە شوێنێكی سەلامەت لە مردن رزگاری بێت.
رێزلێنان 
بەهۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتان كۆكبوون لەسەر ئەوەی داهێنانەكەی بۆهلین یەكێكە لە گرنگترین ئەو داهێنانەی لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا لەسەدەی نۆزدەدا كراوە و گیانی كەسانێكی زۆری رزگاركردووە، ئیدارەی نیشتمانیی سەلامەتی هاتوچۆی ئەمریكا لە واشنتۆنی پایتەخت مەراسیمێكی گەورەی رێزلێنانی بۆ كردو وەك خاوەن داهێنانی رزگاركەری مرۆڤایەتی لە قەڵەمیدا، هەروەها ئەكادیمیای شاهانە بۆ زانستە ئەندازیارییەكانی سویدیش خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشیوە و دوای چەند ساڵێكیش لە سەركەوتنی داهێنانەكەی كراوەتە ئەندامی رێكخراوی نێودەوڵەتیی سەلامەتی.
نێلز بۆهلین لە 26 ی ئەیلولی 2002 و لە تەمەنی 82 ساڵیدا بە نەخۆشی دڵ كۆچی دواییكرد و كە لە ژیاندا بووە هەمیشە ئەو قسەیەی دوبارە كردووەتەوە: (ئەوەی لە هەموو شت زیاتر دڵخۆشم دەكات كە یەكێك دەبینم پێم دەڵێت، ئەو پشتێنی سەلامەتییەی تۆ ئازیزێكی لە مردن رزگاركردم).

سەرچاوەكان: العربیە، البوابە نیوز  

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان