هێرمینۆتیکای شیعری سۆفییانەی مەحوی

10:30 - 2024-08-12
کەلتور
969 جار خوێندراوەتەوە

د. هەرێم عوسمان




مەبەستی غەزەلەکانی مەحوی ئاڵۆز و فرەواتان، لەبەر ئەوەی واتای رووکەشیان تێپەڕکردووە و لە چینەکانی ژێرەی دەق واتای بەدیهێناوە، کە خوێنەریش بەخوێندنەوەی واتای نوێی لێ هەڵدەهێنجێت


هێرمینۆتیکای شیعری سۆفییانەی مەحوی، نامەیەکی دکتۆرایە (هێمن عومەر) ساڵی 2014 بە سەرپەرشتیی (پ. ی. د. تاهیر محەمەد) پێشکەشی کۆلێجی زمان- زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە لە دەروازەیەک و سێ بەش پێکدێت و پشتی بە چەند میتۆدێکی پاش بونیادگەری بەستووە. لە دەروازەدا پێشینەیەکی تیۆریی ورد لەبارەی زاراوە و ریشە و مێژووی تێگەیشتنە جیاوازەکان لە هێرمینۆتیکا و پەیوەندیی لەگەڵ تەئویلی ئیسلامی و رەوانبێژی و ئیستاتیکا و چەند پرسی تر بەسەر دەکاتەوە.
بەشی یەکەم
ناونیشانی بەشی یەکەم (دەق لە نێوان چێژ و هێرمینۆتیکدا) پێکهێنەری کۆمەڵێک پرسی پەیوەستە کە توێژەر لە دوو تەوەردا ئاوڕی لێدەداتەوە. توێژەر پێیوایە دەقی سۆفیگەریی دژایەتی چێژیی تایبەت و گشتیی کرد، هەروەها سۆفییەکان خوێنەری هێرمینۆتیکین، چونکە راڤەی نوێیان بۆ دەقە پیرۆزەکان کرد. لە تەوەری یەکەم (غەزەل وەک بنەمایەکی دژەباوی سۆفیگەریی) سۆفییەکان بەلادان لە دیدی باو بە تێگەیشتنی دەقی پیرۆزیشەوە کە دژە شیعرە، پەنایان بۆ غەزەل برد، چونکە وشە وەک هەنسکی رۆح و ئاوێنەی دەرون و سەدای بیر دەدرەوشێتەوە و سۆفی نابێتەوە بە نووسەر، بەڵکو وشە نووسراوەکانی دەبنەوە بە خود. سۆفییەکان رۆحی خۆیان لەناو غەزەلەکاندا بەرجەستە کرد، بەمەش زمان و ئەدەبی باویان تێپەڕکرد، رۆچوونە ناوخۆیان و جیهانی ناوەوە و عیشقی مەجازی، لەبەرئەوە غەزەل باشترین قاڵبی شیعر بوو، کە وەرگری تووشی کەلێنی تێگەیشتن کرد، چونکە غەزەل ئامرازی نهێنییە خوداییەکانە. توێژەر پێیوایە شیعری سۆفیگەریی لە شیعری پێش ئیسلام (شیعری جاهیلی) تا شیعری ئیسلامی نزیکترە، لەبەرئەوە لە غەزەل-شیعری دڵداری مرۆڤانەوە بۆ عیشقی خودایی چوون، وشەکانی لە نوێنەری شتە هەستپێکراوەکان بۆ جیهانی دوور لە واقیع بران، ئەمەش ئاسۆی پێشبینی وەرگری تێکشکاند، چونکە واتای نائاسایی دامەزراند و وشەکانی لە وشەی نێرینەوە بۆ مێینە گواستەوە. 
شیعرەکانی مەحوی گوشکراوی هەر دوو ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسین، دەقئاوێزانی حەلاجییانە ناوەڕۆکی غەزەلەکانی پتەو کردووە، چنینی فارسییانەش پێکهاتەی هونەری و داڕشتن و هۆنینەوەی، کە ژمارەی غەزەلەکانی لە قەسیدەکانی زیاترن و واتاکانی غەزەل و تەغەزولی فارسییان بەسەردا جێبەجێ دەبێت. تەغەزول ریالیزمێکی راشکاوە، غەزەل بە رووکەش دژە ریالیزمە، لە تەغەزولدا ویسال و شادی و رووکار گرنگە، لە غەزەلدا هیجران و غەمگینی زاڵ و واتای قووڵن، غەزەلەکانی مەحوی پڕن لە دابڕان و کۆچ و عیشقی غەمگینانە، بەڵام قەسیدەکانی چێژ و شادیی گەیشتن بە یاری تێدایە. توێژەر پێیوایە ئەو سۆفییانەی لە تەریقەتەوە بۆ هەقیقەت هەنگاویان ناوە، شەریعەت و تەریقەتیان لێکگرێدەدا، بۆیە بایەخدان بە ناوەوە (ناخ)، نەبووەتە لەبیرکردنی شەریعەت و بنەماکانی سۆفیگەریی، کە بەشێکە مەعریفەتناسی سۆفییانە. مەبەستی غەزەلەکانی مەحوی ئاڵۆز و فرەواتان، لەبەرئەوە واتای رووکەشیان تێپەڕکردووە و لە چینەکانی ژێرەی دەق واتای بەدیهێناوە، کە خوێنەریش بەخوێندنەوەی واتای نوێی لێ هەڵدەهێنجێت، بۆ گەیشتن بە گوتاری غەزەلەکانیشی بە پێچەوانەی قەسیدەکانی پێویستی بە خوێندنەوەی سەرچاوە رۆشنبیرییە جیاوازەکانی شاعیرە، بەڵام قەسیدەکانی گوتارێکی واتاداری یەک ‌مەبەست و روخسارگەران؛ هاوکات تەغەزول عەقڵ و ماددیگەرایە، غەزەل عیشقگەرا و رۆحییە، بۆ نموونە قەسیدەی (بەحری نوور) فەلسەفییانە وێستگەکانی ژیانی پێغەمبەر بە شیعر راڤە دەکات:
ئەگەر ئەم هیجرەتە نەبوایە دین ئەم ئەشکەوتەی کەی بوو
کە هەر کەس تێبگا بەم دینە نەسخی جوملە ئەدیانە
هاوکات لە قەسیدەدا سەبکی خوراسانی و لە غەزەلدا سەبکی عیراقی بەکاردێت، ئەمە جگە لە تێهەڵکێشی عیشقی خودایی و مرۆیی لە غەزەلدا، کە پەیوەندیی دیالێکتیکی لەنێوانیاندا دروستکردووە، بە جۆرێک عیشقی مرۆیی بۆ عیشقی خودایی و بە پێچەوانەشەوە دەبینرێت، ئەمەش پاساوی هێرمینۆتیک بۆ لێکدانەوەی دەقەکان زیاتر دەکات، چونکە تێدەگەین ناکۆکی غەزەل و شیعری سۆفییانە رواڵەتییە. توێژەر باسی خۆشەویستی و عیشق دەکات، کە خۆشەویستی قۆناغی سەرەتا و عیشق پلەی باڵایە، مەحەببەتیش بە کاریگەریی زمانی عەرەبی بەکارهاتووە، بەڵام مەحوی 83 جار وشەی عیشقی بەکارهێناوە، بەکارهێنانەکانیشی بواری فرەخوێندنەوەیی لەنێوان عیشقی مرۆیی و یەزدانی دەدەن، لە هەردوکیشیاندا جوانی بنەمایە، لەبەرئەوە نێرینەیی دەق لە ئەدەبی سۆفییانەدا کەمە، چونکە مەعشوق زۆرجار مێیە، بەڵام دیارترین دەقی نێرینە هی رابیعەی عەدەوییە، کە بە راناوی نێرینە نووسراوە، یاخود مەحوی لە ستایشی مەولانا خالیددا دەنووسێ:
سەرم شێواوی شێوەی فیتنە هەڵگیرسێنی شۆخێکە
حەواسم تەفرەقەی عیشوەی دڵ ئاشوبێکی عەییارە


وشە مێینەکانی (شۆخ و دولبەر، عیشوە، زولف...)ی بۆ نێرینە (مەولانا) بەکارهێناوە، لەبەرئەوە لە غەزەل و شیعری سۆفیگەریدا دەقی مێینەیی باڵادەستە، وەک ئیبن عەرەبی پێیوایە ژن سەرچاوەی بوون و کانگای بەخشینە، مێینەبوون جوانیی بەرهەم دێنێت، ئەو جوانییەش لای خودا خۆشەویستە، بۆ سۆفییەکانیش جوانی ئامرازی گەیشتنە بە عیشقی خوایی و خودی جوانی، واتە مێینەیی دەق لە وێنەی جوانی ئافرەتێکەوە بۆ خودی خالقی وێنەکە دەچێت[مەحوی جوانی و عیشق پێکەوە گرێدەدات و دڵیش بە بەرهەمهێنەر و مانەوەی دادەنێت]، سەبارەت بە وەرگریش توێژەر پێیوایە (مێینەبوونی دەق ئەو کاتە لای وەرگر حەقیقەتی خۆی بە تەواوی دەردەخات ‌و هێرمینۆتیک دەتوانێ دەسەڵاتی بەسەردا بشکێ، ئەوکاتەی وەرگر لەئەزموونی سۆفییانەدا بە خودی خۆی چێژی وەرگرتبێ‌ و هیچ نەبێ هەندێک لەپلەکانی بڕیبێ، هەتا پلەکان زیاتر ببڕێ، زیاتر دەتوانێ لە بەها باڵاکانی دەقی سۆفییانە تێبگات). هەروەها چۆن شاعیر/ سۆفی شیعر دەکاتە ئامرازی عیشقی خوایی، وەرگریش دەبێ خۆشەویستی بۆ دەق هەبێ، دەنا (هێرمینۆتیکاش ناتوانێ کاری خۆی بە تەواوی بکا)، لەبەرئەوە خۆشەویستی نێوەندی نووسەر و وەرگرە بۆ گواستنەوەی زانیاریی لە دەقەوە بۆ وەرگر، وەک ئەوەی دەق مێ (مەعشوق) و وەرگر نێر (عاشق) بێت، کە وەرگر بە بێ دەق ئۆقرە نەگرێت، هاوکات وەرگر لە واقیع و خۆشەویستی زەمینییەوە نزیکە، لەبەرئەوە لە زمانی زەمینەوە بۆ زمانی ئاسمان دەچێت. هەروەک سوهرەوەردیش پێیوایە ناتوانی بە جیهانی عیشق بگەیت تا لە جیهانی مەعریفەت و مەحببەت نەگەیت. لێرەوە توێژەر بە نموونەی شیعرییەوە باسی جوانی دەق لە مێینەبوون و نێرینەیەتی شاعیر، عیشقی زەمینی و ئاسمانی، نوور و عیشق، عیشق لە نێوان جەمال، جەلال و کەمال و...هتددا دەکات، کە لای مەحوی (ژن) رۆڵی مەعشوق بەدیوە سۆفیگەرییەکەی دەبینێت، هاوکات دیوە نەرێنییەکەی ژنیش (بە تایبەت پیرەژن) وەک دەروون دەرخراوە، کەواتە ژن سەرچاوەی چێژە، لێرەشەوە توێژەر دەچێتە ناو چێژێکی تر کە (مەی)یە کە رەمزێکی سۆفیگەرییە و لە تەوەری دووەمدا، لەناو شیعرەکانی مەحوی ئاوڕی لێدەداتەوە.

بەشی دووەم
ناونیشانی بەشی دووەم (هێرمینۆتیکای فینۆمینۆلۆجیا)یە و لە دوو تەوەر پێکهاتووە و ئامانجی توێژەر ئەوەیە کە فینۆمینۆلۆجیا بباتە بازنەی هێرمینۆتیک و مەبەست و نیازی مەحوی لەئاستی ئۆنتۆلۆجیا و ئیپستمۆلۆجیا شیکاری بکات. فینۆمینۆلۆجیا لەسەدەی بیستدا هاوکاری دەوڵەمەندکردنی هێرمینۆتیک بوو، هەوڵێک بوو بۆ فێربوون و ئازادی بیرکردنەوە و خۆدابڕان لە بڕیاری پێشوەختە و هەڵەشەیی لێکدانەوەی بێ تێگەیشتن و گەڕانەوە بۆ بنەڕەتی شتەکان. توێژەر لەم بەشەدا وێڕای خستنەڕووی تێڕوانینی فەیلەسوفانی وەک هوسرەڵ، هایدیگەر، شلایر ماخر، دەلتی، هیرش و گادامەر و...هتد، هاوکات لە مەبەستە شیعرییەکانی مەحوییەوە بنەماکانی هێرمینۆتیک و تیۆرەکان بەرجەستە دەکات، توێژەر سەبارەت بە سەختی مەبەستی شاعیر دەنووسێ (نووسین کردەیەکی ئاڵۆزە و ئەوەی دەیخاتە پلەی باڵا بریتییە لە (زمان)، زمانیش بە هەموو چنینەکانییەوە دیاردەکان بە چڕی لەخۆ دەگرێ. لەنێو ئەو دیاردانەشدا بە هۆی دەمەقاڵی خود و بابەت، لایەنی ناوەوە و دەرەوە، جەستەی دەق و رۆحی دەق، واتا هەڵبەز و دابەز دەبێ و مەبەستی نووسەر سەخت خۆی نیشان دەدات. هەروەها توێژەر رای وایە غەزەل لە قەسیدە قوڵتر و فرەواتاترە و لە هێرمینۆتیکەوە نزیکترە، هەروەها پێویستە بە هاوسەنگی تێگەیشتنی ئێستا و رابردووەوە لە دەقەکان بڕوانین، بۆیە چەمکە رەخنەییە دەروونی و فینۆمینۆلۆجی و هێرمینۆتیکییە رۆژئاوایی و ئیسلامییەکان کارا دەکات و سوود لە دوانەکان بۆ شیکارییەکە وەردەگر‌ێت و پرسی ئازادی، بوون و نەبوون، مردن و فەنابوون و خۆکوشتن و...هتد لە شیعرەکاندا بەسەر دەکاتەوە و پێشیوایە تەئویلی کەلتوری ئیسلامی تا رۆژئاوایی بۆ راڤەی دەقەکان سازگارترە. 
بەشی سێیەم 
بەشی سێیەم، ناونیشانی (هێرمینۆتیکای سیمیۆلۆجیا) پێکهێنەری چەند پرسێکی نیشانەناسی و گرێدانەوەیەتی بە هێرمینۆتیک و هێنانێتی بۆ شیکاریی دەقەکانی مەحوی و پرسی خود و منەکان لای مەحوی؛ ئەم گرێدانەش پەیوەستە بە هاوبەشێتی زمان، تا لێوەی دەق دەربخرێت. (ئەگەر بنچینەی سیمیۆلۆجیا لەسەر دال و مەدلول وەستابێ، ئەوا هەموو گوتارێکی دال هێرمینۆتیکایە و تەئویلیشە، چونکە شتێک لەبارەی بابەتێکەوە دەڵێ، لەبەرئەوە هێرمینۆتیک دەبێت زانستی گشتی تەئویلی دەلالەتەکان). بە دیدی توێژەر دالی (من و خود) زاڵ و فرەیە و شاعیر هاوسەنگیی لەنێوان خودە جیاوازەکاندا دروستکردووە و پێداگرە لە تێپەڕکردنی خودە نزم و رێگرە ئەنانییەکەی دەروون، چونکە منی حەق ئەنانییە و جگە لە خۆی رازی نییە منی تر ئەنانی بێت (ئەنانییەتی حەق وجوودییە و ئەنانییەتی ئێمەش عەدەمییە). 
ببیە لە من، درەختی (منی) لەعنەتە بەری
یەعنی بکە لە کیبر و ئەنانییەت ئیحتیزار


خاکیبوون و دژوەستانەوەی منی ئەنانی بنەمایەکی سۆفیگەرییە، بەڵام مەحوی لە شیعرییەت و ئیستاتیکای هونەرییدا ئەم بەرزی و ئەنانییەتەی پاراستووە و شانازی بە شیعرەکانییەوە دەکات و لە کێشەکانی کۆمەڵ خۆی دابڕیوە، تا لە جەنگی نەفسی بەدخو سەرکەوتوو بێت.
وتی میوەی بەهەشتە شیعری مەحوی 
خودا نەبڕێ لە باخم داری بەردار


(من) لای شاعیر هێندە فراوانە کە تەنیا لە 13 شیعریدا 233 جار بەکارهاتووە، بێگومان بە چەندین مەبەستی جیاواز، بۆیە هەندێکیان گوزارشت لە بەرزکردنەوەی منی شیعریی لە بەرامبەر نزمی منی نەفسی وەستاونەتەوە، ئەمەش بۆ خزمەتی منی سۆفییە.   
لە من نازانم ئیتر نەفسی بەدخوو چی دەوێ مەحوی
کە بەد ئەفکار و بەد رەفتار و بەد گوفتار و بەد گەورم

توێژەر لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە خودەکان چەندین چەمک و پرسی سۆفیگەریی لەناو شیعرەکاندا دەپشکنێ، هەر لە سەفەر، حەق، بولبول و پەروانە بۆ ئاو و ئاگر، راوچی و نێچیر، عەقڵ و عیشق، دواتریش پرسی دەقئاوێزان و بەرهەمهێنانی واتا لە چەمکەکانی شیعرییەتی شوێن و ئەندامەکانی جەستە بە نموونەی شیعری بەسەر دەکاتەوە و لە دوو تەوەری کۆتاییشدا لۆجیک و هێرمینۆتیک و ئیشکالییەتی خوێندنەوەی هێرمینۆتیکی گوتاری شیعری سۆفییانەی مەحوی دەکاتە بابەتی تێزەکەی. سەبارەت بە ئەنجامی تێزەکەش زیاتر لە سی خاڵ خراوەتەڕوو، کە خوێندنەوەی مەحوی بە میتۆدە نوێکانی هێرمینۆتیک گونجاو و پێویستە، مەحوی لە زمانی خۆشەویستی زەمینییەوە بۆ خۆشەویستی یەزدانی چووە، هەروەها شەرابی حەقیقی لە وەسلی حەقدایە و لە غیابیدا هەمیشە هۆشیارە تا خودا لە زەینی ون نەبێ، دوالیزمەکانی ژیان و مردن، بوون و عەدەم و...هتد لەچوارچێوەی سۆفیگەریدا واتایەکی جیاوازی لە تێگەیشتنە خۆرئاواییەکە هەیە، قەلەقی شاعیر ئاشکراکەری عەدەمە، عەدەمیش لەنیگەرانی مردندا نییە، بەڵکو لە بوونی ژیاندایە بۆ گەیشتن بە بوونێکی دیکە، لەبەرئەوە مەحوی هەڵوەدای ئازادییە، ئازادییەک لە بەندینخانەی وجودی عەدەمی دنیا رزگاری بکات. 

مەحوی

بابەتە پەیوەندیدارەکان