پ.ی.د.كاروان عەلی
لە ریزی سێیەم یان چوارەمی هۆڵێك دانیشتم، كە بڕیاربوو پاش چەند خولەكێكی تر، سێمینارێكی تێدا پێشكەش بكرێ. كورسیەك لەولاتر، بەلای دەستەچەپمدا، ئامادەبوویەكی لێبوو كە روخساری لەلام نامۆ نەبوو، پێشتر ئاكارو دەموچاوی تری لەو شێوەیەم بینی بوو، بەس نەمدەزانی كەی و لە كوێ بەرچاوم كەوتووە.
سێمینار دەستی پێكردو دەنگی پێشكەشكار هۆڵەكەی پڕكرد، منیش بەتیلەی چاوەوە جاروبار لەژێرەوە نیگام بەلای ئامادەبووەكەی لای دەستە چەپم وەردەگێڕاو دەمویست بیرمكەوێتەوە دەیناسم یان نا، یان لە كوێ بینیومە. ئەویش هیچ خۆی سەغڵەت نەدەكردو لەوە دەچوو هەمان هەستی منی هەبووبێت و بڵێت ئەو دەموچاوە نامۆ نییە، بەس لە كوێ بینیومە!.
دوو جیهانی جیاوازمان هەیە، هەردووكیان تەواوكەری یەكترن، ناتوانین دەستبەرداری جیهانە گریمانەییە ئینتەرنێتیەكە بین كە لەم سەردەمەدا زۆر فراوان بووە
نە ئەو مەرحەبای كردو نەمنیش هیچم لەدەم نەهاتەدەر، زەردەخەشمان بۆ یەك نەكرد، هەردووكمان، وەكئەوەی نەبای بێ نەباران، روومان لە كاكی پێشكەشكاری سێمینارەكە بوو. من كە شەرم دایگرتبووم بێ سڵاوو مەرحابەیەك لەنزیك ئەو ئاشنایە لەبیركراوە دانیشتووم، زۆر ئاگام لە ناوەرۆكی سێمینارەكە نەما، خەمی دۆزینەوەی باكگراوندی ئەو ئاشنایەتیە گوماناوییە لەكەلەی دابووم و ئۆقرەم لەبەر هەڵگیرابوو. هێنام و بردم، خەیاڵم بۆ چەند شوێنێك بردەوە، سودی نەبوو.
خاوەن سێمینار، قسەكانی تەواوكردن، ئیتر دەرگای پرسیارو گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوە. دوای كەمێك، سەرەی ئامادەبووەكەی دەستەچەپم هات و سەرەتا خۆی ناساندو ئنجا سەرنجەكانی خۆی گوت و پرسیاریشی لە پێشكەشكاری سێمینار كرد. كە ناوەیەكم بیست، دۆزیمەوە لە كوێ روخسارەكەیم بینیوەو ئاشنایەتیەكەم لەگەڵیدا هەیە. بیرمكەوتەوە، لە فەیسبوك، هاوڕێمەو تەنها لەوێ لوتف دەكاو كۆمێنتی دۆستانەو گوزارشتی شیرین و نیانم بۆ دەنوسێت و وەك هاوڕێیەكی دێرزەمان، بەڵام تەنها لەفەیسبوك، لێم نزیكەو كۆمێنت بۆ یەك دەنوسین و لایك و دڵ بۆ یەك لێدەدەین.
كە قسەی دەكرد، دیقەتی روخساریمدا، جیاواز لەوەی فەیسبوك و كەمێك گرگن و گۆشتن بوو، بەڵام هەمان نەخشەو ئاكاری هەبوو. قسەو زانیارییەكان و ئاستی پرسیارەكەی كە كردنی، زۆر سادەو ساكارتر بوون لەوەی لە فەیسبوك دەینوسێت و دەیڵێت. لەوێ، واتا لە فەیسبوك بەقەد زانایەك شتی وەك پەندو عیبرەت، زانیاری، شیكردنەوەو لێكدانەوە، هەڵوێست و جاروبار شیعرو قسەی فەلسەفیشی بڵاودەكردەوە، بەڵام لێرە، لەم هۆڵەی لێی دانیشتبووین، وەك كەمزانێك هاتەبەرچاوم. لەكۆتاییشدا كە هەستاین و وردە وردە چووینە دەرەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی لەفەیسبوك بەدیم دەكرد، لێرەدا باڵا كورتێكی خرپن و لەشولارێكی ناڕێكی هەبوو.
لە شەقامی ئیسكانی هەولێر، سەهۆڵەكەی سلێمانی و چەند كۆڕو كۆنفرانسێك، چەندجارێك هەمان حاڵەتی نەناسینەوەو گومانكردن لەدەموچاوەكان و نەناسینەوەی هاوڕێیانی نێو فەیسبوك و پلاتفۆرمەكانی سۆشیال نێتوێركینگمان رووبەڕووبۆتەوە. بەهۆیەوە، جاروبار ئیحراجیی بۆ ئێمەش و بۆ بەرامبەریشمان دروستبووە، چونكە لەكەلتوری ئێمە، زەحمەتە رووبەڕوو سودفەی كەسێك بكەیت لە گوزەرێك، هۆڵێك یان بۆنەیەك، گومان بكەیت پێشتر بینیوتە یان ئاشنایەتیت لەگەڵیدا هەیە، بەڵام مەرحەبای یەكتر نەكەیت، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە، خۆت نەبان و نەدیدە نیشان بدەیت یان بپرسیت پێشتر لەكوێ یەكتان بینیوە!
ئێستا ئێمە، لە دوو جیهاندا دەژین، جیهانێك واقیعە بەرجەستەكەیە كە هەناسەی تێدا دەدەین و دێین و دەڕۆین و راكەڕاكمانە بەدوای كارو پەیداكردنی پێداویستیەكانی ژیان و سەردانیكردن و سەفەرو نەخۆشكەوتن و زۆر شتی تر، ئەویتریشیان جیهانە گریمانەیی، یان ئینتەرنێتیەكەیە، كە بەشێكی تری ژیانمان لە خۆدەگرێت و رۆژانەش بەلایەنی كەم چەند خولەكێك، یان چەند سەعاتێك تێیدا كات بەسەر دەبەین و گوێبیستی قسەو باسەكان و پێشهاتەكانی دەبین و ئاگامان لەباسوخواسی دنیاو گەڕان و چالاكیەكانی كۆمەڵگەكەمانە. منداڵەكانمان، خوشك و براو كەسوكارمان، هەموویان رۆژانەو شەوانە، ماوەیەك لە جیهانی واقیعەكە لەناو ماڵ، لەیەكتر دادەبڕێین و ژیانێكی تری ئینتەرنێتی بۆ خۆیمان پەلكێش دەكات.
هاوڕێكانی نێو جیهانی گریمانەیی ئینتەرنێتیی، مەرج نییە هەمان هاوڕێی جیهانی واقعیمان بن، وەك ئەو هاوڕێی جیهانی گریمانەییەی لە هۆڵی سێمینارەكە توشی بووم و مەرحەبای یەكمان نەكرد. خۆ ئەگەر لەهەردوو جیهانیشدا لەگەڵ كەسێكدا هاوڕێی یەك بین، مەرج نییە پرەنسیپ و پێوەرەكانی هاوڕێیەتی راستەقینەشمان بەرامبەر بەیەك تێدا بێت. زۆرجار بەشێك لەو قسە جوان و هەست بزوێن و مانادارانەی لەسەر هەژمارەكانیشمان لە فەیسبوك یان پلاتفۆرمەكانی تری میدیای خەڵك بڵاویان دەكەینەوە، یان ئەو هەڵوێستە مرۆیی و سیاسی و فەلسەفیانەی دەریاندەبڕین، هەمووی یان بەشێكیان لە هەڵسوكەوت و رەفتارو گوفتاری رۆژانەی ژیانی واقیعمان رەنگنادەنەوە. وێنەكانمان، جوانی و ناسكیمان و تەنانەت پرۆفایلی زۆربەمان، رەنگدانەوەی ژیانی واقیعمان نین.
دوو جیهانی جیاوازمان هەیە، هەردووكیان تەواوكەری یەكترن، ناتوانین دەستبەرداری جیهانە گریمانەییە ئینتەرنێتیەكە بین كە لەم سەردەمەدا زۆر فراوان بووەو هەر لەپلاتفۆرمەكانی نێتوێركینگ و چاتكردن دەگرێتەوە تا دەگاتە پلاتفۆرمەكانی دۆزینەوەی هاوڕێ و دۆست و چەندین جۆری تر، خۆ ئەگەر وابكەین و دووركەوینەوە، ئەوا دابڕاو دەبین و وەك پێویست ئاگامان لەپێشهاتەكان و ه اوڕێیانی جیهانی واقیع و تەنانەت لەئەندامانی خێزانیش نامێنێت. بێبەش دەبین لە هەموو بازاڕەكانی ناو ئینتەرنێت و زانیارییەكان و هەواڵ و ستایلی ژیان و زۆری تریش.
مرۆڤی ئێستا، پێویستی بەهەردوو جیهانە، واتا لەپاڵ ژیان و جیهانی واقعیمان، دەبێ قاچێكی بەهێزیشمان لەنێو جیهانە گریمانەییە ئینتەرنێتیەكە بێت، تا سوودمەند بین لەهەموو ئەو دەرفەت و هەلە ناوازانەی لەوێدا بۆمان رەخساوەو بەردەستن. لەوێدا، مەودای بیركردنەوەو خەیاڵیشمان فراوانترو قوڵتر دەبن، ژیرتر دەردەكەوین و باشتر هەست بەمرۆڤبوونی خۆمان دەكەین. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین دەرگای كراوەی فراوانمان لەبەردەمەو تێیدا دەتوانین بەئاسانی سنورەكان تێدەپەڕێنین و دەنگمان نەك لەودیو كۆڵان و گەڕەكەكانمان هەڵبڕین، بەڵكو هاوارو بۆچوون و سەرنجەكانمان بگەیەنینە هەموو شوێنێكی دنیاو خۆشمان بناسێنین و بوونیشمان باشتر بسەلمێنین.