بەهۆی باج نەدانەوە سزا دراوە

گرفتەکانی بەشداربوانی هێڵی کۆڕەک

09:56 - 2024-08-14
ڕاپۆرت
408 جار خوێندراوەتەوە
بەشداربوانی کۆڕەک داواكارن بە ئاگری نێوان كۆمپانیای کۆڕەک و حكومەتی عیراق نەسووتێن

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم:
ئەو بابەتە لەنێوان كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم و كۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عیراقە و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە


زیاتر لە ساڵێكە بەهۆی پێنەدانی باج بە وەزارەتی گواستنەوەی حكومەتی عیراق، كۆمپانیای پەیوەندیی مۆبایلی (كۆڕەك تێلیكۆم) لەلایەن كۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عیراقەوە سزا دراوە.
سزاكەی کۆڕەک تێلیکۆم راگرتنی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان كۆمپانیاكە و سەرجەم ‌هێڵەکانی تری پەیوەندیی مۆبایلە لە عیراق، بۆیە هەركاتێك بە ژمارە تەلەفۆنێكی كۆڕەك پەیوەندیی بە ژمارەی هێڵەكانی تری مۆبایلی عیراق بكەیت، یاخود بە پێچەوانەوە بە كورتە دەنگێك ئاگادار دەکرێیتەوە كە ناتوانیت بەسیم كارتی كۆڕەك پەیوەندیی بەهیچ كۆمپانیایەكی ترەوە بكەیت. ئەمەش كێشەی بۆ راییكردنی پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەو هاووڵاتیانە دروست کردووە، کە خاوەنی سیم كارتی كۆڕەكن یاخود ئەو کەسانەی خاوەنی هێڵەکانی دیکەن و دەیانەوێت پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە خاوەنی سیم کارتی کۆڕەکن و داواكارن ئەوان بە ئاگری كێشەی نێوان كۆمپانیاكە و حكومەتی عیراق نەسووتێن.

بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان
جەبار مەغدید هاووڵاتیەكی دانیشتووی شاری هەولێرە دەڵێت: لەوكاتەی ئەو كێشەیە لەنێوان كۆمپانیای كۆڕەك و حكومەتی عیراق دروستبووە، نەمتوانیوە بە ئاسانی پەیوەندیی بەو كەسانەوە بكەم كە خاوەن سیم كارتی كۆمپانیای تری پەیوەندیین و ئەوەش كێشەی زۆری بۆ دروست کردوم.
وتیشی: بۆ راییكردنی پەیوەندیییەكانم بەو کەسانەی خاوەنی هێڵەکانی تری پەیوەندیین، دەبێت سیم کارتێکی تر بکڕین یان بەردەوام هێڵی ئینتەرنێتمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین بە ئەپلیكەیشنەکانی ڤایبەر، واتس ئەپ و تەلیگرام پەیوندی بەو ژمارانەوە بكەین كە بەسیم كارتی كۆڕەك وەرناگیرێن، ئەوەش بارگرانی بۆ درست کردوین.
پێویستە لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم کارئاسانی بۆ بەشداربوانی بکات، بە چارەسەرکردنی گرفتەکانی لەگەڵ لایەنی پەیوەندییدار بێت، بۆئەوەی پەیوەندییکردن ئاسایی ببێتەوە یاخود کەمکردنەوەی نرخی پەیوەندییکردن یاخود هەرزانکردنی کارتی پڕکردنەوەی باڵانس لە بەرامبەر ئەو زیانەی بەهۆی ئەوەوە بە هاووڵاتیان دەگات، لەبەرئەوەی هاووڵاتی هیچ تاوانێكی نییە تووشی پچڕانی هێڵ و وەرنەگرتنی پەیوەندیی تەلەفۆنی ببێت.

سەرچاوەیەک لە كۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق:
هەركاتێك کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم ئەو باجەی لەسەریانە بیدەن سزاکەی لەسەر لادەبەین

 


بێدەنگی حکومەتی هەرێم

عیسا مزەفەر هاووڵاتییەكی دیکەیە کە خاوەنی هێڵی پەیوەندیی کردنی کۆڕەک تێلیکۆمە وتی: ناكرێت لەبەر عینادی كۆمپانیایەك و خۆ دزینەوە لە باج، سەدان هەزار بەشداربووی كۆمپانیایەكی گەورەی تەلەفۆنی رۆژانە تووشی كێشەی وەرنەگرتنی پەیوەندیی بن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هیچ رێوشوێنێك لە بەرامبەر كۆمپانیاکەدا نەگرێتەبەر.
وتیشی: ئەو كێشەیە لە هەر وڵاتێكی تردا بوایە حكومەت دەستوەردانی دەکرد بۆ چارەسەركردنی و لە سوودی هاووڵاتیان بڕیاری دەدا.
هاوکات ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو بابەتە لەنێوان كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم و كۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عیراقە و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە.

وەڵامی لایەنی سزادەر و سزا دراو
دەربارەی چارسەرکردنی گرفتەکە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی کۆڕەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری پەیوەندییکردن، سەرچاوەیەک لە كۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق رایگەیاند: هەركاتێك کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم ئەو باجەی لەسەریانە بیدەن سزاکەی لەسەر لادەبەین و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری پەیوەندییکردن ئاسایی دەکەینەوە، ئێستا هیچ زانیارییەكمان نییە ئەو كێشەیە كەی چارەسەر دەبێت.
ئێستا بەشداربوانی كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم ناتوانن پەیوەندیی بەسێ كۆمپانیای تری پەیوەندیی تەلەفۆنی لە عیراق بکەن. 
هاوکات سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات بە کوردستانی نوێی راگەیاند: دۆسیەی كێشەکەمان لەلای كۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عیراقە و كاركردن و گفتوگۆ لەسەری بەردەوامە بە مەبەستی چارەسەركردن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان