پڕۆژەی مارشاڵ زیندوودەكرێتەوە

10:42 - 2022-06-27
ڕاپۆرت
592 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

لەوەتەی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا دەستیپێكردووە، لە نێوەندی سیاسیی ئەوروپی و ئەڵمانیدا مشتومڕێكی زۆر هەیە لەسەر چۆنێتیی هاوكاریی سەربازی و باربۆی دارایی ئەڵمانیا بۆ ئۆكرانیا و زۆرینە رەخنەیان لە سستیی حكومەت دەگرت لە پێشكەشكردنی ئەو یارمەتییانە.
لەم رۆژانەدا ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری ئەڵمانیا لە دوای گەڕانەوەی لە ئۆكرانیا و دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە، لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی Bundestag ئەو پرسەی یەكلاكردەوە و رایگەیاند، كە حكومەتی كیێڤ لەو جەنگەدا پێویستی بە دەستگرتن و هاوئاهەنگیی ئابووری و سەربازی هەیە و لە دوای جەنگیش ئەو هاوكارییانە هەر دەمێنێ و پێویستە لەسەرمان كە بەردەوامبین لەگەڵیاندا، بۆیە لە ئێستا و داهاتووشدا هەموو جۆرە یارمەتییەكیان بۆ دەنێرین.
مارشاڵێكی نوێ
راوێژكاری ئەڵمانیا پڕۆژەی حكومەتەكەی ئاشكرا كرد و وتی: ئێمە لەسەر ئاستی وڵاتەكەمان پلانی مارشاڵ زیندوو دەكەینەوە و هەمان شێوەی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم پیادە دەكەین، هەوڵیش دەدەین ئەو پڕۆژەیە لەسەر ئاستی هاوپەیمانی ناتۆ جێگیر بكەین، ئەمەش دەبێتە بناغەیەكی پتەو بۆ نەوەكانی داهاتوومان كە خەمی بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ئۆكرانیا لە ئەستۆبگرن و بیخەنە ناو ئەجێندای سیاسی و ئیداری وڵاتەوە.
راوێژكاری ئەڵمانیا ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی مارشاڵ كرد لە سەرلەنوێ بووژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی هەندێ وڵات، كە بەهۆی جەنگەوە وێران ببوون و ئەو كاتە لەساڵی 1947، جۆرج مارشاڵ گەورە سیاسەتمەداری ئەمریكی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئەو پڕۆژەیەی پێشنیازكرد و هەر بەناوی خۆیشیەوە ناوی دەركرد. مەبەست لێی، بووژاندنەوەی ئەڵمانیا و ئیتالیا و وڵاتانی تر بوو كە لە جەنگەكەدا زیانی زۆریان بەركەوتبوو، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیان ملیار دۆلاری تەرخانكرد و بووە دەستپێكی گەشەكردنەوەی ئابووری ئەو وڵاتانە و پلانەكە تا 1951 بەردەوامبوو، لە كۆتاییدا ئەنجامێكی ئەرێنی بەدەستهێنا و سەرەتاكانی بووژانەوە و گەشە و بنیاتنانەوە دەركەوتن. لە سەروبەندی جێبەجێكردنی مارشاڵدا، حكومەتی روسیای دوای جەنگ ئەو پلانەی بە سەپاندنی هەژموونی ئەمریكا دەبینی بەسەر ئەوروپاوە، بۆیە هەندێ وڵاتی دۆست و سەرسنووری خۆی وەك پۆڵۆنیا و چیك و سلۆڤاكیای ناچاردەكرد كە یارمەتییەكان وەرنەگرن.
لە كاردانەوەی ئەو وتانەی شۆڵتز و وڵاتانی تردا، هەریەك لە ماریا زاخارۆفا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ‌و سێرگی ریابكۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایانگەیاند: ئەو هەوڵانە دۆخەکە مەترسیدار دەكەن. ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی وڵاتەكەش ئاشكرایكرد، كە تا كۆتایی ساڵ موشەكێكی دوورهاوێژی كاریگەری ئەتۆمی بەناوی موشەكی شەیتان دروست دەكەن و دەیخەنە خزمەت سوپای وڵاتەكەیانەوە. بەپێی رۆژنامەی لیبراسۆنی فەرەنسی، ئەو موشەكە بالیستییە نوێیە لەتوانایدایە لە ماوەی 106 چركەدا بەرلین و لە 200 چركەدا پاریس و لە202 چركەدا لەندەن وێران و كاول بكات. شارەزایانی بواری سەربازی ‌و سیاسیش دەڵێن، كە ئەوە هەڕەشەی خاپووركردنی ئەوروپایە.

سەرچاوە: Spiegel Online

بابەتە پەیوەندیدارەکان