مانگێک بەردەوام دەبێت

مەکتەبی رێکخستن: خولێکی پەروەردەیی و راهێنانی تیۆری و پراکتیکییە

11:15 - 2022-06-27
ڕاپۆرت
414 جار خوێندراوەتەوە
# خولێکی پەروەردەیی و راهێنان بۆ 65 كادری سنووری 18 مەڵبەندی یەکێتی

راپۆرتی- ئاوات كۆكەیی

مەكتەبی رێكخستنی ی.ن.ك لە دەستپێكی وەرزی نوێی كاری رێكخراوەیی ‌و پێگەیاندن ‌و هۆشیاركردنەوەی كادراندا رۆژی 18/6/2022 لە بواری پێگەیاندن ‌و هۆشیاركردنەوەی كادران ‌و ئەنداماندا، لە هۆڵی شەهید ئاشتی خولی پەروەردە و راهێنانی بۆ 65 كادری سنووری 18 مەڵبەندی یەکێتی كردەوە كە بڕیارە ماوەی یەك مانگ بخایەنێت  و تێیدا جگە لە چەند سەركردەیەكی یەكێتی كە وەك میوان موحازەرە پێشكەش دەكەن، لەلایەن ژمارەیەك مامۆستای زانكۆی سلێمانی ‌و پۆلەتەكنیكی سلێمانییەوە وانەکان پێشكەش دەکرێن.
لەبارەی خولەكەشەوە سەرەتا رێبوار ستار، ئەندامی مەكتەبی رێكخستن و لێپرسراوی راگەیاندنی مەكتەب باسی لەوە كرد مەكتەبەكەیان لە دوای دەستەبەكاربوونی هەڤاڵ سەركەوت زەكی وەك لێپرسراوی مەكتەب، بیریان لەوە كردۆتەوە خولێكی جیاواز لە خولەكانی پێشووتر بۆ كادرانی سنووری هەموو مەڵبەندەكان بكرێتەوە، تایبەت بێت بە پێگەیاندنی كادر بۆ بواری میدیا، چ بۆ سەر شاشە و چ بۆ سۆشیال میدیا و بواری نووسینیش، واتا ئەو كادرانە پەروەردە بكرێن وەك قسەكەر و شرۆڤەكار تا لە راگەیاندنەكانی یەكێتی و دەرەوەی یەكێتیش قسە بكەن و بتوانن تەعبیر لە سیاسەتی یەكێتی و بەرگریی لە بەرنامە و سیاسەتی یەكێتی بكەن.

65 خوێندكار لە  زاخۆوە تا خانەقین
وتیشی: 65 خوێندكار لە سنووری هەر  18 مەڵبەندەكەی یەكێتی لە زاخۆوە تا خانەقین بەشدارییان كردووە و جەختیشی كردەوە لە دەستنیشانكردنی بەشداراندا پەیوەستیش نەبوون بە پلەی حزبییەوە.
روونیشیكردەوە بەباش زانراوە ئەوانەی بەشداری خولەكە دەكەن خۆیان وزەیەكی رووناكبیریی ‌و باكگراوندێكیان هەبێت و لەوانە بن كە دەتوانن قسە بكەن، بەڵام هەندێك شەرم و ترسیان هەیە لە كامێرا و دەركەوتن كە خولەكە بۆ نەهێشتنی ئەو ستریس ‌و ترسە و بەرزكردنەوەی ئاستی زانیاریی و بەرچاوڕوونییانە.
لەبارەی مامۆستای وانەبێژەكانیشەوە وتی: مامۆستاكان لە هەریەك لە زانكۆكانی سلێمانی و پۆلیتەكنیكەوە دابینكراون كە مامۆستای راگەیاندن و پسپۆڕی ئەو بوارەن، جگەلەوەش هەریەك لە بەڕێزان ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی ‌و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و سەركەوت زەكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ‌و لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن وەك میوان موحازەرە پێشكەش دەكەن و پێدەچێت هەڤاڵانی دیكەش موحازەرە و بەشدارییان هەبێت.
هۆڵی شەهید ئاشتی
وتیشی: بە پاڵپشتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەوڵی لێپرسراوی مەكتەب هۆڵێك دروستكراوە بۆ خولەكانی ئێستا و داهاتووی مەكتەب و لەبارەی ناونانی هۆڵەكەشەوە وتی: هۆڵەكە بەناوی شەهید ئەبوبەكر نوری (ئاشتی)یەوە ناونراوە كە ساڵی 1976 لەكاتێكدا خوێندكاری زانكۆبووە، بووە بە پێشمەرگە و وەك كادر و پێشمەرگە لە سنووری قەرەداغ خەباتی كردووە، دواتر دەستگیركراوە و لەسێدارەدراوە، بۆ رێزلێنان لە گیانی ئەو كادرە رۆژی 18/6/2022 بە ئامادەبوونی كەسوكارەكەی هۆڵەكە كرایەوە و هەر ئەو رۆژەش خولەكە بە وانەیەکی د. ئیبراهیم سەعید دەستیپێكرد.
سەبارەت بە ماوەی خولەكە و میكانیزمی نیشەجێبوونی بەشدارانی خولەكەش رایگەیاند: خولەكە بۆ مانگێكە و هەفتەی سێ رۆژە، لەلایەن مەكتەبی رێكخستنیشەوە هۆتێل و شوێنی مانەوە و نانخواردن و كەلوپەلی قرتاسییە بۆ كادرانی بەشدار دابینكراوە و لە كۆتایی خولەكەشدا خوێندكاران دەكرێنە چەند گروپێكەوە و وانەی پراكتیكیان پێ دەوترێتەوە لە ستۆدیۆكانی سەتەلایتی گەلی كوردستان.
نەخشەڕێیەكی جیاواز
د.فوئاد عەلی ئەندامی مەكتەبی رێكخستن و لێپرسراوی بەشی رووناكبیریی مەكتەبی رێكخستنیش كە یەكێكە لە سەرپەرشیتیارانی خولەكە: رایگەیاند: چەند مانگێكە گۆڕانكاریی گەورە لە هەموو جومگەكانی مەكتەبی رێكخستندا دەستیپێكردووە و نەخشەڕێیەکی جیاواز هەیە تا هەریەك لە هەڤاڵان لە بوارەكانی خۆیانەوە دەستبەكاربن.
وتیشی: ماوەیەكی زۆرە كادر لە خولەكانی پەروەردەی كادران دابڕاوە لە هەموو ئاستەكاندا، وتیشی: خودی هەڤاڵ سەركەوت زەكی بە نەخشەڕێیەی خۆیەوە هاتۆتە مەكتەبی رێكخستن كە هەموو بوارەكان دەگرێتەوە و یەكێك لەوانە پەروەردەكردنی كادرانە و جەختیشی كردەوە لەوەی چەندین خولی دیكە دەكرێتەوە و ئامانجیش لەم خولانە پەروەردەكردنی كادرانە بۆ هەموو پسپۆڕیی و سێكتەر و بەشەكان لە ئاستی مەڵبەند و مەكتەبی رێكخستندا. 
سەبارەت بە مەرجی وەرگرتنی خوێندكارەكانیش وتی: ئاگاداری مەڵبەندەكانمان كردۆتەوە كە دەبێت كادرە بەشدارەكان خۆیان حەزیان هەبێت بۆ كاری راگەیاندن و باكگراوەندێكی زانیارییان هەبێت، لانیكەم ئەزموونێكی هەبێت لە بوارەكەدا، لێرەش تێستێكمان كردوون و تا رادەیەك 
فلتەرمان داناوە.
مەكتەبی رێكخستن لێرەدا راناوەستێت
خاڵێكی تر كە گرنگە ئاماژەی پێبدەین، شێوازی پەروەردەكردن و خولەكانە كە ئێمە گۆڕانكاریمان تێداكردووە شێوازێكی سەردەمییانەمان گرتۆتەبەر و ناومان ناوە خولی پەروەردەكردن و راهێنان.
راشیگەیاند لێرەدا ناوەستن و پلانی چەندین خولی دیكەیان هەیە بۆ هەموو ئاستەكان و  وتی: دەمانەوێت ئەو دابڕانە نەهێڵین لەگەڵ ئەو دەیان توانا باشە ئەكادیمییەی كە هەمانە لە زانكۆكان و لە هەموو پسپۆڕییەكاندا، ئەوانەی كادری یەكێتین، تائێستا پێیان نەوتراوە و سوود لە توانایان وەرنەگیراوە، خۆشبەختانە ئێستا لە دەرگامان داون و بە خۆشحاڵییەوە هاتوونەتە پێشەوە، بەڕاستیش سەردەمەكە سەردەمی پسپۆڕیی و شارەزاییە، بۆیە دەبێت سوودیان لێ وەربگرین.
ئاماژەی بەوەشدا كە هەر خوێندكارێك دەتوانێت ببێت  بە مامۆستا و لە سنووری مەڵبەندەكەی خۆیدا خول بكاتەوە و ئەم بابەتانە دووبارە تەرجەمە بكاتەوە بۆ هەڤاڵانی تری سنوورەكەی خۆی كە چانسی بەشدارییان لەم خولەكەدا بۆ نەڕەخساوە.
وانەی تیۆریی و پراكتیكی
د.هەژار شێخ محەمەد مامۆستای زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی كە یەكێكە لە وانەبێژەكانی ئەو خولە، وتی: لەم خولەدا دەبوو دوو وانەم هەبێت، بەڵام شتێكم بۆ زیادكردووە وەك جۆرەكانی بەرنامە و دیمانەی تەلەفزیۆنی و زمانی جەستە و ئاماژە دەستییەكان كە پێویستە هەندێكجار بەكاریانبهێنین لەكاتی قسەكردندا. ئەمانەم لە رووی تیۆرییەوە پێوتوون، لە هەفتەی كۆتایی خولەكەشدا لە بە پراكتیكی ئەوە دەخوێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان