لاپەڕەی سەروەران
سەید مەجید گردعازەبانی كە لە ئەدەبیات و زاراوەی هەولێریاندا بە خارە سەید مەجید بەناوبانگە، تێكۆشەری دیاری هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێ و كەسایەتییەكی بەناوبانگی ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستانە.
سەركردە و فەرماندەی رۆژە سەختەكانی خەباتی پێشمەرگایەتیشە.
وەك بنەماڵە و كەسێتی خۆشی خاوەن ناوبانگ و پێگەی تایبەتن، بۆخۆی كەسایەتی ئاینی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و پێشمەرگەییە، لە حوجرە و قوتابخانە ئاینییەكان خوێندوویەتی و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، وەك مامۆستایەكی ئاینی وتاری داوە و خەڵكی بانگكردووە بۆ رێگەی چاكە و دووركەوتنەوە لە كاری خراپە، لە پاڵ مەلایەتییەكەشیدا وەك تێكۆشەرێكی كوردایەتی رۆڵی بینیوە لە گۆشكردنی رۆڵەكانی گەلی كورد.
هەر بۆیە لە چلەكانی سەدەی رابردوودا تێكەڵی كۆڕی تێكۆشەران بووە و لە كۆتایی ساڵانی پەنجاكانیشدا پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.
كاتێكیش شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1961 بەرپاكرا، خارە سەید مەجید بێ دوودڵی چەكی شەرەفی كردە شانی و وەك پێشمەرگەیەك دەستی دایە خەباتێكی سەخت بۆ گەلەكەی.
بەهۆی لێوەشاوەیی و شایستەییەوە، هەر زوو ناوبانگی دەركرد و كرایە كارگێڕی لقی دووی پارتی، پاشان لەبەر پێویستی و ئازایەتییەكەی، گوازرایەوە بۆ ناو هێزی پێشمەگە و وەك فەرماندەیەك ئەركی گرنگی فەرماندەیی كردنی پێشمەرگەی پێ سپێردرا.
رژێمی ئەوسای عیراق كە دەستی دایە سیاسەتە چەپەڵەكەی و كەوتە رووخاندنی خانوو و لانەی تێكۆشەران، خارە سەید مەجید یەكەم كەس بوو كە بەهۆی هەڵوێست و ناوبانگەیەكەوە، لە هەولێر كە خانووەكەی رووخێندرا.
هەمیشە خاوەن هەڵوێست و بیروباوەڕیی تایەبتی خۆی بووە، لە پێناو باوەڕەكەشیدا هەرباجێك پێویستبێت داویەتی.
دوای دوولەتبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و ناكۆكی نێوان سەركردەكان لە ساڵی 1964دا، خارە سەید مەجید لایەنگری باڵی مەكتەبی سیاسیی حزبەكەی كرد، هاوڕێ و دۆستی نزیكی سەرۆك مام جەلال بووە.
دوای تێكەڵبوونەوەی هەر دوو باڵەكەی پارتی، ئەویش كەتەوە ئیشكردن لە چوارچێوەی حزبەكەدا و بەلایەوە گرنگ نەبوو هەر پلەیەكی بدەنێ، تەنیا مەبەستی بوو خزمەت و خەبات بكات.
دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولیش لە ساڵی 1975دا، چووە ئێران و لەگەڵ هاوڕێكانی (شەهیدان عەلی عەسكەری ) و تێكۆشەرانی دیكە، بەشداربووە لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بە باسوخواسی درێژەدان بە شۆڕش، یان هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، هەر لەو چوارچێوەیەدا پشتگیریی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی كرد و هەر لە ساڵی 1975دا وەك كەسایەتییەك لە هێڵی گشتیدا پەیوەندیی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كرد، ساڵی 1979ش لەسەر داوای سەركردایەتی شۆڕش و لەبەر پێویستی قۆناغەكە، رێگەی شاخی گرتە بەر.
لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا چەندین پلە و پایەی گەورە و گرنگی پێدرا، فەرماندەی هەرێمێكی گەورەی وەك هەرێمی هەولێر بووە، ئەندامی سەردایەتی یەكێتی شۆڕشگێڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.
فەرماندەیی شەڕ و داستانە گەورەكانی هێزی پێشمەرگەی كردووە، سێجاریش بە سەختی برینداركراوە.
لە قۆناغە سەختەكەی ئەنفالیش لە خبات دانەبڕا و ئاوارەی ئێران بوو.
بەداخەوە، رۆژی 15/8/2024 لە شاری هەولێر، كۆچی دوایی كرد.