حەیدەرمەنتك
خاڵە سەید مەجیدی گردعازەبان، سەركردە و فەرماندەی دێرین و تێكۆشەری هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێ، هەر لە تەمەی مێردمنداڵیدا خاوەن هەستی نەتەوەیی بووە و پەی بە زوڵم و زۆریی سەر گەلەكەی بردووە.
ساڵی 1963 یەكەم كەس بووە لە هەولێر كە خانووەكەی لە لایەن رژێمەوە روخێندراوە.
هەمیشە لە خەباتدابووە و هاوڕێ و دۆستێكی نزیكی هەڤاڵ مام جەلال بووە.
بەداخەوە، ئێوارەی پێنجشەممە، 15/8/2024 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
مەجید حوسێن موڕسەل زەمان ناسراو بە خاڵە سەید مەجید، لە دایكبووی ساڵی 1930ی گوندی (گردعازەبان)ی پارێزگای هەولێرە.
دەرچووی خوێندنگەی ئاینییە و ساڵێك مەلایەتی كردووە لە گوندی منارە.
ساڵی 1953 پەیوەندی كردووە بە پارتییەوە و ساڵی 1961 بووە بە پێشمەرگە و هاوكات بۆتە كارگێڕی لقی 2ی حزبەكە، ساڵی 1963 بەپلەی كارگێڕی لق گوازراوەتەوە بۆ لقی پێشمەرگە لە چەمی رێزان، هەرلەو ساڵەدا خانووەكەی لە هەولێر رووخێندراوە.
ساڵی 1964 لایەنگری باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە و دوای تێكەڵبوونەوەی هەر دوو باڵەكە، ساڵی 1971 كراوەتەوە ئەندام ناوچە لە لیژنەی ناوچەی (گەڵاڵە).
لە هەرەسی ساڵی 1975دا رویكردۆتە ئێران، لەگەڵ شەهید (عەلی عەسكەری) و عومەر دەبابەو كۆمەڵێك سەركردە و تێكۆشەری دیكە بەشداربووە لە كۆبوونەوەكانی درێژدان بە شۆڕش، هەر ئەوساڵە لە رێكخستنەكانی یەكێتیدا دەستی بە خەبات كردۆتەوە لە هێڵی گشتی، ساڵی 1979 لەسەر داوای شۆڕش بۆتەوە بە پێشمەرگە، هەمان ساڵ وەك سەرپەرشتیاری بەشێك لە هێزەكانی یەكێتی رەوانەی خۆرهەڵاتی كوردستان كراوە بۆ پشتگیریی لە كوردی ئەو پارچەیە بۆ دژایەتی رژێمی شای ئێران.
دوای گەڕانەوەی كراوە بە فەرماندەی هەرێمی هەشتی دەشتی هەولێر، ساڵی 1980 بووە بە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و هەمان كات ئەندامی مەكتەبی عەسكەری بووە، پایزی ساڵی 1982 لە كۆنفرانسی یەكگرتنی هێلی گشتی و بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستاندا و پێكهێنانی (یەكێتی شۆڕشگێڕان)، وەك ئەندامی سەركردایەتی رێكخراوەكە و ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی ی.ن.ك دیاری كرا.
كۆتایی هەمان ساڵیش كە مەڵبەندەكان دووستكران، وەك یەكەم لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێر، دەستبەكاربوو.
ساڵی 1988 ئاوارەی ئێران بوو، دواتر لە سوید گیرسایەوە.
لە پێشمەرگایەتیدا بەشداریی لە چەندین هێرش و بەرگری كردووە لە سنووری مەڵبەندی هەولێر و سەركردایەتی و كوردسانی خۆرهەڵات، سێجاریش برینداركراوە.