رەبیع جابر
پێدەچێت هێزو توانای مرۆڤ بۆ بە گەڕخستنی توندوتیژی سنوری بۆنەبێـت
ئەوانەی دەچنە ژاپۆن، دەتوانن سەردانی ئەو مۆزەخانەیە بكەن، كە بۆ یادی بۆمبە ئەتۆمییەكەی شاری هێرۆشیما تەرخانكراوە. لەوێدا دەتوانێت لەسەر دیوارەكان، وێنەی شارێك ببینێت كە لە چاوتروكانێكدا خاپوور دەكرێت
لە رۆمانەكەیدا ( یومیات العصفور الالي ) كە ساڵی 1997 بڵاویكردۆتەوە، هاروكی مۆراكامی باس لە لەشكركێشی ژاپۆنییەكان دەكات لە مەنشوریا و لە شكركێشیەكەش لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا روویداوە. لەوێدا باس لەو پڕۆسەی لێدان و سزادانە دەكات کە ئەفسەرە ژاپۆنییەكان ئەنجامیان داوە.
وتەزان (پێست گرون ) سەرو زیادەو پێویست بە وردەكاری ناكات. مۆراكامی بەوێناكردنی پڕۆسەی سزادانەكان خوێنەر دەكوژێت. تۆ بڵێی كەس پێویستی بە گێڕانەوەی ئەو هەموو شتە هەبێت ؟
ئەوانەی دەچنە ژاپۆن، دەتوانن سەردانی ئەو مۆزەخانەیە بكەن، كە بۆ یادی بۆمبە ئەتۆمییەكەی شاری هێرۆشیما تەرخانكراوە. لەوێدا دەتوانێت لەسەر دیوارەكان، وێنەی شارێك ببینێت كە لە چاوتروكانێكدا خاپوور دەكرێت. بە سەقفی مۆزەخانەكەشەوە گومەزەكە دەبینێ كە بۆمبەكە ، هاوكات وێنەی ئەو پیاوانەش دەبینێت كە گۆشت بە ئێسكیانەوە نامێنێ، لەبەر گڕو ئاگری تیشکی ئەتۆمی. روبارێک دەبینێ كە بە لاشەی مردووان بەری گیراوە، كوڕیژگەیەك دەبینێ جانتایەك بە كۆڵیەوەیەتی، گەرما تواندویتەوەو لە شولاری بەو پاسكیلەوە نووساوە كە سواری بووە. ژنێك دەبینێ پەنجەكانی هەڵوەریون. هۆردوییەك بریندار دەبینێ كە بەنێو وێرانە خاكێكدا رێدەكەن و چاویان بڕیوەتە فەزایەكی زەردی بێ تخووب.
ئەو كەسە كە مۆزەخانەكە جێبهێڵێت بەنێو دارودرەختی پاركەكەدا بڕوات و لەژێر ئاسمانی شینی ژاپۆندا لە قەڵەڕەشەكانی بڕوانێت، هەست بە ترسێكی زۆر دەكات لە دیمەنی خۆرئاوا بوون. ئەو خەپڵەسورە بریسكەدارەی بەسەر هێرۆشیماوە دەدرەوشێتەوە، ئاخۆ ئەوە هەموو دەمەو عەسرێك كە دیارنامێنێ و بزر دەبێـت، ئەو بۆمبە نەفرەتییەمان بیرناهێنێتەوە؟ ژاپۆنییەكان چیرۆك و رۆمانی زۆر و بێ شوماریان دەربارەی هێرۆشیما و تراژیدیای بۆمبە تەتۆمییەكە نووسیوە، ئەو شوێنەیان وەك خۆی بێ دەستكاری جێهێشتووە كە بۆمبەكە لێیدراوە، وەک شایەتحاڵێك لەسەر ئەو رۆژە ترسناكە. دوای ئەوەش توانیان لە خۆڵەمێشی ئەو ماڵوێرانییەوە هەستنەوە.
رۆماننوسی كۆڵۆمبی گابرێل گارسیا ماركیز لە (سەدساڵەی تەنیایی -1967)دا، باس لە بەسەرهاتی ئەو شەڕە ناوخۆییانە دەکات كە لەسەدەی نۆزدەهەمەوە بەرۆكی وڵاتەكەی گرتووە، لە یەكێك لە نەسكەكانی ئەو رۆمانەیدا كە لە رۆمانەكانی دیكەیدا پێشتر و بە شێوازی تر بەسەری كردۆتەوە، باس لە قەسابخانەیەك دەكات كە سوپا ئەنجامیداوە. شەمەندۆفێرێكمان نیشان دەدات كەپڕكراوە لە تەرم، لە بری هێشووە مۆز و لە شەوێكی باراناویدا بەرەو دەریا مل دەنێت. لەنێو تەرمی كوژراوەكاندا، كابرایەك لە بنەماڵەی (بۆیندیا) بە برینداری دێتەدەرێ. پیاوێك بە چاوی خۆی قەتڵ و عامەكەی بینیووەو لە چارەی نووسراوە بە زیندویەتی بمێنێتەوە. پیاوێك بوونی لەو كتێبەدا بۆ خاتری ئەم چركەساتەیە : (سەروەختێك جوزێ ئەركاردیۆی دووەم بەهۆش خۆی هاتەوە، سەیری كرد لەو تاریكییەدا لەسەرپشت كەوتووە و وەك ئەوە وایە لەنێوحەشاماتێكی بێدەنگدا كە ئەو سەری دیار نییە، رێ بكات. بەهۆی خوێنی وشكەوەبووەوە قژی پێكەوە نووسا بوو. تەواوی ئێسقانەكانی ژانیان دەكرد. هەستی دەكرد خەوێكی زۆری دێت و خۆی بۆئەوە ئامادە دەكرد تا خەوێكی قوڵ بكات، خەوێك چەندین كاتژمێری بخایەنێت.
سەروەختێك لەو ترس و بیمە قوتاری بوو، خۆی بەو لایەدا خست كەلاكەی تری كەمتر بە ئازار بوو. ئەوكات درك بەوە دەكات لەسەرلاشەی كوژراوان نووستووە. فارگۆنی شەمەندۆفێرەكە بەو لاشانە تەنراوە و جێگەی چۆڵی تێدا نەماوە، جگە لەو رێرەوە نەبێـت كە لە ناوەڕاستیدا بوو.
هێندە نابات ئەو قەسابخانەیەی وێستگەی (ئەتوشا) ئاشكرا دەبێت و ئاژانسەكان هەواڵ بە پەلە هەوڵدەدەن، ژمارەكانی بڵاوبكەنەوە. سەرەتا دەڵێن 173 كوژراو، پاشان ژمارەكە بۆ 180 و دواتر بۆ 187 و 199 بەرز دەبێـتەوە.
دووسەد كوژراو، هەروەها نزیكەی هەزارو پێنچ سەد بریندار، ئەمە دوای ئەو تەقینەوانەی شەنەندۆفێرەكانی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیای كردە ئامانج.
پیاوان و ژنان و مناڵان، لە رۆژێكی پێنج شەممەی ئاسایی دیكەدا، بەیانییەكی شارە هێمنەكەیان بەڕێ دەكرد، لێ كوژراوەكان ناگەنە رۆژی هەینی و بۆهەتاهەتایە لەو پێنچ شەممەیەدا گیردەخۆن.
ئایا ئێمە دەزانین ئەوانە كێبوون؟ چۆن ژیان؟ خەون و پلانیان بۆ سبەینێ چی بووە، ئەو سبەینێیەی هەرگیز نایەت؟
لەنێو برینداراندا كەسانێكی تێدابوو چاویان عەیبارو زامدار بوو، لەتین و تاوی ئەو تەقینەوە گەورەیە. ئەوانە لەمڕۆ بەدوا ئاسمان نابینن، وەك ئەوەی خوێنەرانی ئەم وشانە دەیبینن. بەر لە چەندین مانگ، بەر لە دوو یان سێ ساڵ، لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە ئەوەیان بینی كە لە نیویۆرك قەوما. كەچی ئێستا ئەوان خۆیان لەسەرشاشەی تەلەفزیۆنەكانن. كابرایەك پاڵی داوە بە عەمودێكەوەو سەیری سەرەوە دەكات، دەموچاوی خوێناوییە، تۆبڵێی بەوسەروە چی ببینێت ؟
ئاسمانێكی شین و هەورێكی سپی كە بە رەنگی سوور شەپۆل دەدات، پاشان چاوانی دادەخات. ئەم كابرایە نامرێت و رزگاری بووە، لێ هەنووكە تەنها تارمایی دەبینێت، لەگەڵ رەنگێكی لمینی زەرد كە سیماكانی داپۆشیوە. لانی كەم ئەو زیندوو ماوەتەوە.