گردی شوێنەواریی شرمۆلا، هێمای مێژوویی شاری عامودا

10:10 - 2024-08-20
کەلتور
121 جار خوێندراوەتەوە

 

 

 لە ناوەندی شاری عامودای رۆژئاوای کوردستان کە پێشتر پێی دەوترا گەڕەکی مەسیحی، گردی شوێنەواریی شرمۆلا هەیە و لە زۆر سەرچاوەی مێژووییدا باسی کراوە، بەڵام تائێستا مێژووی دروستبوونی به‌وردی دیارنییە. 
بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی، پێشتر گردی شرمۆلا رووبەرەکەی نزیکەی چوار هەزار مەتر چوارگۆشە بووە و بەرزییەکەی زیاتر لە 10 مەتر بووە. بەڵام رووبه‌ری ئێستای گردەکە 200 مەتر چوارگۆشەی ماوه‌ته‌وه‌.

لە ماوەی رابردوودا ئەم گردە پشتگوێ خراوە و خەڵکی ناوچەکە خۆڵی گرده‌كه‌ی بردووە بۆ دروستکردنی خانوو، هه‌روه‌ها پاشماوەی شوێنەوارییه‌كانی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تاڵانكراوە، ئه‌مه‌ش زیاتر سیمای گردەکەی شێواندووە و کاریگەریی له‌سه‌ر مێژووه‌كه‌ی دروستكردووه‌

گردەکە بەم هۆکارانە بچووک بووەتەوە
له‌وباره‌یه‌وه‌ دڵشاد موراد سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری شرمۆلا له‌ قامیشلۆ به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: گردی شوێنەواری شرمۆلا دەکەوێتە ناوەندی شاری عامودا و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین، لە سەردەمی شارستانییه‌تی هۆری و میتانی کە شارستانیەتێکی کوردی بووە، پێشتر گردەکە زۆر گەورەتر و بەرزتر بووە لە ئێستا، بەڵام لە ماوەی رابردوودا ئەم گردە پشتگوێ خراوە و خەڵکی ناوچەکە خۆڵی گرده‌كه‌ی بردووە بۆ دروستکردنی خانوو، هه‌روه‌ها پاشماوەی شوێنەوارییه‌كانی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تاڵانكراوە، ئه‌مه‌ش زیاتر سیمای گردەکەی شێواندووە و کاریگەریی له‌سه‌ر مێژووه‌كه‌ی دروستكردووه‌ و قەبارەی گردەکەشی بچوکتر کردۆتەوە.
وتیشی: له ‌سه‌رده‌مانی پێشوودا بۆ ماوەیەک گردی شرمۆلا وەک شوێنی پشوودان بووه‌، بۆ بازرگانان و کاروانچییه‌كان. ئەو شوێنەوارە زۆر کۆنە و هێمای مێژووی شاری عامودای رۆژئاوای كوردستانە. هەر لەبەر ئەمەشە ناوی گۆڤارەکەمان كراوه‌ به‌ شرمۆلا، كه‌ ئێستا زۆرێك له‌ نووسەرانی کورد و عەرەب له‌ هه‌موو وڵاتاندا بەبێ جیاوازی بۆ گۆڤارەکەمان دەنووسن و بەهۆی ناوه‌ مێژووییەکەیەوە، بووەتە جێی سەرنجی نووسەران و توێژەرانی ئەکادیمی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
800 ساڵ پێش زایین
باسی لەوەشکرد، شاری عامودا سەرەتای شارستانییەتی خۆرئاوای کوردستانە و له‌ پێش زاییندا، ناوچەکە شوێنی نیشته‌جێی چەندین شارستانییەتی وەک میدیا و هۆری و میتانی و ئاشووری و چەندانی تر بووە، هەروەها چەندین گردی مێژوویی و بەناوبانگی دیکەش لە شارەکەدا هه‌ن، بۆ نموونە گردی مۆزان کە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی میتانی بووە، بەتایبەتی لەو سنوورەدا چه‌ندین گردی دیكه‌ی مێژوویی گه‌وره‌ و به‌رز هه‌ن و لە سەردەمی کۆندا جه‌نگاوه‌رانی کورد بۆ پاراستنی خۆیان لە دوژمن و داگیركه‌ران ئەم گردانەیان دروست دەکرد. 
شایه‌نی باسه‌ كۆمه‌ڵێك گردی شوێنەواری مێژوویی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان هەن، وەک گردی گۆزان لە باشووری سه‌رێ كانی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین، هەروەها گردی براک ناجار کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی خۆرهەڵات. هاوكات گردی شوێنەواریی ئەجاجە کە دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەوە و ناوەندێکی گرنگی شانشینی میتانی بووه‌، هه‌روه‌ک گردی مێژوویی سپی لە کەناری راستی رووباری خاپوور کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 800 پ. ز. هەروەها گردی دێرۆنا خاكێ کە دەکەوێتە باکووری کۆمەڵگەی چل ئاغا له‌ دێریك، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەسکەندەری مەکدۆنی. 
له‌ به‌شی رۆژئاوای كوردستاندا زیاتر لە هەزار شوێنەواری مێژوویی گرنگ هەن، کە بەشێکیان گردی گەورە و مێژوویین و بوونه‌ته‌ جێی بایه‌خی شوێنه‌وارناسان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان