خاڵە سەید مەجید یـان سومبولی كوردایەتی دەشتی هەولێر

10:42 - 2024-08-20
کوردستان
355 جار خوێندراوەتەوە

د.ئەرسەلان بایز

گەنج بـووم، تازە تەمەنم دەگەیشتە (17) ساڵان، بەڵام هەڵچووێكی زیت و بە جۆش و خرۆش بووم. ئەو رۆژانە خۆشەویستی كوردستان و پێشمەرگایەتی، جیا لەوەی ئەركێكی نیشتمانیی پیرۆز بوو، لە هەمان كاتیشدا عەشقێكی گەورە بوو. ساڵانی زوو حزبایەتی و خەبات لە پێناو مافە رەواكانی گەل، لە چالاكی نهێنی و زیندان و راكەڕاكە و خۆشاردنەوە لە چاوی دەزگا مەرگ چێنەكانی پۆلیس و ئەمن، دواتر پەنا بردنە شاخ و پێشمەرگایەتی هیچ ئیمتیازێكی تری نەبوو. یەكێ لە رۆژەكانی ئەو سەردەمە، پێشمەرگەیەكی باڵا مام ناوەندی هەندێ لاواز، دوو خەریتە (ڕەخت)ی پڕ لە فیشەكی بڕنۆ لە كەمەر، تفەنگێكی وسط لە شان، جامانەیەكی بە گورینگی هەولێریانە لەسەر. لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكی تر سەردانی شارۆچكەی دیبەگەیان كرد. ئەو دەمانە من یەكێ لە رێكخستنە نهێنییەكانی حزب بووم. پرسیم: ئەمە كێیە...؟ وتیان: ئەمە لێپرسراوی عەسكەری دەشتی هەولێرە. وتم: ناوی چییە...؟ وتیان: سەید مەجید.
لەو رۆژەوە ئەو مرۆڤە پێشمەرگەیە، بوو بە لێپرسراوو برا گەورەو مامۆستام. من و سەدان كەسی تری وەك خۆم وەكو قوتابییەك لەوەوە فێری خەبات و خۆڕاگری و كوردایەتی بووین. ئاخر ئەو پێشمەرگەیە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو تاكو رۆژی كۆچی دوایی لە (16/8/2024) لە خەمی كوردستان و گەلەكەیدا بووە، سەنگەری خەبات و كوردایەتی، سەنگەری فیداكاری و پێشمەرگایەتی لە هەر كوێ بووبێت، خاڵە سەید مەجیدو كوڕەكانی و كەسوكارە نزیكەكانی لەوێ بوون.
ئەگەر حوجرەو مینبەری مزگەوتی ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی رابردوو جێی خواپەرستی و كوردایەتی فەقێ و مەلاكانی كوردستان بوو بێت، ئەوا خاڵە سەید یەكێك بوو لەوان، بەڵام حوجرە تێنوێتی كوردایەتی ئەوی نەدەشكاند، بۆیە رێگای خەباتی حزبی و دەربەدەری گرتەبەرو بەنهێنی بووە پێشمەرگەی دەستەی یەكەمەكانی پێش بەرپابوونی گڕی شۆڕشی ئەیلوول. قرمژنی تفەنگی دەستی خاڵە سەید مەجید و هەڤاڵەكانی چەند رۆژێك پێش بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوول یەكەمین زەنگی مەشخەڵانی راپەڕین و ئەركی نیشتمانی شۆڕشی ساڵی (1961) بوو. كە لە گوندی (شێراوەی) نێوان ناحیەی پردێ و قوشتەپە رێگایان بە كاروانێكی سەربازی حكومەتی عیراق گرت و دەستێكی باشیان لێوەشاندن، دواتریش هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول، سەرپەرشتی شكاندنی (مەشجەبی) پۆلیسی هەولێری كردو هەر ئەو شەوە خۆی و چەك و هەڤاڵەكانی خۆیان گەیاندە بناری سەفین. لە تەمەنی پێشمەرگایەتی و خەبات و شۆڕشی نوێدا ، خاڵە سەید مەجید چەندین ئەركی حزبی و پێشمەرگایەتی پێسپێردراوە. لەوانە: ئەندامی مەكتەبی عەسكەری و دواتر فەرماندەی هەرێمی (8)ی دەشتی هەولێر بوو، ماوەی چەندین ساڵیش ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی «ی.ن.ك» بوو لە وەرتێ. بەشداری دەیان نەبەردی كردووە هەر بۆیەش دووجار بە سەختی بریندار بووە، دوو براو چەندین خزمی نزیكی لە رێگای ئازادی گەل و رزگاری خاكی كوردستان شەهید بوون.
هـەزاران سڵاو لـە گیانی پاكی خاڵە سەید و گشت شـەهیـدانــی رێگــای رزگــاریی كــوردستــان.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان