تەها عەبدوڵڵا
بەپێی لێدوانێكی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كوردستانی نوێ، «قۆناغەكانی دەنگدان لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، تەواوكراوە»، وتیشی: داوامان لە سەرۆكایەتیی نوێنەران كردووە بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانەوە و پەسەندبكرێت.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راشیگەیاند: پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە جیاوازە لەو شار و قەزایانەی كە هەمان داواكارییان هەیە، وەك پەرلەمانتارانی كورد ئەوەشمان بۆ هەموو لایەك روونكردووەتەوە، بۆیە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەم خولەدا تێپەڕێنرێت و وەك فراكسیۆنی یەكێتی-ش داوامان لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانەوە و رێوشوێنە یاساییەكانی تەواو بكرێت و بۆ ئەوەش هەوڵەكانمان بەردەوامە، پڕۆژەیاساكەش هیچ گرفتێكی یاسایی نەماوە و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە، بۆ تێپەڕاندنیشی پێویستی بە هیچ رێككەوتنێكی دیكە نییە و دەتوانم بڵێم كۆتایی پێهاتووە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە بۆ نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، وەك فراكسیۆنی یەكێتی سەردانی زۆربەی فراكسیۆنەكانمان كردووە و ئەوەمان بۆ روونكردوونەتەوە كە هەڵەبجە جیاوازە لە شوێنەكانی دیكە، كە هەمان داواكاریی بەپارێزگابوونیان هەیە، كە لەسەر هەڵەبجە و ئەو تاوانەی بەرامبەری كرا؛ رژێمێكی دیكتاتۆر رووخێنرا.