داواکاری کردنەوەی مۆزەخانە لە ئامێدی

بەشێک لە پارچە شوێنەواریی و دەستنووسە کۆنەکانی لە بەغدا و بەریتانیان

10:36 - 2024-08-21
ڕاپۆرت
173 جار خوێندراوەتەوە
ئامێدی شارێکی دێرینی ده‌ڤه‌ری بادینانه‌ و لەسەر تاشه‌ بەردێکی بەرز و ته‌خت دروستکراوە

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی 


به‌ڕێوه‌به‌ڕی شوێنه‌واری دهۆك بۆ   کوردستانی نوێ  : 
کۆمەڵێک پرۆژەمان هەیە بۆ سنووری ئامێدی‌ و دروستکردنی مۆزەخانەیەک لەو دەڤەرە لە پلان و بەرنامەماندایە



دروستکردنی مۆزەخانەی كەلتووری بۆ پاراستنی کەرەستەی کۆن و ده‌ستنووسی مێژوویی له‌ ناوچەکاندا هەنگاوێكی گرنگە، دەبێتە پردێکیش بۆ راکێشانی گەشتیار.
ئامێدی شارێکی دەڤەری بادینانە پاشخانێکی دێرین و مێژوویی هەیە لە هه‌بوونی دەیان شوێنی شوێنەواریی و كەلتووری، دەستنووسی کۆنی زانا و ناوداران، بەڵام تائێستا مۆزەخانەیەکی نییە بۆ کۆکردنەوەی كه‌ره‌سته‌ فۆلکلۆری، کەلتوری و ده‌ستنووسه‌كان بۆئەوەی ئەو سامانە نیشتمانییە لە لەناوچوون و په‌رشوبڵاوی بپارێزرێت.

پۆزەتیڤی کۆکردنەوەی دەستنووسەکان
هێرش كه‌مال به‌رپرسی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی قوبه‌هان بۆ ده‌ستنووسه‌كانی مێژووی بادینان بە كوردستانی نوێی وت: لەپێناو پاراستنی سەرچاوە مێژوویی و کەلتورییەکان زۆر گرنگە بیر لە دروستکردنی مۆزەخانەیەک لە قەزای ئامێدی بکرێتەوە، هەروەها دەبێتەهۆی ناساندنی شارستانیەت و کەلتور و سیمای دەڤەرەکەمان بە گەشتیاران، پاشان دەبێتە دەروازەیەک بۆ توێژەرانی بیانی و کۆکردنەوەی مێژووی قەزاکە و بەرهەمەکانی ئەو گەڕیده‌ و خۆرهەڵات ناسانەی لە سەدەکانی پێشوودا سەردانی دەڤەرەکەیان کردووه‌ و لەبارەی ئه‌و شارەوە نووسیویانە.
وتیشی: سەنتەری قوبەهان بۆ لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامە و دەستنووسە کۆنەکانی بادینان، چەندینجار ئه‌و بابه‌ته‌مان باسکردووە کە پێویستە دەستنووسی زانایانی قه‌زای ئامێدی و ده‌ڤه‌ری بادینان بەگشتی و بەڵگەنامەکانی ناو ئەرشیفی وڵاتانی دراوسێ و جیهان لە مۆزەخانەیەکدا کۆبکرێنەوە و بپارێزرێن.

فەوتانی بەشێک لە شوێنەوارەکان
ئامێدی قەزایەکی دێرینە و بەهۆی دەسکاریکردنی مرۆڤەوە بەشێک لە شوێنەوار و خانووە کۆنەکانی لەناوچوون و خەریکە مۆرک و رەسەنایەتی شارەکە بە تەواوی دەگۆڕێت، نەبوونی مۆزەخانە وایکردووە بەشێک لە دەستنووسە کۆنەکانی قەزاکە لە مۆزەخانەی بەغدا و وڵاتاندا هەڵبگیرێت.
کۆڤان ئیحسان ئامێدی پسپۆڕی شوێنه‌واریی وتی: كۆمه‌ڵێك پارچە شوێنه‌واریی وەک دەرگای مزگەوت و مینبەری مزگەوتی ئامێدی کە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە 800 ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە لە مۆزەخانەی بەغدا پارێزراون و نمایشكراون، هەروەها چه‌ندین ده‌ستنووسی مێژوویی ئامێدی لە مۆزەخانەی بەریتانیایە، بۆیە هێشتا کات ماوە بۆ کردنەوەی مۆزەخانەیەک لە شاری ئامێدی به ‌مەبەستی پاراستنی ئەرشیفی مێژوویی و کەلتوریی ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان.

پلانی لایەنی بەرپرس
د.بێكه‌س بریفکانی به‌ڕێوه‌به‌ڕی شوێنه‌واری پارێزگای دهۆك به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: کۆمەڵێک پرۆژەمان هەیە بۆ سنووری ئامێدی‌ و دروستکردنی مۆزەخانەیەک لەو دەڤەرە لە پلان و بەرنامەماندایە.
وتیشی: زۆربەی دەستنووسە کۆنەکانی قوتابخانەی قوبەهان له‌ ئامێدی له‌كاتی خۆیدا سووتێنران و لەناوچوون، بەشێکیشیان لە مۆزەخانەی بەغدا پارێزراون. هەوڵی زۆرمانداوه‌ ئەو دەستنووس و پارچه‌ شوێنەوارییانە بگەڕێنینەوە، بەڵام تائێستا بەرپرسانی بەغدا رازی نەبوون.
ئامێدی شارێکی دێرینی ده‌ڤه‌ری بادینانه‌ لە هەرێمی کوردستان، لەسەر تاشه‌ بەردێکی بەرز و ته‌خت دروستکراوە، مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شارستانیەتی مرۆڤایەتی، هەروەها چەندین شوێنی شوێنەواریی گرنگ لە ناوچەکەدا هەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان