ناتۆ ژمارەی هێزە ئامادەكانی زیاد دەكات

10:08 - 2022-06-28
ڕاپۆرت
729 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ یانی سابیر

یەنس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاندووە: بەهۆی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، وڵاتانی هاوپەیمانییەكە ژمارەی هێزە ئامادەكانیان بۆ زیاتر لە 300 هەزار سەرباز زیاد دەكەن. 
بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ناتۆ كە چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا لە مەدرید بەڕێوەبچێت، ستۆڵتنبێرگ روونیكردۆتەوە: ژمارەی هێزەكانی بەرگریی ناتۆ زیاددەكەن ‌و هەروەها گروپە شەڕكەرەكانی سەر بە هاوپەیمانییەكە لە بەشی خۆرهەڵاتی ناتۆ بۆ ئاستی لیوا بەرزدەكەنەوە. وتیشی: گۆڕانكاری لە هێزی وەڵامدانەوەی سەر بە ناتۆدا دەكەن ‌و ژمارەی هێزە ئامادەباشەكانیان بۆ زیاتر لە 300 هەزار سەرباز زیاد دەكەن.
پێش راگەیاندنەكەی سكرتێری گشتیی ناتۆ، ژمارەی ئەو هێزانە نزیكەی 40 هەزار سەرباز بووە و زیادكردنی ژمارەی ئەو هێزانەش دەرخەری نیگەرانییەكانی خۆرئاوایە لە بەرامبەر هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا.  
بە وتەی ستۆڵتنبێرگ، ئەندامانی ناتۆ لە هەوڵدان بۆ پتەوكردنی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانییەكە، لەگەڵ زیادكردنی جبەخانەی سەربازی. هەروەها ناتۆ كاردەكات بۆ گۆڕینی شێوازی زمانی خۆی لەگەڵ روسیا، چونكە دوای ئەوەی هاوبەشێكی ستراتیژیی هاوپەیمانییەكە بوو لە ستراتیژی 2010دا، بەڵام لە دوای هێرشەكانی بۆ سەر ئۆكرانیا، ئێستا بۆتە هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی وڵاتانی ناتۆ.
بە وتەی بەرپرسێكی بواری بەرگریی ناتۆ، بەم نزیكانە هێزەكانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی لە وڵاتانی ئەوروپای نزیك سنوورەكانی روسیا بڵاودەكرێنەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان