هونەر عەلی: گروپی دەفژەنی كچان پێكدێنین

11:36 - 2024-08-27
دیدار
215 جار خوێندراوەتەوە

هونەر عەلی حاتەم ساڵی 1980 لە قەزای دەربەندیخان لە دایكبووە و ئەندامێكی دیاری سەنتەری چالاكی گەنجانی ئەو قەزایەیە. 
هونەر عەلی بە دوالاپەڕەی وت: سەرەتای كاری هونەریم بۆ ساڵی 1997 دەگەڕێتەوە كە بە گۆرانی وتن دەستم پێكرد، ئەوكات ئەندامی دەستەی هونەری گەرمیان بووم، ساڵی 1998 یەكەمین گۆرانی خۆم پێشكەشكرد و دواتر دەستم بە ژەنینی دەف كرد و لە ساڵی 2001ەوە بووم بە ئەندامی گروپی مۆسیقای سەنتەری چالاكی گەنجانی دەربەندیخان چ وەك گۆرانیبێژ و چ وەك ژەنیار.
هونەر عەلی وتی: شارەزاییم لە دەفژەنی هەیە، چونكە بە شێوەیەكی ئەكادیمی وانەم خوێندووە لە لای مامۆستای دیاری ئێرانی مامۆستا ئەحمەد و هاوڕێی ئازیزم مامۆستا عەلی هاوكارم بووە. هەروەها لە ژەنینی ئامێرەكانی وەك تار، سێ تار، سەنتوور، ساز، ئامێرە هەواییەكانی وەك شمشاڵ و نەی و باڵەبان شارەزام و ئێستاش وەك مامۆستای بەشی مۆسیقا لە سەنتەری چالاكی گەنجان بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی وانە دەڵێمەوە. 
ساڵی 2004 گروپی دەفی(وەفایی)م پێكهێنا كە دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو و بەشداریی چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیمان كرد، بە تایبەتی فێستیڤاڵی ئیتاڵیا، بەشداری نزیكەی 30 بەرنامەی تەلەفزیۆنیم كردووە بۆ چەندین كەناڵی تەلەفزیۆنی.   
ئێستا گروپی وەفایی نەماوە و گروپێكی دیكەم لەبەر دەستدایە كە لە كۆمەڵێك ژەنیاری تار و سێ تار و كەمانچە و عوود و زەرب و دەف پێكهاتوون و پرۆژەیەكمان لەبەردەستدایە بۆ گروپی دەفژەنی كچان.
ژینۆ ئیبراهیم 

بابەتە پەیوەندیدارەکان