حیكایەتەكانی ئۆڵۆمپیادی پاریس - 2024

12:55 - 2024-08-27
وەرزش
138 جار خوێندراوەتەوە

دوا بەش
رۆژی 11 ی ئەم مانگە (ئۆگستۆسی 2024)،  33 یەمین ئۆڵۆمپیادی هاوینە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا كۆتاییهات، ئەم ئۆڵۆمپیادە رۆژی 26/7/2024 دەستیپێكرد، بەدەر لە ئەنجام و میدال و رکابەرییەکان، چەندین حیكایەتی سەرنجڕاكێش و تایبەتی بەخۆیەوە بینی، دیارترین ئەو حیكایەتانە ئەمانەی خوارەوە بوون:

ئەمریكییەكان كۆنترۆڵیان كرد
یاریی باسكە یەكێكە لە یارییە گرنگەكانی ئۆڵۆمپیاد، ئەم وەرزشە كام دوو هەڵبژاردەی كوڕان و كچان لە كام كیشوەر لە كیشوەرەكانی جیهان تیایدا بەشداربن، دەبێت بردنەوەی میدالی زێڕی هەردوو خولی كوڕان و كچان لەبیری خۆیان ببەنەوە، چونكە ئەمریكییەكان هەمیشە چاویان لە میدالی زێڕە و زۆر ئەستەمە بهێڵن هەڵبژاردەیەكی تر لەملی بكرێت.
لە خولی كچاندا ئەوە 8 ئۆڵۆمپیادی یەك لەسەر یەكە كچانی ئەمریكا میدالەكانیان كۆنترۆڵ كردووە، ئەم ئۆڵۆمپیادەش لە یاریی كۆتاییدا فەرەنسییەكان بە پاڵپشتی هاندەر و هۆڵەكەیان نەیانتوانی كچانی ئەمریكا لە میدالی زێڕ بێ بەش بكەن و 67-66 بە كچانی ئەمریکا دۆڕان و بۆ هەشتەم ئۆڵۆمپیادی یەك لەسەر یەك کچانی ئەمریکا یەكەم بوون.
پێشتر لە ئۆڵۆمپیادی 1992 دا، كچانی روسیا کە بەناوی وڵاتی بێلایەنەوە بەشدار بوون، میدالی زێڕیان بردۆتەوە، ئیتر لەدوای ئەو مێژووەوە هیچ هەڵبژاردەیەكی تر یاریی كۆتاییان لە كچانی ئەمریكا نەبردۆتەوە.
ئەمە بۆ كوڕانیش هەر وایە، لە ئۆڵۆمپیادی 1992 - ەوە تا ئەم ئۆڵۆمپیادە تەنیا یەك ئۆڵۆمپیادی 2004 ئەرجەنتین یەكەم بووە، ئیتر سەرجەم ئۆڵۆمپیادەكانی تر كوڕانی ئەمریكا یەكەم بوون.
پێشتریش لە ئۆڵۆمپیادی 1936 – ەوە ئەمریكا یەكەم بووە تا 1968، بەڵام ساڵی 1972 یەكێتیی سۆڤییەت میدالەكەی بردەوە، دواتر ئەمریكا 1976 یاریی كۆتایی بردەوە، 1980 یۆگسلاڤیا یەكەم بووە، 1984 جارێكی تر ئەمریكا یەكەم بووە، 1988 یەكێتیی سۆڤییەت، 1992 تا 2000 جارێكی تر ئەمریكییەكان كۆنترۆڵیان كردەوە.
یاریی كۆتایی ئەم ئۆڵۆمپیادەش 98-87 لە فەرەنسییەكانیان بردەوە و میدالی زێڕیان لە مل کرا.

تۆپی دەستی دانیمارك و نەرویج
یاریی تۆپی دەست لە وڵاتانی ئەسكەندناڤی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، لەم ئۆڵۆمپیادەدا نەرویجییەكان و دانیماركییەكان كۆنترۆڵی هەردوو خولی كوڕان و كچانیان كرد.
یاریی كۆتایی خولی كچان نەرویج 29-21 لە فەرەنسایان بردەوە، تەنانەت یاریی بردنەوەی میدالی برۆنزیش دوو وڵاتی ئەو ناوچەیە (دانیمارك و سوید) كردیان و دانیمارك 30-25 یارییەكەی بردەوە، یاریی كۆتایی كوڕانیش دانیمارك 39-26 لە ئەڵمانیایان بردەوە.
دوو ریكۆردی بێ وێنە
هەر لەم ئۆڵۆمپیادەدا و لە راكردنی 100 مەتری كوڕاندا ریكۆردێكی بێ وێنە تۆماركرا كاتێك سەرجەم براوەكان كاتەكانیان لە 10 سانییە كەمتر بوو، جگە لەوەش، ئەمریكا بۆ ساڵی بیستەمی یەك لەسەر یەك پاڵەوانی ئەم راكردنە بوو.
یەكەمی ئەم راكردنە نواه لایلز بوو لە ئەمریكا و ماوەكەی بە 9:79 سانیە بڕی، دووەم كیشۆن تۆمسۆن - جامایكا بوو كە ئەمیش  بە 9:79 سانییە ماوەکەی بڕی، بەڵام 0:005 ی سانییەك زیاتر لە ماوەكەی لایلز ماوەكەی بڕی، سێیەم فرید كیرلی بوو ئەمەیش هەر لە ئەمریكا 9:81 سانیە، چوارەم ئاكانی سیمبینی بوو لە باشووری ئەفریقا 9:82 سانیە، پێنجەم لامۆن مارسێل بوو لە ئیتاڵیا 9:85 سانیە، تەنانەت ئۆبلیك سیڤیلی جامایكی كە هەشتەمی ئەم راكردنە بوو، ماوەكەی بە 9:91 سانییە بڕی و سەرجەمیان كاتەكانیان كەمتر بوو لە 10 سانیە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان