«سەرچاوەكانی داهات وشك دەكەن»

هاوردەکردنی ئاڵتوونی روسیا رادەگیرێت

10:19 - 2022-06-28
ئابووری
563 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لیا جاف

بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئاشكرایكرد: بە هەماهەنگی لەگەڵ هەریەك لە (ئەمریكا، كەنەدا و ژاپۆن)، بڕیاریانداوە هاوردەی ئاڵتوونی روسیا رابگرن.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وتیشی: «بڕیارەكە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی روسیا دەبێت و یەكێك لە سەرچاوەكانی داهاتی ئەو وڵاتە، لاواز دەكات».
ئاماژەی بەوەشدا: بەریتانیا و هاوپەیمانەكانی هەوڵ دەدەن، سەرجەم سەرچاوەكانی داهاتی حكومەتی روسیا وشك بكەن، بۆ ئەوەی رێگە لە زیاتر بەهێزبوونی توانا جەنگییەكانی ئەو وڵاتە بگرن.
بڕیاری راگرتنی هاوردەکردنی ئاڵتوونی روسیا لە داهاتوویەكی نزیكدا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، حكومەتی بەریتانیاش ئاماژەی بەوەكردووە: بڕیارەكە كاریگەری لەسەر ئەو ئاڵتوونە نابێت كە پێش دەرچوونی بڕیارەكە لە روسیاوە هێنراوەتە ئەو چوار وڵاتەوە.
روسیا وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە ئاڵتوون، بەشێوەیەک لە سەدا 10ی ئاڵتوونی جیهان لەو وڵاتە بەرهەم دەهێنرێت.
دوای ئەوەی لەساڵی 2014دا روسیا دەستی بەسەر نیمچە دوورگەی كریمدا گرت، توانای ئەو وڵاتە بۆ دەرهێنانی ئاڵتوون، سێ هێندە زیادیكردووە.
هاوكات دوابەدوای دەستپێكردنی هێرشی سوپای روسیا بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە رۆژئاوا، سەدان سزای دارایی و ئابووریی قورسیان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، كە بەپێی وتەی شارەزایانی ئابووری، كاردانەوە خراپەكانی ئەو گەمارۆیانە لەسەر حكومەتی مۆسكۆ، لە (2 - 3) ساڵی داهاتوودا دەردەكەون، بەجۆرێك بەشی زۆری سیستمی دارایی و جومگە سەرەكییەكانی ئابووریی روسیا، توشی ئیفلیجبوون دەبن.
بەشێكی دیكە لە چاودێرانیش پێیانوایە، تا حكومەتی روسیا توانای هەناردەكردنی غازی سروشتیی هەبێت، ئەو سزایانەی ئەمریكا و ئەوروپا كاریگەریی گەورەیان نابێت، بەوپێیەی داهاتی غازی ئەو وڵاتە بریتییە لە بووژانەوەی زۆربەی سێكتەرەكانی روسیا.
شەڕی (روسیا - ئۆكرانیا)، قەیرانێكی سیاسی و ئابووریی گەورەی لە سەرتاسەری جیهاندا دروستكردووە، بەشێوەیەك پسپۆڕان ئاشكرای دەكەن: ئەگەر هەموو وڵاتان هەوڵەكانیان یەكنەخەن بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگە، ئەوا هەموو جیهان لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە و دۆخی لەوجۆرەش كەس تێیدا سەركەوتوو نییە و هەموان دۆڕاون، چونكە تادێت بازنەی برسێتی و كەمیی خۆراك فراوان دەبێت و لە چەند ساڵی داهاتوودا، جیهان بەدەست كەمیی گەنم و خۆراكە گرنگەكانەوە دەناڵێنێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان