شەهید فەواز گەرگەری

11:18 - 2024-08-28
کوردستان
202 جار خوێندراوەتەوە

ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی

شەهید فەواز موحسین نایف شێخۆ ناسراو بە فواز گەرگەری، لە دایكبووی رۆژی 19/6/1989ی ناحیەی زوماری سەر بە قەزای تەلەعفەری پارێزگای موسڵە، خوێندنی سەرەتایی لە زومار تەواو كردووە.
هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەستی نیشتمانپەروەریی هەبووە، دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و گەڕانەوەی بنكە و بارەگاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ سنووری پارێزگای موسڵ سۆز و لایەنگیریی بۆ حزبەكە هەبووە و ناڕاستەوخۆ كاری لەگەڵ كردووە، راستەوخۆش لە ساڵی 2009دا پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتییەوە لە سنووری كۆمیتەی رێكخستنی زومار، ساڵی 2010 بووە بە پێشمەرگە لە لیوای112ی سەر بە هێزەكانی70.
پێشمەرگەیەكی ئازا و چالاكی ناو هێزی پێشمەرگەی یەكێتی بووە، لە كاتی سەرهەڵدانی گروپی تیرۆیستیی داعشدا لە میحوەری سحێلا قارەمانە بەشداریی شەڕەكانی دژی ئەو گروپەی كردووە.
هەروەها بە گشتی لە سنووری پارێزگای موسڵ و ناوچەكانی دیكە رۆڵێكی گەورەی بینیوە لە شەڕەكاندا.
دواجار رۆژی 22/9/2014 لە گوندی (حەمۆ گلو)ی سەر بە ناحیەی زومار لە شەڕێكی نا بەرامبەری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا شەهید كراو گەیشتە كاروانی شەهیدانی كوردستان.
شایانی باسە گەرگەریەكان هۆزێكی گەورەن لە بادینان و خۆرئاوای كوردستان نیشتەجێن، رۆڵێكی گرنگیان لە شۆڕشەكانی كوردستاندا هەبووە، چەندین شەهیدیان لەناو ریزەكانی یەكێتیدا بەخشیوە، وەك شەهیدان: ئەندازیار ئیبراهیم عەزۆ و قاسم محەمەد كە لە یەكەمین مەفرەزەی شۆڕشی نوێی كوردستاندا دەستیان بە خبەاتی چەكداریی كردەوە و هەر لە سەرەتای شۆڕشیشدا لە ساڵی 1976، شەهیدكران.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان