مێتاڤێرس؛ وەرچەرخان بەرەو جیهانی گریمانەیی

04:01 - 2022-03-10
ئابووری
369 جار خوێندراوەتەوە

ئەركان جەبار*

 گۆڕانكاریی و پێشكەوتنە خێراكانی بواری تەكنۆلۆجیا بە تایبەتی لە بواری گواستنەوەی جیهانی راستەقینەی مرۆڤ بۆ دنیای گریمانەیی، بەشی زۆری تیۆرە زانستی و بەها و هەڵسوكەوتی ژیانی مرۆڤایەتیی خستۆتە بەردەم چارەنووسێكی نادیارەوە، بەشێوەیەك ئاڕاستەی كاركردنی ئێستای دەوڵەت و كۆمپانیا گەورەكان لەسەر ئاستی جیهاندا، بەرەو ئەو جیهانە گریمانەییە دەبات كە دەكرێت لە (15 – 20) ساڵی داهاتوودا ببێت بە راستی.
ئاڤاتار دەبێت بە راستی؟
ساڵی 2009، فیلمی (ئاڤاتار) وەك فیلمێكی «خەیاڵی زانستی» بەرهەمهێنرا و یەكێك بوو لە پڕ بینەرترین فیلم لە هۆڵەكانی سینەمادا، ئەو هەسارەیەی كە لە فیلمەكەدا وەكو جیهانێكی گریمانەیی نمایشكرا، ئێستا بەهۆی سەرهەڵدانی چەمكی «مێتاڤێرس»، ژیانی مرۆڤایەتیی خۆی بۆ ئەو جیهانەی فیلمی (ئاڤاتار) ئامادە دەكات، بەو مانایەی بەرە بەرە جیهانی راستەقینە خۆی لەگەڵ واقعی گریمانەییدا رادەهێنێ و كاروبارەكانی مرۆڤ لە واقیعدا دەگوازرێتەوە بۆ خەیاڵ، خەیاڵ نەك بە مانا كلاسیكییەكەی، بەڵكو بە تێگەیشتنی ئەمڕۆ، بەڵام تاچەند مرۆڤ دەست و پەنجەی لەگەڵ ئەو جیهانە گریمانەییەدا نەرم دەكات و تاچەند ژیانی راستەقینە ئەو گۆڕانكارییە پەسەند دەكات؟ ئەوە داهاتوویەكی نزیك دەیسەلمێنێت.
״مێتاڤێرس״ و گۆڕانكاریی لە ژیاندا
مەبەست لە «مێتاڤێرس» بریتییە لە جیهانە گریمانەییەكان، بە شێوەیەكی گشتیی ئەم تەكنۆلۆجیایە ماوەی چەند ساڵێكە هەیە و لە بنەڕەتدا لە بواری یارییە ڤیدیۆییەكاندا بەكاردەهێنرێت (چاویلكەی VR)، بەڵام ئەوەی كە ئێستا شارەزایانی بواری تەكنۆلۆجیا باسی لێوە دەكەن جیاوازە (بە ئەندازەی جیاوازی نێوان نەوەی یەكەمی مۆبایلی گەڕۆك، لەگەڵ نەوەكانی ئێستای مۆبایلی زیرەك)، بەوپێیەی «مێتاڤێرس» هەم تەكنۆلۆجیایەكی زۆر پێشكەوتووە لە دروستكردنی جیهانی گریمانەیی بە چەمك و ناوەڕۆكێكی نوێوە، هەمیش لە داهاتوودا دەبێت بە جێگرەوەی ئینتەرنێت، بۆیە بەشێكی زۆر لە پسپۆڕان پێیانوایە، «مێتاڤێرس» دەبێت بە شۆڕشی داهاتوو لە ئایندەی ئینتەرنێتدا.
«مێتاڤێرس» ئەو جیهانە گریمانەییەیە كە هەموو كارێكی تێدا دەكرێت وەك: (كاركردن، یاری، بازاڕكردن، ئاهەنگ و لایڤ میوزیك، دیدار و شەوچەرەی هاوڕێیانە..تد). لەم جیهانەدا دەكرێت لە ماڵی خۆتەوە، كاروبارە باوە رۆژانەییەكانت رایی بكەیت.
ئەگەر فەرمانبەر بیت، ئەوا لە ماڵەكەی خۆتەوە بە دانیشتنەوە، یان بە راكشانەوە، یاخود بە پێوە، چاویلكەكەت لە چاو دەكەیت و (كۆمپانیاكان هەوڵی جدی دەدەن، بۆئەوەی نرخی ئەو چاویلكەیە لە 80 دۆلار تێپەڕ نەكات) لە جیهانێكی گریمانەیی بە تەكنیكی (3D) دەچیتە ژووری كاركردنەكەت و سڵاو لە هاوڕێ فەرمانبەرەكانت دەكەیت و دەست بە رایی كردنی كارەكەت دەكەیت، پێویستت بە ئیمزای بەڕێوەبەرە؟، دەچیتە ژوورەكەی و بەڕێوەبەر ئیمزات بۆ دەكات، مامەڵەی هاووڵاتیان رادەپەڕێنیت، نوكتە و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو فەرمانبەرەكان دەكەیت و دواجار دەوام كۆتایی دێت و خوداحافیزی دەكەیت و بە لێكردنەوەی چاویلكەكەت، دەگەڕێیتەوە ناو جیهانی راستەقینە.
دەتەوێت بازاڕیی بكەیت؟ چاویلكەكەت لەچاو دەكەیت و دەتوانیت هەموو بازاڕ و ماركێتەكان بە ناو و ناونیشانی خۆیان بگەڕێیت، كاتێك بە میوەفرۆشێك دەڵێیت: «دوو كیلۆ تەماتە و كیلۆیەك خەیارم بۆ بكێشە، دوگمەی دڵنیابوون (confirmed) دادەگریت و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا پێویستییەكانت بۆ دێتە بەردەم دەرگاكەت. ویستی كڕینی جلوبەرگت هەیە؟، جیهانی گریمانەیی كێشەی قەبارە و پێوانەی جلوبەرگی چارەسەركردووە، ئەوەش لە رێگەی پێوانەی دیجیتاڵییەوە، كە ئەوكات هەموو كەسێك وەكو كۆد هەیەتی، دەتوانیت لەدوای هەڵبژاردنی جۆر و رەنگی جلوبەرگەكە، ئەو كۆدە پێشكەش بكەیت و دواتر بە دلیڤەری بۆت دەنێردرێتە بەردەم دەرگای ماڵەكەت. ئەمە و چەندین كاری دیكە وەك: (ئامادەبوون لە ئاهەنگ، كۆنفرانس، هۆڵی خوێندن، میوانداریكردن، ریكلام و بانگەشەو ..تد).
تائێستا كۆمپانیاكانی پەرەپێدانی «مێتاڤێرس»، نەگەیشتوونەتە بڕیاری كۆتایی لەبارەی شێوە و سیمای دەموچاوی مرۆڤەكان لەم جیهانەدا، بەڵام بەشی زۆریان لەسەر ئەوە كۆكن، كە هەر تاكێك وێنەیەكی گریمانەیی پێدەدرێت (Avatar) و هەموو كەسێكیش بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت بیگۆڕێت.
مۆبایلی زیرەك و كۆمپیوتەر، بای بای!
دەستپێكردنی ژیان لە «مێتاڤێرس»دا، دەبێت بە كۆتایی بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك و كۆمپیوتەر، چونكە چاویلكەی (VR) سنووری خزمەتگوزارییەكانی مۆبایل تێدەپەڕێنێت كە تەنیا بە دەنگ یاخود بە وێنە و ڤیدیۆ لەگەڵ دەوروبەر پەیوەندیی دەبەستێت، لەم جیهانەدا كە دەتەوێت پەیوەندیی بە هاوڕێیەكتەوە بكەیت، ئەوە بە گریمانەیی یەكتر دەبینن و (دەنگ و وێنە) و پێكەوە پیاسەیەكیش دەكەن، ئیتر لێرەدا چ پێویستییەك بە مۆبایل دەمێنێت. هاوكات بەكارهێنانی كۆمپیوتەریش سنووردار دەبێت، بۆیە دەوترێت «مێتاڤێرس هەموو تەكنۆلۆجیایە لە چاویلكەیەكدا».
هاوكات، «مێتاڤێرس» پێویستیی بە هێڵی ئینتەرنێت نییە بە مانا و شێوەی ئێستای، تائێستا دیار نییە بە چ جۆرە هێڵێك كار دەكات، بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان، تەنیا بارگاویكردنی چاویلكەكە بەسە بۆ پەیوەندیی بەستن بەو جیهانەوە.
فەیسبووك و هەڵپەی زۆكربێرگ
رۆژی (28)ی ئۆكتۆبەری 2021، كاتێك مارك زۆكربێرگ دامەزرێنەری كۆمپانیای فەیسبووك لە كۆنگرەی «كۆنێكت» گۆڕینی ناوی كۆمپانیاكەی لە فەیسبووكەوە بۆ میتا «Meta» راگەیاند، قسەوباسی جیهانی گریمانەیی گەرمتر بوو. بەتایبەتی لەدوای ئەوەی بڕیاریدا 10 هەزار كارمەند لە یەكێتیی ئەوروپا دابمەزرێنێت، بە مەبەستی پێشخستنی تەكنۆلۆجیای واقیعی گریمانەیی (VR).
هەرچەندە بەرپرسان و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای فەیسبووك، كەمتر قسە لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ دەستبەركردنی «مێتاڤێرس» دەكەن، بەڵام جار جارە لە رێگەی میدیا بەناوبانگەكانی جیهانەوە، كورد وتەنی قسەیەك فڕێ دەدەن و گۆمەكە دەشڵەقێنن. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی «واشنتۆن پۆست» كە كۆتایی ساڵی رابردوو بڵاویكردۆتەوە، مارك زۆكربێرگ بودجەیەكی گەورەی دابینكردووە (50 ملیۆن دۆلار)، بەمەبەستی برەودان بەو چاویلكە ئەلەكترۆنییەی كە لە «مێتاڤێرس»دا هەیە، بەشێوەیەكیش ئیدارەی كاروباری تاقیگەكان دەدات، كە لە 10 ساڵی داهاتوودا ئەو تەكنۆلۆجیایە بۆ بەشێك لە جیهان دەستەبەر ببێت، بەجۆرێك فەیسبووك ئامادەیە داهات و قازانجەكانی فەیسبووك و واتس ئاپ و ئینیستاگرام، لەپێناوی سەرخستنی ئەو تەكنۆلۆجیایە خەرج بكات.
ئێستا كۆمپانیای فەیسبووك دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە و پڕۆگرامی (workplace)ی وەكو تاقیكردنەوە دروستكردووە (پڕۆگرامەكە بێ بەرامبەر نییە و بۆ ئاكتیڤبوونی مانگانە دەبێت چوار دۆلار بدەیت)، كە تایبەتە بە كۆبوونەوە گریمانەییەكان و هاوكاری تیمەكانی كاركردن دەكات لە كۆمپانیاكاندا. هەروەها پڕۆگرامی (VR CHAT) كە ئەویش لە قۆناغی تێست كردنە. بەوتەی پسپۆڕانی بواری تەكنۆلۆجیا، ئەگەر فەیسبووك سەركەوتوو بوو لە دەستەبەركردنی ئەو جیهانە گریمانەییە، ئەوا دەبێت بە یەكەم پڕ داهاتترین كۆمپانیا لە جیهاندا.
فرۆشتنی زەوی لە جیهانی گریمانەییدا!
هێشتا «مێتاڤێرس» نەبووە بە راستی، بەڵام لەئێستاوە دەست بە فرۆشتنی زەوی لەو جیهانە گریمانەییەدا كراوە و نرخی مەترێك چوارگۆشەی گەیشتۆتە چوار هەزار دۆلار.
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵەكان، كۆمپانیای (Decentraland) كە گرنگی بە یاری و كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی گریمانەیی دەدات، دەستی بە كاری كڕین و فرۆشتنی زەوی لە جیهانی گریمانەییدا كردووە و بەبڕی سەدان هەزار دۆلار زەوی فرۆشتووە، بەجۆرێك ئێستا نرخی مەترێك چوارگۆشەی زەوی لە جیهانی گریمانەییدا، گەیشتۆتە چوار هەزار دۆلار !.
ماوەیەك لەمەوبەر، وتەبێژی ئەو كۆمپانیایە ئاشكرایكرد: كۆمپانیای «مێتاڤێرس» پارچە زەوییەكی گریمانەیی بە بڕی 618 هەزار بە دراوی موشەفەری (MANA) كڕیوە كە لە 116 پارچە زەوی بچووك پێكدێت و رووبەری هەر یەكێكیان پێنج مەتر چوارگۆشەیە و كۆی گشتیی زەوییەكەش، بریتییە لە 560 مەتر چوارگۆشەی گریمانەیی.
ماڵپەڕی (The Ral Deal) بڵاویكردۆتەوە: لورنی سوگرامان سەرۆكی كۆمپانیای «مێتاڤێرس گروپ» وتویەتی: «بەردەوام دەبن لە مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە زەوی گریمانەییەوە، پێشبینیش دەكەن، قەبارەی سەرمایەكانیان لەو وەربەرهێنانەدا، بگاتە چەندین تریلیۆن دۆلار».
ئەم جیهانە بەرەو كوێمان دەبات؟
باشتروایە كەس تەكنۆلۆجیا و ئایندەی «مێتاڤێرس» بە خەیاڵی زانستی نەزانێت، چونكە ئێستا پێشكەوتنەكانی تەكنۆلۆجیا زۆر خێران و خەریكە رادەی وەرگرتنی مرۆڤ بۆ گۆڕانكارییەكان تێپەڕێنێت. پێشتر كە دەوترا سەردەمێك دێت مرۆڤەكان لە رێگەی ئامێرێكی بچووكەوە گوێیان لە دەنگی یەكتر دەبێت، كاتی زۆری ویست تا بوو بە راستی، كە مۆبایلیش داهێنرا، وترا رۆژگارێك دێت خەڵكی بە دەنگ و وێنەی جووڵاوەوە بە مۆبایلەكانیان پەیوەندیی دەبەستن، ئەمەش هاتەدی، بەڵام بە ماوەیەكی زۆر كەمتر، ئێستاش كە باس لە دروستبوونی ئەو جیهانە گریمانەییە دەكرێت و ماوەی (15 – 20) ساڵی بۆ دیاریكراوە بۆئەوەی دەستەبەر ببێت، با لای كەس سەمەرە نەبێت.
لە ئێستاوە، زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان و پسپۆڕانی بواری زانستە مرۆڤایەتییەكان، دەرهاویشتە و دەرەنجامەكانی ئەو جیهانە گریمانەییە هەڵدەسەنگێنن و پرسیاری زۆر وروژێنراوە كە گرنگترینیان بریتییە لە: كەمبوونەوەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكان لە جیهانی راستەقینەدا، چی بەسەر هەڵسوكەوت و بەها مرۆڤایەتییەكان دێت؟ جیهانی گریمانەیی بێكارییەكی زۆر لە جیهانی راستەقینەدا دروست دەكات، چارەسەر چییە؟ هاككردن لەو جیهانەدا جەنگی راستەقینەی نێوان وڵاتان هەڵدەگیرسێنێت؟ نەوەی ئەم جیهانە نوێیە چ تێگەیشتن و دنیابینییەكیان دەبێت؟ ئەمە و چەندین پرسیاری پێشبینیكراوی دیكە كە لای هەموو خوێنەرێكی ئەم بابەتە دروست دەبێت، بەڵام بەدەستهێنانی وەڵامەكان سپێردراوە بە داهاتوو. وەك (ئەلبێرت ئنشتاین)یش دەڵێ: «گرنگتر لە رابردوو، داهاتووە، كە دەمەوێت لە ناویدا بژیم».
* ماستەر لە تەكنیكی میدیا
سوود لەم ماڵپەڕانە وەرگیراوە:
https://cutt.ly/MAbnB5L-
https://cutt.ly/MAbmq1l-

بابەتە پەیوەندیدارەکان