راپۆرتی/ جەمال ئارێز
ئەگەرچی 31ی ئاب بووەتە ناونیشان و تایتڵێک بۆ خیانەتێکی بێ پاساو، بەڵام بە شرۆڤەکردن و شیکردنەوەی چرکەساتی خیانەتەکە و پێشتر و دواتری ئەو خیانەتە زەقە، کە بە هەموو پێوەرێک خیانەتە و پاساوی لابەلا هەڵناگرێت، دەگەینە ئەو راستییەی کە ئاراستەیەک لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە کە هێزە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستانی لە خانەی دوژمنی پلە یەکەمدا داناوە و نەک دوژمنە سەرسەختەکانی بە دوژمنی پلە دوو حساب نەکردووە، بگرە کەینوبەین و سات و سەودای ژێربەژێری لەگەڵ هەموویاندا هەبووە تەنها بە مەبەستی لێدان لە هێزە تێکۆشەرەکانی کوردایەتی.
پێش 31ی ئاب
ناگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە هێزێکی چەکداریان بە پەلەپڕوزێ و بە هاوکاریی شای رووخاوی ئێران پێکهێنا تەنها چوار رۆژ پێش هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ لە 26ی ئایاری 1976دا و ناویان لێنا (شۆڕشی گوڵان) کە ئامانجە سەرەکییەکەی پراکتیزەکردنی ئەو دەستەواژەیە بوو کە لەدوای ئاشبەتاڵ بە هەموو تێکۆشەرانی ئامادە بەبەردەوامیدان بە شۆڕشیان وتبوو (ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت، پێمان تێک دەدرێت)، هەربۆیە بە زانینی وادەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتیی ی.ن.ک لە 1/6/1976، ئەو هێزەیان هەڵخڕاند وەک شۆڕشی چەواشە بۆ تێکدان و ئاستەنگ لەبەردەم یەکێتی و خواستە هەنووکەییەکانی ئەوکاتی کۆمەڵگەی کوردستان کە ئەوپەڕی رۆژە سەختەکانی بەڕێ دەکرد.
گۆڕانکارییەکە چی بوو؟
هێشتا ئەو باڵە باڵادەستەی پارتی لە دوای 49 ساڵ وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەداوەتەوە، کە ئەگەر لە 6ی ئازاری 1975 بە دەیان هەزار پێشمەرگە و جبەخانەیەکی زۆر و پارەیەکی زۆرەوە شۆڕش ئەستەم بووبێت لە سایەی رێککەوتننامەی جەزائیری نێوان شا و سەدامدا، ئاخۆ لە 26ی ئایاری 1976دا چی گۆڕدرا؟ رژێمی عیراق و ئێران هەمان رژێم و بگرە رژێمی عیراق بەهێزتریش بوو و بە خاتری ئێران و رێککەوتنەکەیان ئیمام خومەینیشی لە نەجەف دەرکرد! ئیدی رژێمی شا چۆن رازیی بوو قیادەی موەقەتە دروست ببێت و هێز بنێرێتە باکووری کوردستانیش بۆ خوڵقاندنی کارەساتی وەک شەهیدکردنی ئیبراهیم عەزۆ و هێزەکەی و خیانەتی قەتڵوعامی هەکاری و بتوانێت لەناو خاکی تورکیا و بەپێش چاوی حکومەتی ئەنقەرە و دەزگای هەواڵگریی میتەوە زیندانی لە ناوچەی هەکاریدا هەبێت؟
لەدوای راپەڕین
وەک هەموو سەرچاوە مێژووییەکان جەختی لێ دەکەنەوە، پاش هەموو ئامادەکاریی و شرۆڤەیەکی دۆخی دوای داگیرکردنی کوێت و دانانی بەرنامەی راپەڕین پارتی ئامادەی بەشداریی نەبوو بە پرۆژەیەکی شکستخواردووی وەسف دەکرد و دوای ئازادکردنی شارەکان لەگەڵ ئەمری واقیعدا رووبەڕوو بوونەوە و بەناچاری بەشدارییان کرد، تەنانەت دۆخی کۆڕەویان بە سەرکەوتن بۆ تیڕوانینی تێزەکەی خۆیان وەسف دەکرد کە یەکێتی بەرپرسیاری روودانی کۆڕەوە، بۆیە کاتێک لە چوارچێوەی بڕیاری 688دا رژێمی بەعس ناچاربوو وەفد بۆ دانوستاندن بنێرێت بۆلای بەرەی کوردستانی، دوای روونبوونەوەی مەرامەکانی رژێمیش کە مەبەستی کات کوشتن و خۆگرتنەوەیە، کەچی بە ئامان و زامان لە هاتوچۆی بەغدا نەدەکەوتن، بگرە لە راپەڕینی دووەمدا لە 18/7/1991 و راپەڕینی سێیەم لە 7 تا 12 ی 10/1991 هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزیان لەو هێزانەی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی دەکرد کە تۆڕباینەکانی بەنداوی دوکان و دەربەندیخانیان لە تێکدان و بردنیان بۆ بەغدا دەپاراست.
هێشتا ئەو باڵە باڵادەستەی پارتی لە دوای 49 ساڵ وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەداوەتەوە، کە ئەگەر لە 6ی ئازاری 1975 بە دەیان هەزار پێشمەرگە و جبەخانەیەکی زۆر و پارەیەکی زۆرەوە شۆڕش ئەستەم بووبێت لە سایەی رێککەوتننامەی جەزائیردا، ئاخۆ لە 26ی گوڵانی 1976دا چی گۆڕدرا کە هەردوو رژێمی سەدام و شا مابوون و بەهێزتریش ببوون بەڵام ئەوان قیادە موەقەتەیان دروستکرد و (شۆڕشی گوڵان) یشیان هەڵگیرساند؟
رادەستکردنی کوڵەجۆ بە گرەنتی
هەرلە راپەڕینی سێیەمدا شەڕێکی قورس لە کوڵەجۆی نزیک کفری بەڕێوەچوو کە تێیدا رژێم زیانی زۆری گیانی و ماڵی لێکەوت و ئەوکات سەرۆکی پارتی لە بەغدابوو لە دانوستان و مام جەلال لە گەشتێکی ئەوروپا بوو، بۆیە سەرۆکی پارتی بەرپرسی یەکەمی عەسکەریی بەرەی کوردستانی داوای لە پێشمەرگە کرد بۆ ماوەی (6) سەعات شارۆچکەکە چۆڵ بکەن تا رژێم تەرمی کوژراوەکانی و پارچەی ئامێرە تێکشکاوەکانی بباتەوە، بەڵام ئەو شەش سەعاتە بووە (12) ساڵی رەبەق!
پێداگریی لەسەر ئاڵای عیراق و دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری رۆشنبیری
ئەو حزبە وەک هەموو هەڵوێستەکانی دیکەی ئەوەی کوردەواری و کوردایەتی خەباتیان بۆ کردووە، دەقاودەق پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکات، لە یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی دوای سوێندخواردنی دەستەی سەرۆکایەتی و پەلەمانتارەکانی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان (پەرلەمان)دا لە 4/6/1992، جیاواز لە هەردوو فراکسیۆنی (سەوز)ی یەکێتی و (مۆر)ی کریستیانەکان پێداگریی لەسەر مانەوەی ئەو ئاڵایەی عیراق دەکرد کە بە دەستوخەتی سەدام (اللە اکبر)ی لەسەر نووسراوە، بەڵام پێداگریی یەکێتی و کریستیانەکان بە (55) دەنگ بەرامبەر بە (50) دەنگەکەی ئەوان شکستی بە پیداگرییەکەی ئەوان هێنا، هەر لەو رووەشەوە پاش ماوەیەک لەو شکستە، فرانسیس یوسف شابۆ وەک سەرۆکی فراکسیۆنی مۆری کریستیانەکان لە زاخۆ لە پشووی پەرلەماندا تیرۆر کرا، کە ئەوەش وەک تیرۆرکردنی رەئوف ئاکرێی و چەندین تێکۆشەری دیکە دیزە بەدەرخۆنە کرا.
هەر لەبەرامبەر ئەوەشدا وەک عینادییە سیاسییەکانی ئێستایان، لە غیابی لیژنەی ئۆڵۆمپی و بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی رۆشنبیری، تیپێکی تۆپی پێیان ناردە بەغدا بۆ یاری، سەرەڕای نەبوونی هیچ پەیوەندییەکی سیاسی، ئابووریی و کەلتوری لە نێوان هەرێم و بەغدادا، بۆیە لەبەغدا وێڕای سوکایەتی، بە ناچاری درێسیان بە وێنەی سەدامەوە پێ پۆشیبوون، وەک هەڵوێستێکیش لەسەر ئەو سوکایەتییە، وەزیری رۆشنبیریی هەرێم کە ئەوکات شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس بوو، دەستی لەکارکێشایەوە.
کۆبوونەوە و رادەستکردنی پلان
ئازاری ساڵی 1995 ئەگەرچی پلانێکی تۆکمە هەبوو کە بە هاوکاریی هێزی هاوپەیمانان و ئۆپۆزسیۆنی عیراق لە کوردستانەوە هێرش بکرێتە سەر دامودەزگاکانی رژێم و ئامادەکاریی تەواو کرا و لەسەر داوای هاوپەیمانان و ئۆپۆزسیۆنی عیراق هودنەیەک لە بەرەکانی شەڕی ناوخۆ راگەیەندرا و پارتیش بەشدار بوو لە پلانەکەدا و بڕیاردرا هێزی پێشمەرگەی هەردوولاش لە بەرەکانی شەڕ بکشێنەوە وەک ئامادەکاری بۆ ئەو پلانە، بەڵام پارتی جگەلەوەی پلانەکەی کتومت بۆ رژێم ئاشکراکرد، هێزەکانیشی نەکشاندەوە لە بەرەکانی شەڕی ناوخۆ و بە قۆستنەوەی دەرفەتی کشانەوەی هێزەکانی یەکێتی، لەوکاتەی هێرشەکان لە قوشتەپە و بانمەقانەوە بەرەو کەرکوک دەستیپێکرد، دەبوو ئەوان بەرەو موسڵ و مەخموور جووڵە بکەن، بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانەوە پەلاماری سەنگەرە چۆڵکراوەکانی یەکێتیان دا و چەندین پێشمەرگەی شەڕنەکەر و کادری ناو کۆمیتە و کەرتەکان بەدیلی شەهیدکران.
مودەڕەعەکانی شاوێس و مەلا ئۆمەر
لەماوەی شەڕی ناوخۆدا چەندین حزبی سیاسی هەرێمی کوردستان وەک هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە وەفدیان پێکدەهێنا، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1996دا وەفدێک کە پێکهاتبوو لە 17 حزب بە بەشداریی هەڤاڵ قادر عەزیز کە ئەوکات سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان بوو، نامەیەکی سپیی ئیمزاکراوی سەرۆک مام جەلال-یان برد بۆ سەری رەش بۆ سەرۆکی پارتی، ئەوکات قادر عەزیز لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا گێڕایەوە: «وەفدەکە لە بەرپرسێکی باڵای پارتییان پرسیووە، ئەو مودەڕەعە عیراقییانە چین لەسەر رێگەکە بینیمان؟ ئەو بەرپرسە زۆر راشکاوانە وتبووی: «بۆ بەرژەوەندیی خۆمان ئامادەین دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵ بکەین!» بۆیە هەموو ئەم رووداوانە لانیکەم لە 1991 –ەوە تا خیانەتی 31ی ئابی 1996، زنجیرەیەکی پێکەوە گرێدراوە و دەریدەخات کە 31ی ئاب زادەی چرکەساتێکی مەترسیی پارتی نەبووە گوایە ئێران هەژموونی بەسەر هەولێر و سلێمانیدا سەپاندووە، چونکە هێندەش پەرێزیان پاک نییە لە پاکتاوکردنی تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەردەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا و دۆسێیەکی پڕ لە شەرمەزارییان لەبەردەستی مێژوونووسانی بەویژداندایە، خۆ هەر لەو ئێرانەوە بوو لە 1994 تا 1996 هێزیان لە حاجی هۆمەرانەوە دەگواستەوە بۆ سنووری قەڵادزێ و پێنجوێن و چیای لەرێ لە شارباژێڕ و چیای سورێن-ی لای شارەزوور و هەورامان و هەڵەبجە.
هاموشۆی لێپرسراوانی رژێم
گریمان نەوە نوێکەی پارتی ئاگایان لەو حەیسە و بەیسەیە نییە، بەڵام کادر و سەرکردەکانی ئەوکاتی پارتی زۆر باش ئاگادارن کە لە دوای 31ی ئابەوە ئیتر نەک پەیوەندییەکان لەگەڵ بەعس و رژێمەکەی ئاسایی بووەوە، بەڵکو هەولێر و دهۆک بوونە کاروان سەرای هاتوچۆی سەرانی رژێم بۆ دەرەوەی عیراق و بەپێچەوانەوە لەو رووەشەوە هەریەک لە تاریق عەزیزی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی رژێم و عامر محەمەد رەشید وەزیری نەوتی عیراق چەندین جار لە رێگەی دهۆک – زاخۆ – ئیبراهیم خەلیلەوە سەردانی دەرەوەی عیراقیان دەکرد و دەگەڕانەوە، بەرلە هەموو سەردانەکانیش (تاهیر جەلیل حەبوش)ی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی رژێم بۆ ئامادەکاریی گەشتەکانیان سەردانی هەولێر و سەری رەشی دەکرد، لەبەرامبەریشدا دەرگای بازرگانی لە موسڵەوە بەڕووی بازرگانانی سەربە پارتی لە هەولێر و دهۆک کرابووەوە، ئەوەش لەکاتێکدابوو کە لەسەر هێنانی دەبەیەک بەنزینی قاچاغ لە سنووری کفری و چەمچەماڵەوە قیامەت هەڵدەستا و خەڵک دەسووتێنرا.
پارتی بە پاساوێکی بێ بنەما خیانەتی 31ی ئابیان شرۆڤە دەکرد کە گوایە یەکێتی هێزی ئێرانی هێناوەتە سلێمانی و هەولێر و یەکپارچەیی خاکی عیراق لە مەترسیدایە، لەکاتێکدا هەر لەو ئێرانەوە لە 1994 تا 1996 چەندین جار هێزیان لە حاجی هۆمەرانەوە دەگواستەوە بۆ سنووری قەڵادزێ و پێنجوێن و چیای لەرێ لە شارباژێڕ و چیای سورێن-ی لای شارەزوور و هەورامان و هەڵەبجە!
شەڕی پێچەوانەی ئاڵا
ئەوەی سەیر و سەمەرەیە لەو حزبەدا بەدیدەکرێت، لەکاتێکدا گوایە ئۆپۆزسیۆنی رژێمی پێشووە، لەدوای راپەڕین پێداگریی لەسەر مانەوەی ئاڵاکەیان دەکات لە پەرلەمانی نۆبەرەی کوردستاندا، کەچی کاتێک رژێم رووخاوە و پارتی خۆی دەیان پەرلەمانتاری لەبەغدا هەیە و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەرکان و چەندین پۆستی باڵای لە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکاندا هەیە، کەچی دوای داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی کە خۆی دەنگی پێداوە و دوای گۆڕینی ئاڵاکە بە ئاڵایەکی نوێ کە لەپەرلەمانی عیراق پەسەندکراوە، دێت ئاڵای سەردەمی قاسم دادەنێت و ئاڵا نوێیەکەی عیراق رەتدەکاتەوە بەبیانووی ئەوەی گوایە ئەوە ئاڵای رژێمێکە کە کوردی ئەنفال و کیمیاباران کردووە، لەکاتێکدا ئەو ئاڵایە ئەوەبوو کە بەسەر دەبابەکانەوە بوو کە لە 31ی ئابدا هەولێریان پێ داگیرکرد!
16ی ئۆکتۆبەر و ئەمسەری گەمەکە
سەرۆکی پارتی کە ئەوکات سەرۆکی هەرێم بوو، چاودێریی رێککەوتنێکی نێوان کەریم سنجاری وەزیری پیشمەرگە بەوەکالەت و وەزیری بەرگریی عیراق و فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراقی کرد لە کاتی جەنگی داعشدا، بەگوێرەی رێکەوتنەکە ئەمریکا لە بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ساڵانە وەک هاوکاریی دەداتە پێشمەرگە بۆ مووچە و پێداویستیی سەربازی و مەشق، لەبەرامبەردا دەبێت لەدوای شەڕی داعش پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنی پیش دەستپێکردنی شەڕەکە و جووڵەی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک و موسڵ، بەڵام لە دەماودەمی تەواوبوونی وادەکە و لاوازبوونی داعشدا، بارزانی نەیویست ئەوە بەگوێرەی رێککەوتنەکە بکات، چونکە لە کاتی شەڕەکەدا چەند جارێک دەیوت (ماددەی 140 بە خوێنی پیشمەرگە جێبەجێکرا)، ئەمەش لەلایەن عیراق و ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە وەک مەترسیی لێی دەڕوانرا، بۆیە کەوتنە پەلەکردن لە ناردنی هێزی زیاتر بەرەو سنوورەکان، ئەو هەموو دروشم بازییەش، تەنها بۆ بەگورگانخوارددانی پێشمەرگە و فەرماندەکانی یەکێتی بوو بەوپێیەی بە گوێرەی ئەمری واقیع کەرکوک و گەرمیان بەزۆری هێزی سەربە یەکێتی لێ بوو و سنوورەکانی مەخمور و گوێڕ و خازر و موسڵیش هێزی پارتی لێ بوو، بۆیە ئەو هێزانەی نزیک لە پارتی کە لە سنووری کەرکوک بوون، بەبێ دەنگی لەژێر تاریکیی شەودا بێ پرس کشابوونەوە و هێزی یەکێتیش ئەوەندی پێی کرا بەرگریی کرد، بەڵام نەدەکرا لەوە زیاتر موجازەفە بە گیانی پیشمەرگەوە بکرێت لەگەڵ هێزێکدا کە بەگوێرەی رێککەوتنێکی ساڵێک پێشتر هاتووە و تەرازووی هێزیش لە بەرژەوەندیی پێشمەرگە نەبوو.
داستانی پردێ، یان پرد رووخاندن؟
بڕوانن.. هێزەکانی پارتی لە شوێنەکانی تری نزیک کەرکوکیش بەبێ تەقە و بەرگریی کشانەوە بۆ شۆراو کە هەرخۆی ئەو شوێنە بوو کە دەبوو بگەڕێنەوە ئەوێ، بەڵام بۆ چەواشەکاری وەک باسی مێژووی شەڕی چاڵدێرانمان بۆ بکەن، ناویان ناوە داستانی پردێ، کە هەموو داستانەکە تەقاندنەوەی پردێک بوو بۆ دواخستنی پێشڕەویی هێزەکانی عیراق.
حەوت ساڵی رەبەق کاتیان کوشت و نەیانهێشت ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە و پارێزگارێکی کورد هەڵبژێردرێت بەبیانووی ئەوەی گوایە کەرکوک داگیرکراوە، ساڵی رابردووش گرفتێکی گەورەیان دروستکرد بۆ وەرگرتنەوەی بارەگا سەرەکییەکەیان لە شاری کەرکوک، وەک شانۆگەرییەک هەڵڵایەکیان نایەوە لەگەڵ ئەوانەی دواتر لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاردا دەرکەوت هاوپەیمانی پارتین و بەو هۆیەشەوە خوێنی چوار لاوی کوردیان بە فیڕۆدا، کاتێکیش بارەگاکەیان وەرگرتەوە بۆ خۆشیرینکردن وتیان بارەگاکە دەبەخشین بە زانکۆی کەرکوک!
هەموو ئەم سیناریۆیانەی ئەم حزبە لە پێش و لە پاش 31ی ئابی 1996 ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەوە زنجیرەیەکی نەپچڕاوە و بەشێک لە دەستڕۆیشتوانی ئەو حزبە بە خیانەتی راستەوخۆ بێت یان بە سیناریۆی جۆراوجۆر، تەنها ئامانجیان لێدانە لە خواستە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد و ئەو هێزانەی پێشڕەوایەتیی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە دەکەن.
هێزەکانی قیادە موەقەتە گواستنەوە لە سەنگەری حەمە رەزا شاوە بۆ سەنگەری ئێرانی کۆماری
زیندانەکەی قیادە موەقەتە لە هەکاری
حەمە رەزا شای ئێران و سەدام حسێن و هەواری بۆمیدیەن لە کاتی رێککەوتننامەی جەزائیر
تەسلیمبوونەوەی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول بە چەندین پارچە چەکەوە
کۆڕەوی دوای راپەڕینی 1991، کە پارتی ئۆباڵی ئەوەشی خستە ئەستۆی یەکێتی
نانەوەی ئاڵۆزییەکانی 2023 لە کەرکوک کە چوار لاوی کورد بەدەستی هاوپەیمانەکانی پارتی تێدا بووە قوربانی
شەهید رەئوف ئاکرێی شەهید فرانسیس یوسف شابۆ
ئاڵای عیراق لە سەردەمی رژێمی سەدامدا
ئاڵای عیراق لە سەردەمی رژێمی قاسمدا
تارق عەزیز عامر محەمەد رەشید