״گەنمی پێویست لە كۆگاكاندا هەیە״

04:03 - 2022-03-14
ئابووری
305 جار خوێندراوەتەوە

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایدەگەیەنێت: گەنمی پێویست لە كۆگاكاندا هەیە و پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات.
حەمید نایف راشیگەیاندووە: لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی روسیا و ئۆكرانیا، خەڵكی زۆر بە پەرۆشن بۆ كڕینی گەنم، تەئكیدی كردەوە كە ئێستا هیچ گەنمێك هاوردە ناكرێت، چونكە بڕێكی زۆر لە سایلۆكاندا هەیە، بەڵام چاوچنۆكی بەشێک لە بازرگانەكان، بۆتەهۆی بەرزكردنەوەی نرخەكەی.
روونیشیكردۆتەوە: گەنمی پێویست بۆ ئەم وەرزە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو دەوڵەتێك تا شەش مانگ خۆراكی كۆگاكراوی هەبێت.
هاوكات، زافر مۆفەق بەڕێوەبەری ئاشی دۆرە رایگەیاندووە: ئاشەكەیان توانای هەیە رۆژانە بڕی پێنج هەزار فەردە ئارد بخاتە بازاڕەوە.
وتیشی: «یەكەم بەشە ئاردی ئەمساڵ دابەشكراوە‌ و ئێستاش كار دەكەن بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی بەشە ئاردی دووەم، هەروەها گەنمی پێویستیان بۆ دابینكراوە، تا بەشە ئاردی سێیەم دابەش بكەن».
لەدوای دەستپێكردنی شەڕی (روسیا – ئۆكرانیا)، نرخی كاڵا و شمەكی خۆراكی لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەیەكی كەم بەرزبۆوە، بەڵام لە عیراق و هەرێمی كوردستان ئەو پێشهاتە لەلایەن بەشێك لە بازرگانانەوە قۆسترایەوە و نرخی چەند خۆراكێكیان گران كرد، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدا، هۆشدارییان بەو بازرگانانە دا كە رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیاییان بە هاووڵاتیان دا، كە بەشی شەش مانگ بۆ ساڵێك خۆراكی كۆگاكراو هەیە و پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات.
چەند رۆژێك لەمەوبەریش، وەزارەتی بازرگانیی عیراق ئاشكرایكرد: بەمەبەستی دابینكردنی رۆنی زەیت و گەنم كە پێشتر لە ئۆكرانیا و روسیاوە هاوردە كراوە، جێگرەوەیان دۆزیوەتەوە و لە وڵاتانی دیكەوە ئەو دوو ماددە خۆراكییە هاوردە دەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان