هەر خوێندکارێک 35 تا 50 هەزار دیناری پێویستە

دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن خەمێکی دیکەی خێزانەکانە

10:30 - 2024-09-04
ڕاپۆرت
142 جار خوێندراوەتەوە
حکومەت دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن دەخاتە ئەستۆی خێزانەکان

راپۆڕتی: تەها عەبدوڵڵا


ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندندا لە هەرێمی كوردستان، كە لە سەرەتای مانگی ئەیلول دەستپێدەكات، خێزانەكان سەرقاڵی دابینكردنی پێداویستی خوێندن دەبن بۆ منداڵەكانیان، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا كە سەرجەم پێداویستییەكانی خوێندگە لە ئەستۆی دایكان و باوكانە و جگە لە پەرتووكی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە هیچ بەرپرسیارێتییەك بۆ كەمكردنەوەی ئەركی سەرشانی خێزانەكان لەدابینكردن ئەو پێداویستییانە هەڵناگرێت، لەم کاتانەشدا کە مووچەی فەرمانبەران دوادەكەوێت ‌و هەندێكجار بۆ ماوەی دوومانگ دابەشناكرێت، ئەرکی سەر شانی خێزان قورستر دەبێت.
سیروان ئەحمەد، کە فەرمانبەرێکی حکومییە لە هەرێمی كوردستان و هاوسەرەكەی مامۆستایە، لەبارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ ساڵی تازەی خوێندن بە كوردستانی نوێی راگەیاند: خەرجی خوێندگە و دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن بۆ منداڵەكان ئەرکێكی ترە کە ساڵانە لەگەڵ خەرجی رۆژانی ئاساییدا بۆ ئێمەی فەرمانبەران زیاد دەبێت، بۆیە پێویستە لەم كاتانەدا بودجەیەكی تایبەتی بۆ دابین بكەین، بەڵام ئەم ساڵ نەك پارە بۆ خوێندن، بەڵكو بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە ناتوانین پێداویستییە سەرەكییەكانیش دابین بكەین.
وتیشی: ئێمە وەك خێزانێكی بچووك سێ خوێندكارمان هەیە، پێویستە جلوبەرگ و جانتا و قەڵم و دەفتەر و پێویستییەکانی تریشیان بۆ دابین بكەین، دوای ئەوەی پرسیاری نرخی پێداویستی خوێندنم كرد، بۆمان دەركەوت كە هەر منداڵێك لە نێوان 35 تا 50 هەزار دیناری پێویستە، ئەم پارەیەش بۆ ئێمە زۆرە ئەگەر مووچە لە كاتی خۆیدا وەرنەگرین، رەنگە نەتوانین پێداویستییەكان بە دڵی منداڵەكانمان دابین بكەین.


بەو جۆرە نییە كە چاوەڕوانمان دەكرد

هەر لەبارەی ساڵی تازەی خوێندن و نرخی پێداویستییەكانی خوێندكارەوە، عەبدوڵڵا سیامەند وەك یەكێك لە فرۆشیارانی پەڕاوگە و پێداویستیی خوێندن پێی وتین: ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە كەلوپەل و پێداویستییەكانی خوێندن ئامادە دەکەین، بۆ ئەوەی دایكان و باوكان چەند رۆژێك پێش كردنەوەی دەرگای خوێندگەكان پێداویستییەكانی خۆیان بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن.
وتیشی: هەرچەدە ئەم ساڵ نرخی قەڵەم و جانتا و دەفتەر و پێداویستییەكانی تر بەراورد بە ساڵانی رابردوو هەرزانترە و ئێمە ئەو جۆرەمان هێناوە كە نرخەكانیان كەمە، تا لەگەڵ بارودۆخی مووچەخۆراندا بگونجێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی كەم لە دایكان و باوكان سەردانمان دەكەن و داواكاریی ئەو پێداویستییانە بەو جۆرە نییە كە چاوەڕوانمان دەكرد.
رێبوار حسێن لە بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر كە كۆگای كەلوپەل‌ و پێداویستییەكانی خوێندنی هەیە و بەسەر دوكانی گەڕەك و بازاڕەكاندا دابەشی دەكات، لەبارەی ئەو بابەتەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم ساڵ كەمترین خواست لەسەر پەڕاوگە و پێداویستییەكانی خوێندن هەیە، چونكە ساڵانی رابردوو لەم كاتانەدا لەبەر زۆریی کڕیار فریای ئیشوكار نەدەكەوتین، بەڵام ئەم ساڵ تا ئێستا بەشێكی زۆر لە كڕیارەكانمان و خاوەن دوكانەكان سەردانمان ناكەن، ئەویش پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەرانەوە هەیە.
باسی لەوەشكرد: بەهۆی گرفتی داراییەوە خەڵكی ئەوەندەی سەرقاڵی دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ماڵەوەن، ئەوەندە ناپەرژێنە سەر پێداویستییەكانی خوێندن، چونكە كڕینی ئەو پێداویستییانە پارەیەكی زۆری پێویستە و بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە دوو یان سێ منداڵیان خوێندكارە زۆر دەكەوێت.

لە دەرەوە هاوردە دەکرێت

ئاماژەی بەوەشكرد: پێدوایستیی پەڕاوگە و خوێندن وەك هەر بابەتێكی تر لە دەرەوە هاوردە دەكرێن و هیچ یەكێك لەوانە لە ناوخۆی عیراق و هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت، بۆیە ئەگەر لە ناوخۆ كارگە و دەزگای پێشكەوتوو هەبێت ئەو پێداویستییانە دروست بكات، رەنگە نرخەكەی هەزرانتر بکەوێت، بەمەش كەمێك لە گرفت و ئەرکی خێزانەكان كەمتردەبێتەوە .
سەباح مستەفا وەك مامۆستایەكی خانەنشین لەبارەی دابینكردنی پێداویستیی خوێندن لە ئێستا و رابردوودا بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بێگومان جیاوازی هەیە، چونكە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكاندا كاتێك ئێمە مامۆستا و بەرێوەبەری خوێندنگە بووین، جگە لە جلوبەرگ، سەرجەم پێداویستییەكانی وەك پەرتوکی تازە و دەفتەر و جانتا و قەڵەم و ئەوانی تریش لەلایەن حكومەتەوە دابین دەكرا، تەنانەت خواردنیش دەدرا بە خوێندكار، ئەمەش وایكردبوو بارگرانی نەکەوێتە سەر شانی خێزانەكان.
وتیشی: ئەو كات قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی، جلوبەرگی یەكپۆشی پەیڕەو نەدرەكرا، بۆیە دایكان و باوکان زۆر بیریان لە جلوبەرگی خوێندن نەدەكردوە و خەمێک نەبوو بۆ ئەوان، بەڵكو بە جلوبەرگی ئاساییەوە منداڵەکانیان دەنارد بۆ خوێندنگە و بەلای خەڵكیشەوە گرنگ نەبوو جلوبەرگەکە تازە بن یان کۆنە، بەڵکو گرنگ ئەوە بوو خاوێن بن.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە حكومەت لە دابینكردنی پێداویستیی خوێندندا هەموو بارگرانییەكەی خستۆتە سەر خێزانەكان، ئەمەش بۆ كەسێكی مووچەخۆر زۆر دەكەوێت، بە تایبەتی ئەگەر مووچەكەشی دوابكەوێت، ئەو بارودۆخە كاریگەریی لەسەر شێوازی پەروەردەكردنی منداڵەكانمان دەبێت، بۆیە ئەگەر حكومەت بیەوێ كەرتی پەروەردە و خوێندن بەرەو پێش بچێت، پێویستە گرنگیی زیاتر بە خوێندكاران بدات و ساڵانە بودجەی تایبەت بۆ دابینکردنی پێداویستییەكانی خوێندن تەرخان بكات.

خێزانەکان بۆئەوەی کەولوپەلی خوێندگە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، ناچارن خەرجیی هەندێک پێداویستیی تر کەم بکەنەوە، بێگومان زۆرجار ئەو پارەیە لە خەرجیی چارەسەری نەخۆشی و خواردن و پێداویستیی تری ماڵەوە دەبڕن و خۆیان بێبەش دەکەن


خەرجییەکان زۆرن
هێرۆ كەمال بەرزنجی وەك ئابووریناسێك لەوبارەیەوە دەڵێ: لەگەڵ زیادبوونی ئەركی خێزانەكان لە کڕینی ئاوی خواردنەوە و كارەبای مولیدە و كرێی خانوو و خەرجیی نەخۆشخانەكان و چەندین پێداویستیی تر، كە هەمووی بۆتە پارە، ساڵانە لەم كاتانەدا دەبێ خەمێك لە كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكانیش بخۆن، چونكە ئەویش خەرجییەكی تایبەتە‌ و ناچارن دابینی بكەن.
وتیشی: خێزانەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە خوێندن دانەبڕێن ناچارن خەرجیی هەندێک پێداویستیی تر کەم بکەنەوە، بۆئەوەی کەولوپەلی خوێندگە دابین بکەن، بێگومان زۆرجار ئەو پارەیە لە خەرجیی چارەسەری نەخۆشی و خواردن و پێداویستیی تری ماڵەوە دەبڕن و خۆیان بێبەش دەکەن.
ئەو ئابووریناسە پێشیوابوو: دایکان و باوکان جگە لەوەی لە سەرەتای ساڵدا ئەو خەرجییە بۆ خوێندنی منداڵەکانیان دەکەن، رۆژانەش دەبێ بڕێک پارەیان پێبدەن، تا لە فرۆشگەی خوێندنگەکان خەرجی بکەن، ئەمەش گوشارێکی تری ئابوورییە دەکەوێتە سەر ئەو خێزانانە.
باسی لەوەشکرد: لە وڵاتان بایەخی تایبەت دەدەن بە پڕۆسەی خوێندن و خوێندکاران، بە تایبەتی لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەییدا، تا نەوەیەکی تەندروست پێبگەیەنن، بۆیە بودجەیەکی تایبەت بۆ کەرتی پەروەردە تەرخان دەکەن.
جەختیشی کردەوە: ناچارکردنی خێزانەکان بە کڕینی پێداویستیی ساڵانەی خوێندن، ئەو خێزانە رووبەڕووی دەیان قەیرانی تر دەکاتەوە و دواجار کاریگەریی لەسەر خودی خوێندکارەکان دەبێت، بەمەش پرۆسەی پەروەردە و خوێندن تووشی پاشەکشە دەبێت و ئەو بودجەیەی حکومەتیش لەو کەرتەدا خەرجی دەکات وەکو پێویست شوێنی خۆی ناگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان