سەر بە پێکهاتە جیاجیاکانی کەرکوکن..

رووناکبیران لە کوردستانی نوێ -وە دەستخۆشی لە ئیدارەی پارێزگاکە دەکەن

09:49 - 2024-09-05
ڕاپۆرت
99 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: رزگار شوانی 


هەر لە سەرەتای پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوکەوە، هەوڵەکان بەرەو ئاسۆیەکی نوێ لە پارێزگاکەدا دەرکەوتوون، بێگومان کۆمەڵانی خەڵکی شارەکە بەهەموو پێکهاتەکانەوە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیی لەو گۆڕانکارییەی ئیدارەکە دەکەن، لەو رووەشەوە بە دەرفەتمان زانی چەند ئەدیب و رۆژنامەنووس و هونەرمەندێکی کەرکوک لە پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان بدوێنین، تا لەدەمی خۆیانەوە بزانین تاچەند بەو گۆڕانکارییە گەشبینن و ئومێدی چی لێ دەکەن؟

تۆفیق ئەلعەتار نووسەر و ئەدیب لە پێکهاتەی عەرەب لەوبارەیەوە دەڵێت: به رێزێکی گەورەوە مژدەی ئەدای باشتری ئیدارەی نوێی کەرکوکمان پێگەیشت، بێگومان هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی رێبوار تەهاوە وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک و دەستنیشانکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە، پاڵپشتییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینی لەلایەن سەرۆک هۆز و عەشیرەت و کەسایەتی و بەڕێوەبەری دامەزراوە حکومییەکانی شارەکە و نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکانەوە. 
روونیشیکردەوە کە ئیدارەی نوێی کەرکوک پەیمانی بە کۆمەڵانی خەڵکی شارەکە داوە کە بەیەک رێڕەو لە خزمەتی هەموو نەتەوەکاندا بێت، ئەوەبوو لە یەکەم هەنگاویدا هەڵمەتی پاککردنەوەی گەڕەک و شەقامەکانی شارەکە لە خۆڵ و خاشاک دەستیپێکرد، هەروەها دەستپێشخەریی کرا لەلایەن ئیدارەی نوێی شارەکەوە بۆ داگرتنی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەم مانگە، بەهیوای خزمەتی زیاتری شاری کەرکوک لە هەموو بوارەکاندا .
هەر لەو رووەشەوە رۆژنامەنووس عەلی ئەلعەزاوی وتی:  ئیدارەی نوێی کەرکوک لە سەرەتای دامەزراندنیدا گۆڕانکاریی  لە دۆسێ گرنگەکاندا کرد، لەوانە دۆسیی پرۆژەکان و پاککردنەوەی شارەکە، بێگومان بەڕێز پارێزگاری نوێی کەرکوک، ماوەی مانگێکە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسێیانەدا دەکات، بەڵام هێشتا ناتوانین هەڵسەنگاندنی تەواوی ئەدای حکومەتە خۆجێییە نوێکەی بکەین، بەڵام وتی: ئیدارەی نوێی کەرکوک هەوڵدەدات چارەسەری دۆسێی پرۆژەکانی ئیدارەی پێشوو بکات کە شکستیان هێناوە، ئاماژەشی بە پێشخستنی پرۆژەکانی ئیدارەی نوێی کەرکوک کرد لە بوارەکانی قیرتاوکردنی شەقامەکان و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و پیشەسازی و کشتوکاڵ و نەوت و گاز و کارەبا و کۆتاییهێنان بە کێشەی بێکاری، هیواشی خواست لایەنە سیاسییەکانی تر بەشداریی لەو ئیدارەیەدا بکەن .
ئەیوب بامبوغچی ئەدیب و نووسەری تورکمانیش دەڵێت: وەکو کەسێک لە نەتەوەی تورکمان و وەک هاووڵاتییەکی پارێزگای کەرکوک، پیرۆزبایی لە پارێزگاری نوێی کەرکوک و ئەنجومەنەکەی دەکەم، هەرچەندە لە ئێستاوە ناتوانین حوکم بدەین، بەڵام ئەم ئیدارە نوێیە بە سەرۆکایەتی رێبوار تەها توانیی لە یەکەم هەنگاویدا هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی شارەکە رابگەیەنێت، هەروەها دابەزاندنی نرخی موەلیدە ئەهلییەکان کە ئەم دوو هەنگاوە دڵخۆشکەرە بۆ هاووڵاتیانی شارەکە بە هەموو نەتەوەکانەوە، بۆیە بەهیواین پڕۆژەی زیاتری خزمەتگوزاری لە شارە خۆشەویستەکەماندا بەڕێوەبچێت .
لای خۆشییەوە ئەحمەد نەجیب عیزەت وەک هونەرمەندێکی پێکهاتەی تورکمان وتی: سەدان ساڵە کورد و تورکمان و عەرەب و کلد و ئاشوری وەکو برا پێکەوە دەژین، ئێمەش وەکو نەتەوەی تورکمان خۆشحاڵین بە دەستبەکاربوونی رێبوار تەها پارێزگاری نوێی کەرکوک کە بەڕێزیان کوڕی ئەم شارەن و خەمخۆرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان