ئایا ئابووریی روسیا بەرگەدەگرێت؟

04:04 - 2022-03-14
ئابووری
245 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی*

 ئابووریی روسیا، بە تایبەتیش سیستمی داراییەكەی، بەهۆی ئەو هێرشە سەربازییەی كردوویەتییە سەر ئۆكرانیا، رووبەڕووی هێرشێكی ئێجگار گەورەی خۆرئاوا بۆتەوە. ئابووریی روسیا (11)هەمین ئابووریی جیهانە و ئەندامی گروپی بیستە، گەورەترین هەناردەكاری وزەی هایدرۆكاربۆنی و گەنمە لە جیهاندا، چوارەمین گەورە دەوڵەتی خاوەن زێڕە. لەگەڵ ئەمانەشدا رووبەڕووی سزا و گەمارۆی خێرا و گشتگیری ئابووری بۆتەوە، كە تەنیا كۆریای باكوور و ئێران و فەنزوێلا بە ئاستی جیاواز، رووبەڕووی سزا و گەمارۆی لەوجۆرە بوونەتەوە، هەرچەند هەندێك لەو دەوڵەتانە ئابوورییەكەیان بچووكە، بە ئاستی ئابووریی روسیا تێكەڵ بە ئابووریی خۆرئاوا نەبوونە.
بەرزكردنەوەی ئاستی یەدەكی دارایی
لە روانگەیەكی ترەوە، هێشتا ئابووریی روسیا لە بازاڕی دارایی جیهانیدا هێزێكی سنوورداری هەیە، بەپێی نیشاندەری مۆرگان ستانلی، بازاڕی پشكی روسیا لە هی سعودیە و باشووری ئەفریقیا بچووكترە، هەروەها لە بازاڕی سەنەداتیشدا قەبارەكەی كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام دەبێ جیاوازیی لە نێوان ئابووری وەك مەنزومەیەكی بەرهەمهێنان و دابەشكردن و مەنزومەی دارایی بكەین، ئەو جیاوازییە رەنگە پێویست و گرنگ بێت، چونكە ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر، زیاتر دژی مەنزومەی دارایی روسیان، بەڵام ئەمەش كاریگەرییەكەی لەسەر ئابووری روونە. لەبەرئەوە لێرەدا جەخت لەسەر رێوشوێنە داراییەكە دەكەینەوە. كە چۆن ئەمریكا بەردەوام مەنزومەی دارایی دەكاتە ئامانج، كاتێك دژ بە نەیارەكانی دەوەستێتەوە.
دوای ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا دووچاری ئابووریی روسیا بووەوە، بەتایبەتیش كاتێك ڤلادیمێر پوتین دەسەڵاتی گرتە دەست، هەنگاوی چاكسازیی كاریگەریی بۆ راستكردنەوەی رەوشی ئابووریی وڵاتەكەی نا، هاوكات پشتیوانی سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی كرد، گرنگترینیان بەرزكردنەوەی ئاستی یەدەكی دارایی لەلایەك، لەلایەكی تریشەوە، كەمكردنەوەی پشت بەستن بوو بە دۆلاری ئەمریكا، بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی بوو لەگەڵ چین، ئەمەش دوای دەستبەسەراگرتنی نیمچە دورگەی كرێمەوە بوو، كە بەهۆیەوە خۆرئاوا لە 2014 سزای ئابوورییان بەسەردا سەپاند.
گەورەترین هەنگاو كە روسیا پەنای بۆ برد، زیادكردنی یەدەكی دارایی وڵاتەكەی بوو تا لە زەبر و گوشاری بازاڕە داراییەكان لەسەر قەرزكردن و دراو خۆی بەدوور بگرێت، پشتیوانی ئاراستە نیشتمانییەكانی كرد تا كەمتر پشت بە دەوڵەتانی بیانی بەتایبەتیش ئابووریی خۆرئاوا ببەستێت.
بایی 311 ملیار دۆلارە
یەدەكی روسیا لە كانوونی یەكەمی 2022، (630) ملیار دۆلار و 230 تۆن لە زێڕ بوو، بانكی ناوەندیی روسیا سیاسەتی نەختینەی محافزكارانەی پەیڕەو دەكرد، كاغەزە داراییەكان بایی 311 ملیار دۆلارە، كە زۆربەیان لە پۆلێنی (A) بوو، جگە لە (6.8 ٪) نەبێت. لە رووی یاساییەوە، حكومەتی ئەمریكا بانكە ناوەندییەكان بە ئامانج دەگرێت، لەمەشدا بەپێی یاسا بە بەهانەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ یاخود بەگژداچوونی تیرۆر دەیكات، وێڕای یاسای پاراستنی هێزی ئابووریی ئەمریكا. بەكردەوە، سەرەتا بە گەمارۆی راستەخۆ دەستپێدەكات و دواتریش گەمارۆی ئەو دەوڵەت و دامەزراوانە دەدات كە مامەڵە لەگەڵ یەكەمدا دەكەن.
كاریگەریی نەرێنی دەبێت و تێچوونەكەشی بەرز دەكاتەوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لیستێك بە ناوی كەس و دامەزراوەكان ئامادە دەكات، بۆ ئەوەی چیتر مامەڵە بە دۆلاری ئەمریكاوە نەكەن. بەشەكەی تری یەدەكی روسیا كە 152 ملیار دۆلارە، بریتییە لە سپاردەی بانكی بە دراوی هەمەجۆر، نزیكەی دوو لە سەر سێی لای دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانە، وەك سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە و بانكی پاكۆكاریی نێودەوڵەتی، نزیكەی چارەكێكیشی لای بانكە ئەوروپییەكانە، كە بانكی ناوەندیی ئەوروپا مامەڵە پێوەكردنی راگرت. (14 ٪)ی ئەو یەدەكە لە چینە، (13 ٪)ی بە یوانی چینی بەهادار كراوە. لەبەرئەوە چین كلیلێكی گرنگی دارایی و ئابووریی روسیایە. دوا هەنگاویش رێگرتنی بانكەكانی روسیا بوو لە بەكارهێنانی سیستمی سوێفت، كە ئەمەش بۆ ئابووریی روسیا بێزاركەرە، بەڵام لەمەودوا ئەو بانكانەی لێ بەدەركراوە كە كۆمپانیاكانی نەوت و غازی سروشتی بەكاریان دەهێنن، ئەمەش پەنجەرەیەكی گرنگە بۆ روسیا، بەتایبەتی كە كەرتی وزە بۆ ئابووریی روسیا ئێجگار گرنگە. داشكانی بەهای رۆبڵ و بەرزكردنەوەی رێژەی سوود، راستەوخۆ زیان بە كۆمپانیاكان و بەكاربەران دەگەیەنێت و لە یەك كاتدا رێژەی هەڵئاوسان و داچوونی ئابووری بەرز دەكاتەوە، ئەمەش وادەكات گرتنەبەری ئەو رێوشوێن و ئامرازانەی هەن قورس بكات.
ئابووریی روسیا بە رادەیەكی زۆر هێندەی ئابووریی ئیتالیایە، دەشێ نەتوانێ ببێتە كۆسپ لە بەردەم گەشەی ئابووریی جیهان، بەڵام كاریگەریی دیاری دەبێت. بە گشتی ئابووریی روسیا هێشتا لە رووی بنچینەكانییەوە سەلامەتە، بەڵام رێگرتن و كۆسپ خستنەڕێی بزاوتی داراییەكەی، كاریگەریی نەرێنی دەبێت و تێچوونەكەشی بەرز دەكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو گەمارۆ و سزایە بەردەوامی هەبێت و زیاتر بكرێت.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان