«كاك كۆسرەت، رۆحێكی خۆڕاگر كە شكست دەگۆڕێت بۆ هێز، وەك قەڵای بوێری و كۆڵنەدان وەستاوە، رۆحی پاڵەوانانە بەرجەستە دەكات لەڕێگەی ئیرادەوە قارەمانێتی دەبەخشێت».
لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا بەر لە 29 ساڵ، رۆژی پێنجشەممە 7ی ئەیلولی 1995 سەعات (9:45) دەقیقە، ئەوكات كاك كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لەكاتی چوونی بۆ ئەنجومەنی وەزیران-حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، بۆمبێكی چێندراوی تیرۆریستانی دژ بە ئاوەدانی، بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی كاك كۆسرەت دەتەقێتەوە، لەسەر شەقامی شەستی شاری هەولێر، ئەوكات پێیاندەگوت (چوارڕێیانی عەنكاوە)، دەكاتە شوێنی ئێستای وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەم كارەساتەدا جگە لەوەی كاك كۆسرەت لە لێواری مەرگ دەربازی دەبێت، بەڵام مخابن (9) كەس لە دەستەی پارێزگاری لە كاك كۆسرەت، دەبنە قوربانی، كە لەنێویاندا (4) شەهید و (5) برینداری زۆر سەخت، شەهیدەكان بریتی بوون لە (شەهید مەولود، شەهید سەلیم، شەهید ئەحمەد، شەهید رزگار) و بریندارەكان بریتی بوون لە (هیوا، شەهید هاشم، نەبەز، شێروان، محەمەد).
سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدانی ئەو كارەساتە، كە هەمیشە لە یاد و یادەوەریماندا زیندوون.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان