راگەیاندنەکان چۆن پەرە بە کارەساتەکان دەدەن؟

11:24 - 2022-06-30
کەلتور
973 جار خوێندراوەتەوە
هۆشی راگەیاندنەکان لەسەر کاری چاک نییە کەواتە کاری چاک کەمتر روودەدات

مەحمود شێرزاد

 زۆربەی راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت زۆربەی تاکەکانیش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، لە پێناو بینەر و بیسەر و «لایک» و «کۆمێنت»ی زۆردا هەموو بنەمایەک و هەموو بەهایەکی مرۆیی و پیشەیی و...هتد دەخنە لاوە و پشتگوێی دەخەن. ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە ئەو هەواڵ و بابەتەی بڵاوی دەکەنەوە، چ کاریگەرییەک لە سەر بینەر و بیسەر و هەر وا چ کاریگەرییەک لەسەر خودی بابەت و رووداوەکە دادەنێت. بە کورتی ئەو هەواڵ و بابەتەی لەلایەن راگەیاندنەکانەوە و تەنانەت لەلایەن تاکەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بواری جیاجیادا هەم بابەت و رووداوەکە و هەم کەسەکان دووبارە و چەند بارە دەبنەوە. یانی کاتێ ئێمە رووداوێکی باش بڵاو دەکەینەوە، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی رووداوی باش و کەسی باش لە بوارە جیاجیاکاندا. بە هەمان شێوە کاتێ رووداوێکی خراپ بڵاو دەکەینەوە دەبێتە هۆی دووبارە بووونەوە و پەرەسەندنی رووداوی خراپ و کەسی خراپ لە هەموو روویەکەوە.

وزە، شەپۆل، لەرە
لەهەقیقەتدا ئەم حاڵەتە روانگە و تێگەیشتن و گریمانەیەکی بیرمەندانە نیە، بەڵکو ئەمە یاسایەکی گەردوونییە و لە ئیرادەی مرۆڤ بەدەرە، یانی چی؟ یانی ئەگەر مرۆڤ پێی وابێ دەتوانێ لە رێگەی زەقکردنەوە و بڵاوکردنەوەی  رووداوە خراپ و هەواڵە نەرێنییە جیاجیاکانەوە، خراپە خراپەکار بنەبڕ دەکا، ئەوە بە تەواوی هەڵەیە و پێچەوانەکەی روودەدا، یانی بەم زەقکردنەوەی خراپە و بە بڵاوکرانەوەی ئەم هەواڵە نەرێنییانە، لەراستیدا وزە دەدا بە خراپە و کاری نەرێنی و رۆژانە خراپە و هەوڵی نەرێنی رەگئاژۆی زیاتر دەکەن، بەمشێوەیە خراپە و هەوڵی نەرێنی لە بوارێکەوە بۆ بوارێکیتر پەل دەهاوێژن و پەرەدەستێنن. ئەمە یاسایەکی گەردوونی و سروشتییە، مرۆڤ ناتوانێ هەڵیگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەم یاسا گەردوونییە چۆن کار دەکا؟
نیکۆلا تێسلا ، کە داھێنەر و ئەندازیارێکی میکانیکی و کارەبایی و فیزیکزانێکی بەناوبانگ و باوکی بەشێکی زۆری ئەم زانست و تەکنەلۆژیایەی ئێستایە دەڵێ: ئەم گەردوونە و ئەم سروشتە و ئەم ژیانە لەسەر سێ بنەما کار دەکا، یەکەم: وزە، دووەم: شەپۆل و سێیەم: لەرە. کەواتە هەوڵبدە لە روانگەی ئەم سێ بنەمایەوە بیر بکەیتەوە و قسە بکەیت و کار بکەیت. پێش نیکۆلا تێسلا لە هەزاران ساڵ لەوە پێشەوە یۆگییەکان ئەم هەقیقەتەیان درک کردووە و باسیان کردووە ونووسیوانەتەوە ، بەڵام ئێستا زۆر گرنگە کە زاناکانی بواری زانستی خۆرئاواییش ئەم هەقیقەتەیان درک کردووە و باسی دەکەن. 
کاتێ ئێمە بیر لە شتێک دەکەینەوە یان باسی شتێک دەکەین، یان بابەتێک و رووداوێک سەیر دەکەین، ئەم شتە و ئەم بابەت و رووداوە هەستێک لە ئێمەدا دروست دەکا، واتە ئەگەر بابەتەکە یان هەواڵ و رووداوەکە خۆش بوو هەستمان خۆش دەکا، ئەگەر ناخۆش بوو، هەستمان ناخۆش دەکا. تا ئێرە روونە و هەمووکەس ئەزموونی کردووە و دەیزانێ، دەزانێ هەواڵی خۆش، خۆشی دەکا وهەواڵی ناخۆش، ناخۆشی دەکا، بەڵام لێرە بەدواوە هەموو کەس نازانێ لەکەسەکە و ژینگەی کەسەکەدا چی روودەدا.

چۆن هەست دەبێ بە واقیع
 ئەم کاریگەرییەی ئەم بابەت و رووداوە لەسەر هەستی ئێمە دایدەنێ، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە ئەم بابەتە وزەی ئێمەی بۆ خۆی کۆنتڕۆڵ کردووە، واتە هەواڵ و رووداوەکە بەتەواوی هۆشی ئێمەی بردۆتە سەر خۆی و ئێمەی کردووە بە خۆی، هۆشی ئێمە و تەرکیزی ئێمەش بڕواتە سەر هەرشتێک وزەی ئێمەش دەڕواتە سەر ئەو شتە و ئێمە دەبین بەو شتە، وزەی ئێمەش بڕواتە سەر هەر بابەتێک وەک چۆن ئاو دار و گیژوگیا بەهێز دەکا و گەشەیان پێدەدا، وزەی ئێمەش هەر بەم شێوەیە دەبێتە ئاو بۆ ئەو بابەت و روودانە و گەشەیان پێدەدا. کاتێ هەستی ئێمە لەسەر بابەتەکە جێگیر بوو، ئەو هەستە وەک «شەپۆل» دەڕوا، مانەوەی زۆر لەسەر ئەو شەپۆلە دەبێتە هۆی «لەرە»، کاتێ ئێمە لەرێگەی شەپۆلەوە بە بەردەوامی هەستێکی دیاریکراو بڵاو دەکەینەوە، ئەو شەپۆلە لەرە دروست دەکا و ئەم لەرەیە هەستەکە کە هەڵگریی روواوەکەیە دەکا بە واقیع، واتە تۆ پێت باش بێ یان پێت خراپ بێ، حەزت لێ بێ یان نا، ئەو بابەتە لە رێگەی تۆوە بەهۆی وزەی تۆوە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارە دەبێتەوە. بۆئەوەی ئەم بابەتە روونتر بێتەوە نمونەی گەندەڵی دێنمەوە، کاتێ یەکەم کەس یەکەم هەواڵی لەبارەی گەندەڵی بڵاوکردەوە و سەرنجی کۆمەڵێک کەسی بۆ ئەم هەواڵە راکێشا، رەنگە ئەو ئەو کارەی بە دژی گەندەڵی و بە دژی پەرەسەندنی گەندەڵی کردبێ، بەڵام لەراستیدا وزەی داوە بە گەندەڵی و یارمەتی گەندەڵی داوە زیاتر پەرە بستێنێ، چۆن؟ ئەم هەواڵە هەستی ئەوانیتر ناخۆش دەکا، نەکا ئەوانیش گەندەڵی بکەن و دۆسییەکەیان بەم شێوەیە لێ ئاشکرا بێ، کەسەکان بەم شێوەیە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا تووشی ترس و نیگەرانی و دوودڵی دەبن کە نەکا ئەوانیش گەندەڵی بکەن! بەمشێوەیە بە بێ ویستی خۆیان هەستی ناخۆشی گەندەڵیکردن هەستەکانیان داگیر دەکا، دوای ئەوە هەستە کە وزەیە شەپۆلی گەندەڵی بڵادەکاتەوە و گەردوونیش لە رێگەی لەرەوە شەپۆلەکە دەکا بە واقیع، واتە تۆ بە بێ ویستی خۆت بەرە بەرە لە کەمەوە بۆ زۆر گەندەڵیکردن لە بواری جیاجیادا دەست پێدەکەیت. ئەمە هەر رێک ئاماژەیە بەو قسە باوەی لەناو خەڵک کە دەڵێ لەچی بترسێی ئەو شتە دێتە رێت. ئەم قسە ئاماژە بەم قانوونە گەردوونییە  دەکا. لەلایەکتریشەوە ئینجا دەزگای راگەیاندنیتر و چەند کەسێکیتریش هەوڵدەدەن لەم بوارەدا هەواڵیان دەست بکەوێ، بەمشێوەیە بەرە بەرە هەست و کرداریی گەندەڵیی لە کۆمەڵگادا پەرە دەستێنێ و هەموو بوارەکان، لە سەوزەفرۆشییەوە تا حکومرانی دەتەنێ و دەگرێتەوە، واتە بە تەرکیزخستنە سەر گەندەڵی، گەندەڵیکردن پەرەی سەند، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانە، ئەو کەسە یەکەم هەواڵی لەبارەی دەستپاکییەوە بڵاوبکردایەتەوە و کاری لەسەر هەستی دەستپاکی بکردایە و هۆشی هەمووانی هێنابەیەتە سەر دەستپاکی، ئێستا رێژەی دەستپاکی و کەسانی دەستپاک رۆژانە لەپەرەسەندنی زیاتردا دەبوو. یانی ئەگەر ئێمە بمانەوێ شتێک یان دیاردەیەک لە کۆمەڵگادا بگۆڕێن، نابێ تەرکیز بخەینەسەر ئەو حاڵەت و دیاردەیە، دەبێ کارمان بەو نەبێ و تەرکیز بخەنە سەر جەمسەری بەرامبەری ئەو حاڵەت و دیاردەیە، بۆ نمونە ئەگەر دەمانەوێ دەستپیسی نەمێنێ دەبی تەرکیز بخەینە سەر دەستپاکی هەرچەند رێژەشی لە کۆمەڵگادا کەم بێ، بە تەرکیزخستنەسەری بەردەوام رۆژانە پەرەی پێدەدەین و رێژەکەی زۆرتر و زۆرتر دەکەین.
راگەیاندنەکان بەردەوام  بۆ هەواڵ و رووداوی دڵتەزێن و نەرێنی دەگەڕێن و پێکەوە لە کێبەرکێدان کامیان یەکەمجار ئەم هەواڵە بڵاودەکەتەوە. هەیە تەنانەت هەواڵی ناڕاست لەم بوارەدا دروست دەکا. ئەم کارەی راگەیاندنەکان هەموو مەترسییەکی تری لەسەر کۆمەڵگا مەترسیدارترە، لەبەر ئەوەی هۆش و تەرکیزی کۆمەڵگا لەسەر هەستە نەرێنییەکان جێگیر دەکەن، ئەو هەستەش شەپۆل و لەرەی هەیە و بەکردار رووداو و خراپەی زیاتری لێدەکەوێتەوە. ئەم بابەتە یاسایەکی نەگۆڕی گەردوونیی و بەتایبەتی دەبێ هەموو دەزگایەکی راگەیاندن بەر لە هەر یاسایەکیتر، ئەم یاسا گەردوونییە بکاتە بنەمای کارکردن.
دەسەڵات بەر لەهەر شتێک لە هەموو بوارێکدا دەبێ هەستی خەڵک لەبەر چاو بگرێ، یانی هەموو بوارێک دەبێ دەبێ بڵێ من ئەو کارە دەکەم یان ئیزن بەم کارە دەدەم، ئەم کارە بە خۆش یان بە ناخۆش کاریگەریی لەسەر هەستی خەڵک دادەنێت؟! ئەگەر رۆژانە رێژەی کارە باشەکانی ئێمە لە رێژەی کارە خراپەکانمان زیاتر بوو، رێژەی هەست خۆشیش لەناو کۆمەڵگادا لە رێژەی هەستی ناخۆش زیاتر دەبێ، لێرەوە هاووڵاتیان وڵاتەکەی خۆیان خۆشتر دەوێ و زیاتر لەبەرامبەریدا هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن، بەڵام بە پێچەوانە، ئێستا لەبەر ئەوەی راگەیاندنەکان رۆژانەی هەستی ناخۆش لە کۆمەڵگادا زیاتر پەرە پێدەدەن، رێژەی هەست کردنی بە بەرپرسیارێتی لەبواری جۆراوجۆرەوە لەناو هاووڵاتیاندا زیاتر دادەبەزێت.     

بابەتە پەیوەندیدارەکان