دیاردەی دوكانی فرۆشتنی جلوبەرگی عەرەبی لە هەولێر

10:20 - 2024-09-17
ڕاپۆرت
296 جار خوێندراوەتەوە
دەیان دوکانی فرۆشتنی جلوبەرگی عەرەبی لە هەولێر هەیە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
 
تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئابووریی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا وایکردووە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی عەرەب روو لە شارەکانی هەرێم و بە تایبەت هەولێر بکەن و لێی نیشتەجێ ببن، ئەوە جگە لە هاتنی هاووڵاتیانی عەرەب بۆ گەشت و سەیران، ئەو هۆکارە وایکردووە لە شاری هەولێر دەیان دوكان بۆ فرۆشتنی جلوبەرگ و كاڵای تایبەت بە کەلتوری عەرەبی دابنرێت کە لەلای بەشێك لە دانیشتوانی شارەكە شتێكی نامۆیە.
سەعید ئەمین هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە دەڵێت: لەم رۆژانەدا چوومە بازاڕی گەورەی هەولێر و بازاڕی قەیسەری، بینیم دوكانێك چەفیە، عەگال، دشداشە و عەبای پیاوانی عەرەبی دانابوو بۆ فرۆشتن زۆر بەلامەوە نامۆ بوو، تەنها لەوێ نا، بەڵکو لە بازاڕی قەیسەری و نیشتمانیش دوکانی هاوشێوەم بینی.
وتیشی، ئەوەی جێی سەرنجە، رەنگە لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەکە زۆر زیاتربن و سیمای كورد بوونی شارەكە نەمێنێت.
حاجی عیماد كە كوردێكی دانیشتووی هەولێرە خاوەنی یەكێك لەو دوكانانەیە كە لەبازاری قەیسەری هەولێر جلوبەرگی جۆراوجۆری عەرەبی دەفرۆشێت وتی: ماوەی 10 ساڵە دوكانی فرۆشتنی جلوبەرگی عەرەبیم داناوە، كڕیاری تایبەتمان هەیە كە عەرەبن، هەروەها  ژمارەیەكی كەم کوردیش دەیکڕێت، جگە لەوان کەسانی بیانیش جلوبەرگمان لێ دەکڕن.

 

 

دوکاندارێک: ماوەی 10 ساڵە دوكانی فرۆشتنی جلوبەرگی عەرەبیم داناوە و كڕیاری تایبەتمان هەیە لە عەرەب و کورد و بیانی

 

وتیشی: دشداشە، عەبا، بێجامە، چەفیە، عەگال و كڵاوی سەریشمان هەیە، پێشتر جلوبەرگی ئاساییم دەفرۆشت، بەڵام بەهۆی زۆربوونی ژمارەی عەرەب لە شارەكە جلوبەرگی ئەوان دەفرۆشم.
ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بەوەکرد، ئێرە بازاڕێکی گشتییە و هەمووان لە هاووڵاتیانی شارەکە و گەشتیارانیش سەردانی دەکەن و جلوبەرگی دڵخوازی خۆیان دەکڕن، نرخی جلوبەرگەکانمان لە 10 هەزار تا 50 هەزار دینارە، كە دروستكراوی وڵاتانی چین، قەتەر، ئیمارات، سعودیە و وڵاتانی ترن.
نووسەر و رۆژنامەنووس حسێن ئەحمەد لەبارەی ئەو جۆرە دوکانانە وتی: لە هەموو وڵاتانی جیهان ئەو جۆرە كارانە ئاساییە و بەشێوەیەكی دەمارگیریش وەرناگیرێت، بەڵام لە هەرێم لەبەرئەوەی ململانێی پێكهاتەكان هەیە، هەندێکجار بەشێوەی دەمارگیری مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
وتیشی: ساڵانی رابردوو ئاسایی بوو، كوردێكی هەرێمی كوردستان جلوبەرگی كوردی بپۆشێت و بچێتە شاری بەغدا، بەڵام ئاسایی نەبوو كە بیفرۆشێت هەرچەند فرۆشتنیشی قەدەغە نەبوو، لەبەرئەوەی ژمارەی کورد کەم بوو لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق و تەنها بۆ گەشت و كار روویان تێدەکرد، بەڵام ئێستا لە هەولێر پێچەوانە بووتەوە ژمارەی هاووڵاتی عەرەب زۆر بووە و فرۆشتنی جلوبەرگیان بووەتە شتێکی ئاسایی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان