مامۆستایەکی زانکۆی راپەڕین، دەزگایەکی ئەندازیاریی گەورە پەرەپێدەدات

12:07 - 2024-09-18
ڕاپۆرت
82 جار خوێندراوەتەوە
ئامێرە ئەندازیارییەکەی زانکۆی راپەڕین

 سازدانی/ ئالان محەمەد جەزا

 

 

مامۆستا ئومێد محەمەد:  سۆفتوێرەکە بۆ چەناڵی سروشتی و رووبار و جۆگەلە ئاوییەکان بەکاردێت، بۆ دەستخستنی زانیاریی ئەندازیاری و پارامیتەکان بەبێ بەکارهێنانی ئامێری دیجیتاڵیی گرانبەها


ئامێرێکی ئەندازیاریی گرنگ کە خراوەتە خزمەتی زانکۆ و بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی راپەڕین و یارمەتیدەرێکی باشی خوێندکارانە، بۆ تێگەیشتنی فراوان لە بابەتەکانی  (Fluid Mechanics, Hydrology and Hydraulic Structure - میکانیکی شلەکان، هایدرۆلۆجی و پێکهاتەی هایدرۆلیکی) لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی ستراکچەرەکە دروستکراو و لێکدراوی ناوخۆیە و بە کوالێتییەکی بەرز دروستکراوە لە هاوشێوەی بەشێک لە وڵاتانی بیانی، جگەلەوەی ئەوەی ئەم دەزگایە لە تەواوی دەزگاکانی تری هاوشێوەی ناوەوەی عێراق و کوردستان و بگرە وڵاتانی دراوسێش جیا دەکاتەوە ئەوەیە، دیزاینێکی زۆر وردی بۆ کراوە بۆ گەیشتن بە پارامیتەرەکانی تێڕژانی ئاو، لە کاتێکی زۆر کەمدا ئەنجامی بەشێک لە تێستەکان لە رێگەی سۆفتوێرێکەوە دەستدەکەوێت.

گرنگیی ئەم دەزگایە
ئەم ئامێرە لە رێگەی چەند هاردوێرێکەوە بە سۆفتوێرێکەوە بەستراوە، ئەوەی گرنگە توێژەر یان خوێندکار راستەوخۆ لە رێگەی سۆفتوێرەکەوە ئەنجامەکانی دەستدەکەوێت بەشێوەی راستەوخۆ و ئۆتۆماتیکی. سۆفتوێرەکە بۆ چەناڵی سروشتی و رووبار و جۆگەلە ئاوییەکان بەکاردێت، بۆ دەستخستنی زانیاریی ئەندازیاریی و پارامیتەکان بەبێ بەکارهێنانی ئامێری دیجیتاڵیی گرانبەها، ئەویش تەنیا بە جێگیرکردنی هەستەوەرێک لە بەشی سەرەوەی جۆگەلەکان، هاوکات بیرۆکەی هاردوێرەکە و دروستکردنی پرۆگرامەکە بەمشێوە جیاوازە لەلایەن مامۆستا (ئومێد محەمەد پیرۆت) له‌سه‌نته‌ری گشتی توێژینه‌وه‌ی زانكۆی راپه‌رین دانراوە و پەرەیپێدراوە، لەم بارەیەوە مامۆستا ئومێد له ‌دیدارێكیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ‌ وتی: ئەم دەزگایە هاوکارێکی باشی خوێندکار و توێژەرانی بەشی ئەندازیارییە بۆ تێگەیشتنی باشتر لە بەشێک لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئەندازیاریی ئاوەڕۆ و پرۆژە ئاودێرییەکان، زیاتر لە (13) تێستی جۆراوجۆری ئاوی پێدەکرێت بۆ خوێندکارانی قۆناغەکانی (دوو و سێ و چوار)، هەروەها دەتوانرێت چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی هەمەجۆر و بەرفراوان بۆ توێژەران لەسەر بکرێت.

ببنە شوێنی بەرهەمهێنان
مامۆستا ئومێد محەمەد لەبارەی ئەوەی تاچەند پێویستە لە زانکۆکانی کوردستان گرنگی بەم دەزگایانە بدەن وتی: پێویستە لەسەر زانکۆکانی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە دەزگا تاقیگەییەکان بدەن، دیدگای خوێندکار  بۆ فێربوون و زانست بخرێتە سەر بابەتە پراکتیکییەکان. مامۆستا ئومێد باسی لەوەش کرد خوێندنی وانە و تێستی  عەمەلی وا دەکەن بابەتەکە زیاتر لە هزری فێرخوازدا بمێنێتەوە، بۆیە هیوادارە زانکۆکانی کوردستان لەمەودوا ببنە شوێنی بەرهەمێنان و هەر لە چوارچێوەی وانە وتنەوەدا نەمێننەوە، لانی کەم بتوانن بە دەزگا و ماددە و تاقیگەی خۆمان بەرهەمیان بهێنین، چونکە بوونی دەزگا تاقیگەییەکان یاریدەدەرێکی باشی توێژەر دەبێت بۆ کردنی تویژێنەوەی فرەچەشن و راکێشانی توێژەران بۆ ناو زانکۆ. ئەمەش هەم بۆ گرنگیی زانستی هەروەها وەک سەرچاوەیەکی ئابووریش بۆ خودی زانکۆکە دەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت.دواجار ماۆستا ئومێد محەمەد سوپاسی هاوڕێ و هاوکارانی کرد کە لە پرۆسەی دروستکردنەکەدا پاڵپشت و یارمەتیدەری بوون. لەوانە هەر یەک لە ئەندازیار (وەسفى سابیر ئەحمەد) کە لە دروستکردن و بەستنی هاردوێر و سۆفتوێرەکە هاوکاری سەرەکی بووە، لەگەڵ (عەبید مەحمود عەبدولسەلام) و  پ.د (ئەبومەهدی محەمەد ئیبراهیم) لە زانکۆی روودنی روسیا بۆ چێکی داتا و ئەنجامەکان بە گوێرەی ستاندارد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان