مه‌زراندنی ئه‌فسانه: رۆمانی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان(1991-2003) به‌نموونه‌

11:49 - 2024-09-23
کەلتور
673 جار خوێندراوەتەوە

د. هەرێم عوسمان

مه‌زراندنی ئه‌فسانە، رۆمانی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان، نامەیەکی دکتۆرایە (نعمه‌ قره‌نی) ساڵی 2023 بە سەرپەرشتی (پ.د. نوزاد وقاص) پێشکەشی ئەنجومەنی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدینی کردووە. نامەکە بە رێبازی وەسفی شیکاریی نووسراوە و بەسەر پێنج بەشدا دابەشکراوە.

توێژەرێک پێیوایە مەزراندن، بەکارهێنانی دەرئەنجامەکانی کەلەپورە لە دیدێکی هاوچەرخەوە، تا ئەو ئاستە هونەری و ئیستاتیکییەی لە فۆلکلۆردا هەیە و
 دەبێ  سەردەمییانە دیار بخرێت

1

بەشی یەکەم، تەرخانە بۆ پێشەكی، کە تیایدا ناونیشان، گرنگی، هۆی هەڵبژاردنی ناونیشانەكە و سنوور و پرسیار و رێباز و کەرەسەی توێژینەوەكە خراونەتەڕوو.

2

بەشی دووەم دەروازەیەكی تیۆرییە بۆ چەمكەكانی مەزراندن، هۆیەكانی بەكارهێنانی و جۆر و میكانیزمەكانی، دواتر باس لە چەمكی ئەفسانە، جۆر، گرنگی و ئەركەكانی دەكات. پاشان ناساندنی رۆمان و ژانرە ئەدەبییەكان و گەشە و تایبەتمەندیی رۆمانی كوردی دوای راپەڕین بەسەر دەکاتەوە. مەزراندن زاراوەیەکی ئەدەبی رەخنەییە بۆ دروستکردنی رایەڵەیەکی پەیوەندیی لەگەڵ کەلتور و فۆلکلۆر و بەرهەمە رۆشنبیرییەکانی رابردوو، کە بە عەرەبی(توظیف)و بە ئینگلیزی(use) پێدەوترێت، لە کوردیشدا عەبدوڵڵا سەراج یەکەمجار لە هەشتاکاندا لە (دامەزراندن)ەوە دایتاشیوە. مەزراندن تەکنیکێکی ئەدەبی و هونەرییە، کە دەنگی ئێستا و رابردوو بە یەک دەگەیەنێت و گوتار و پەیامگەلی جیاوازی لێ دەسازێنێت. توێژەرێک پێیوایە مەزراندن بەکارهێنانی دەرئەنجامەکانی کەلەپورە لە دیدێکی هاوچەرخەوە، تا ئەو ئاستە هونەری و ئیستاتیکییەی لە فۆلکلۆردا هەیە و دەبێ سەردەمییانە دیار بخرێت. ئەفسانە هەڵگری کۆمەڵێک رەگەز و رەهەند و هێمایە، دەکرێ نووسەر ئەم رەگەز و هێمایانە جارێکی تر لە تێکستێکی ئەدەبیدا بیمەزرێنێتەوە. لەم توێژینەوەیەدا تەکنیکی مەزراندن بۆ چۆنییەتی ئاماژەکردن و بەکارهێنانی ئەفسانەیە لە رێگەی تێگەیشتن لە هێما و ئاماژە و دەرئەنجامەکانییەوە، کە نووسەر لە رێگەی گەمەی زمانەوانی و تەکنیکەکانی هونەری نووسینەوە، لە دەقی رۆمانێکدا دەیانمەزرێنێ و بۆ گەیاندنی مەغزا و مەبەستەکانی. توێژەر ئاماژە بە میکانیزم و پاڵنەرەکانی مەرزراندن دەدات، کە پێویستە دەقی رەسەن بمەزرێنرێ و نووسەری هاوچەرخ لە جیاوازییە ئەدەبی و سیاسی و ئاینییەکان ئێستا و رابردوو تێبگات و توانای دووبارە داڕشتنەوەی ئەزموونی کەلەپوری هەبێت و زانیاری لەسەر سروشتی دەقی مەزرێنراو و شیاوی بۆ دەقی هاوچەرخ هەبێت و بزانێت کە چ سوودێک لەم مەزراندنەدا هەیە. سێ پاڵنەری دەرەکی، ناوخۆیی و خودیش بۆ مەزراندن هەن، کە وێڕای لایەنی هونەری و دۆزینەوەی دەقی رەسەن و گونجاوێتی، نەبوونی ئازادی و زیندووکردنەوە و پاراستنی ئەدەبی فۆلکلۆریش بەشێکن لە پاڵنەرەکان. دواتر توێژەر باسی شێوە و جۆرەکانی مەزراندن (دەرکەوتن، گونجاندن و بروسکەیی) دەکات. هەر لەم بەشەدا ئاوڕ لە چەمک و زاراوەی ئەفسانە دەداتەوە، ئەفسانەناسێکی ئێرانی پێیوایە (ئەفسانە لە چوار بەش پێکهاتووە: بیروباوەڕ، رێوڕەسم، شوێنی پیرۆز، پەیڕەوان، ئەفسانە زاراوەیەکی گشتییە و بیروباوەڕە پیرۆزەکانی مرۆڤ لە خۆ دەگرێ، کە لە قۆناغە تایبەتەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی کۆمەڵگە هەرە دێرینەکان دروست دەبێت و وەکو بیروباوەڕی پیرۆزی هەمووانی لێدێت). یاخود ئەفسانەناسی کورد مەولود ئیبراهیم پێیوایە، ئەفسانە ئینسکلۆپیدیایەکی دەوڵەمەند و پڕ بابەت و پڕ نهێنی مرۆڤ خۆیەتی و هەموو مرۆڤایەتی بە هەموو قۆناغەکانی ژیانییەوە، هەموو نەتەوەیەک بە هەموو ئاستەکانی ژیان و رۆشنبیرییەوە، هەموو جوگرافیایەکی ژیان بە هەموو جیاوازییەکانییەوە هاوبەشن، لە پێکهێنان و دەوڵەمەندکردنی ئەم سەرمایە مرۆڤایەتییە). لە کۆتایی ئەم بەشەدا توێژەر جۆرە جیاوازەکان و گرنگی و ئەرکەکانی ئەفسانە و پاشان پێناسە و قۆناغەکانی رۆمان دەخاتەڕوو.  

ئەفسانە لە چوار بەش پێکهاتووە: بیروباوەڕ، رێوڕەسم، شوێنی پیرۆز، پەیڕەوان، ئەفسانە زاراوەیەکی گشتییە و بیروباوەڕە پیرۆزەکانی مرۆڤ لە خۆ دەگرێ، کە لە قۆناغە تایبەتەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی کۆمەڵگە هەرە دێرینەکان دروست دەبێت


بەشی سێیەم، لەم بەشەدا رەهەندەکانی مەزراندنی ئەفسانە لە رۆماندا دەخاتەڕوو، بە رەهەندی مێژوویی دەستپێدەکات، کە ئەفسانە پارێزگاری لە مێژووە نادیار و لە بیرکراوەکان کردووە، خۆشی بەر لە مێژوو رۆڵی مێژووی بینیوە، هەروەها ئەگەر ئەفسانە مێژووی خواوەند - مرۆڤ بێت، ئەوا مێژوو تەنیا هی مرۆڤەکانە، بەڵام دەکرێت ئەو مێژووە بگۆڕێت بۆ ئەفسانە و ئەفسانەش بۆ مێژوو، لەبەرئەوە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لەنێوانیاندا هەیە. دواتر ئاماژە بە نزیکی و برایەتی و جیاوازی ئاین و ئەفسانە - فەلسەفە و ئەفسانە دەکات. پاشان باسی کاریگەری ئەفسانە لە بنیاتی هونەری رۆماندا دەکات، کە نەتەوە پێشکەوتووەکان گەڕانەوەیان بۆ ئەفسانە هەبووە، لەبەرئەوە هیچ ئەدەبێکی هاوچەرخی پێشکەوتوو بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەفسانە شێوە ناگرێت، چونکە رەهەندی چیرۆک و خەیاڵ لە هەردوکیاندا بنەڕەتین.
توێژەر باسی مەزراندنی ئەفسانە لە ئەدەبی ئەوروپی و کوردی دەکات و دەیبەستێتەوە بە ریالیزمی سیحری و مارکیز و بۆرخیس وەک دەستپێشخەری ئەم تێهەڵکێشە دەبینن، لە ئەدەبی کوردیشدا رۆماننووسانی پارچەکانیتری کوردستان وەک عەرەبی شەمۆ و سەلیم بەرەکات، بەر لە رۆماننووسانی باشوور مەزراندنی ئەفسانە و رۆمانیان کردووە، یەکەم رۆمانی کوردی -باشوور - کە مەزراندنی راستەوخۆی فۆلکلۆر و رۆمانی کردبێ، رۆمانی (رێگا)ی محەمەد مەولود مەم- ە کە حەفتاکان نووسیوێتی، بەڵام مەزراندن بەشێوە ئەوروپییەکەی بۆ دوای راپەڕین دەگەڕێتەوە.

4  
بەشی چوارەم، لەم بەشەدا بە پراکتیکی باسی مەزراندن لە بنیاتی هونەری (کارەکتەرسازی – شوێنکات) لە رۆمانی کوردیدا دەکات. ئەفراندنی کارەکتەر لە دوو جۆر بەرجەستەکردندا خۆی دەبینێتەوە، یەکەمیان: ناسینی خەسڵەتە ناوەکییە گیانییەکانی ئەو کەسێتییەیە کە لەمیانەی چیرۆکەکەدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە کەسەکە بیرمەندە یان کەسێکی ترسنۆک و بێهەڵوێستە یان گەمژەیە. دووەمیان: خەسڵەتی رووکاری و جەستەییە بەرچاو و بینراوەکانە، توێژەر باسی رۆمانی (وڵاتی تارمایی) دەکات، کە شاکەس وەک تارمایی بێ ناوە و گوزارشت لە تاکی کورد دەکات کە لەلایەن دوژمنەوە زوڵمی لێدەکرێت و تووشی دۆخێکی دەروونی ناجۆر دەبێتەوە، چونکە تاوانێکی دەدرێتە پاڵ کە نەیکردووە. رۆماننووس شاکەس بە قەقنەس کە ئەفسانەیەکی یۆنانییە دەچوێنێ و بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئاماژە بە ئەفسانەكەی دەكات و لەم رۆمانەدا دەیمەزرێنێ. رۆمانی درزیش کارەکتەری سەرەکی لە گەشتێکی رۆحیدایە لەگەڵ پیرێکی زەردەشتی و بەدوای راستی و پاکبوونەوەی مرۆڤەوەن. رۆمانەکە لە رێگەی کەش و داب و نەریتەکانی ئایینی زەردەشتی و لە رێگەی هەر دوو خواوەندی هێزی چاکە (ئاهورامەزدا) و خواوەندی هێزی خراپە (ئەهریمەن)ەوە گوزارشت لە ناوەڕۆک و رووداوەکانی کراوە. رۆمانی ئەژدیهاش ئاوێتەیەکە لە ئەفسانە و واقیع، چونکە بابەتە ئەفسانەییەکانی خستووەتە خزمەتی کێشەکانی هەنوکە، پەری(زێڕین) ئەو کارەکتەرەیە کە رۆڵی لە حیکایەتی ئاسایی و ئەفسانەیی رۆمانەکەدا هەیە.
سەبارەت بە مەزراندنی شوێنکات لە رۆمانە کوردییەکاندا توێژەر رای وایە، هیچ گێڕانەوەیەک بە بێ رووداو نییە، رووداویش پێویستی بە شوێن و کات هەیە، نموونەی رۆمانی مێتامۆرفۆس و دنیا لە کتێبێکدا دەهێنێتەوە، لە دنیا لە کتێبێکدا دەنووسێ (ناونیشانەکەی باس له‌ شوێن ده‌كات و به‌ شێوه‌ و ده‌لاله‌تێكی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی ده‌یه‌وێ دنیایه‌ك له‌ناو یه‌ك كتێبدا جێ بكاته‌وه‌).

5
بەشی پێنجەم بە ناونیشانی (جۆرەکانی ئەفسانە و چۆنێتی مەزراندنیان لە رۆمانی کوردیدا)یە. توێژەر چەند جۆری ئەفسانە وەکو، ئەفراندن، نەریت و بۆنە ئایینیەکان، رەمزی، مێژوویی، گیانەوەران، چاکە و خراپە و ئەفسانەی شارستانی لە رێگەی چۆنێتی مەزراندنیان لە رۆمانە کوردییەکان بە تەکنیکەکانی دەرکەوتن، گونجاندن و بروسکەیی دەخاتەڕوو. لە بەهاری رەشدا زەوی بە دایک دانراوە، ئەمەش ئەفسانەی ئەفراندنە و رۆماننووس سوودی لە تەکنیکی دەرکەوتن وەرگرتووە. لە رۆمانی وڵاتی تارمایی ئاماژە بە پەرستنی هەتاو کراوە، کە ئەفسانەی ئێزدییەکانە و رۆماننووس بە تەکنیکی بروسکەیی مەزراندوویەتی، چونکە هیچ زانیارییەکی لەم بارەیەوە نەخستووەتەڕوو. لە رۆمانی مێتامۆرفۆس نەریت و بۆنەی ئاینی مەزرێنراوە، کە خۆی لە مەزراندنی ژمارەکاندا دەبینێتەوە، چونکە هەندێ ژمارەش رەهەندی ئەفسانەیی هەیە، ژمارە چل لەگەڵ حەوت، لە قورئان و ئەفسانەکان و فۆلکلۆر بە گشتی ئامادەیی بەرچاوی هەیە، رۆماننووس بە ژمارەیەکی پیرۆزی داناوە، لە هەمان رۆماندا چیرۆکی تۆفانی نوح هێنراوەتەوە. لە ئەفسانەی رەمزیدا چەندین رەمزی وەک ئەفرۆدێت، ئاناهیتا، خدری زیندە، میترا، زەمهەریر، گیای نەمری، داری مەعریفە، سیزیف...لە رۆمانەکاندا بەکارهێنراون. لە ئەفسانەی مێژوویشدا هۆلاکۆ و ئەسکەندەری مەکدۆنی.. لە ئەفسانەی گیانلەبەران، ئەسپی باڵدار، پەری دەریا، ئەژدیها، سیمرخ، لە رۆمانە کوردییەکاندا مەزرێنراوە و توێژەر شیکارییان کردووە. لە کۆتایی ئەم بەشەدا مەزراندنی ئەفسانەی شارستانی بەسەر دەکاتەوە، کە لە رۆمانی شێخی داموسدا جامی جەم مەزرێنراوە، کە لە ئێستادا دەوری شاشەی کۆمپیتەر دەبینێت، لە رۆمانی کۆچڕە کۆچڕەو، رابردوو و ئێستا بە یەک دەچوێنێت، پرسیار دەکات کە چۆن یونس پێغەمبەر حوت قوتیداوە، لە کاتێکدا لەو وڵاتە دەریا نەبووە، هەر خۆی دەڵێ، دەگونجێ لەم سەردەمەشدا لەپاڵ وزەی ئەتۆم و شۆڕشی ئەلکترۆنی و کودەتای ئینتەرنێتدا، دیسان بە دەست و ئەژنۆ، کڕنوش بۆ ئەفسانە و مەزەندە بەرین، لەکاتێکدا تیشکی ژێرەوەی سور و سەرەوەی وەنەوشەیی، تیشکی ئیکس و گاما، بوونی خۆیان سەپاندووە. رۆماننووس هەردوو دنیاکەی لەیەکداوە و پێیوایە کاتێ پرسیار بێ وەڵامە پەنا بۆ شیکردنەوەی ئەفسانە دەبرێت. لە کۆتاییدا بە پێنج خاڵ ئەنجامی نامەکە دەخاتەڕوو، کە رۆمانی 1991 - 2003 لە چاو قۆناغەکانی پێشوتر، لەڕووی چەندێتی و چۆنێتیشەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەروەها مەزراندن کاریگەریی لەسەر بنیاتی هونەری رۆمان هەبووە، رۆماننووسانی کورد هەر سێ تەکنیکی مەزراندنیان بەکارهێناوە، دەرکەوتن بە پلەی یەکەم و گونجاندن پلەی دووەم و بروسکەیی سێیەمە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان