کەنەکە رێز لە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەنێت و نموونەی خاکی 22 شاری باکووری کوردستان پێشکەشی گەلەریی خاک دەکات

10:34 - 2022-07-02
کوردستان
1096 جار خوێندراوەتەوە

وەفدێکی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەردانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەکەن و نموونەی خاکی پیرۆزی 22 شاری باکووری کوردستان پێشکەشی گەلەری "زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری"ی رووناکبیر و نووسەر و سیاسەتمەداری کورد مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەکەن. 
ئەمڕۆ 2ی 7ی 2022، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی (سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور، گەرمیان و راپەڕین) پێشوازیکرد لە وەفدێکی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەسەرۆکایەتی زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە. لە دیدارێکدا پێشهات و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و کوردستانیان تاوتوێکرد و پێویستی یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنەکان و هاودەنگی ژنانی کورد-یان دووپاتکردەوە.
لە دیدارەکەدا، سوپاس و رێزلێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیان لەڕێگەی خاتوو شاناز-ەوە پێشکەشی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کرد و رایانگەیاند وەک ژنێکی سەرکردە و نیشتمانپەروەر پاڵپشت و پشتیوانیان بووە لە خەباتی نەتەوەیدا.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەکاتی سەردانی گەلەری "زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری" لەبارەی بیرۆکە و ئامانجی پڕۆژەکە بەرچاو روونی بەوەفدی میوان دا و ئاماژەی بەوەدا کە لە پڕۆژەکەدا خاکی پیرۆزی شار و ناوچە جیاجیاکانی نیشتمان نمایشکراوە و خراونەتە پاڵ یەک وەک ئاماژەیەک بۆ یەکپارچەیی خاکی کوردستان.
وەفدی ژنانی (کەنەکە)، لەگەڵ نیشاندانی سەرسامیان بەپڕۆژەکە، دەستخۆشیان لە خاتوو شاناز کرد کە لەسەر دەستی بەرێزیان پڕۆژەیەکی نیشتمانی گەورە بونیادنراوە.

 

#شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان