هەنگ و بەرهەمی هەنگەوانی لە هەرێم

11:40 - 2022-07-03
ژینگە
853 جار خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد

رۆژین خەسرەو کچێکی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە، ماوەی دوو ساڵە کاری هەنگەوانی دەکات و لەڕێگەی کارەکەیەوە توانیویەتی داهات پەیدابکات.
رۆژین بۆ ئەوەی هەنگوینێكی تەواو سروشتی دەست بکەوێت ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا هەنگەکانی دەباتە باخێکی تایبەت لە گەڵاڵە و لە نزیک شاخ دایان دەنێت تا کۆتایی مانگی حوزەیران کە دەیانبڕێتەوە.
رۆژین وتی: سەرەتای پڕۆژەکەم بە 30 سندوق هەنگ دەستم پێکرد و یەکەم ساڵ زەرەرم کرد، بەڵام وازم نەهێنا ئەمساڵ 70 سندوقم هەیە و لە بەرنامەمدایە پڕۆژەکەم فراوانتر بکەم.
وتیشی، چاوەڕوان دەکەم بەرهەمی ئەمساڵ زۆ باش بێت و قەرەبووی ساڵی رابردووشم بۆ بکاتەوە. 
رۆژین لە رێگەی بەشداریکردن لە دەورەی چەند رێکخراوێک فێری پیشەکە بووە، هاوکات دوو کەسی دیکەش کە دەرچووی بەشەکانی کشتوکاڵ و هەنگەوانین لە خزمەتکردن و بڕینی هەنگەکانیدا هاوکاری دەکەن رۆژین دەڵێت: کلیۆی هەنگوین بە 50 هەزار دینار دەفرۆشم و داوا لە فەرمانگەی کشتوکاڵ دەکەم لەکاتی وەشاندنی دەرمانی کیمایی هەنگەوانەکانیان لەبیربێت بۆ ئەوەی هەنگەکانمان لەناونەچن. 
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی هەنگەوانی هەرێم زیاتر لە 15 هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و ساڵانە بژێوی ژیانیان لەڕێگەی هەنگوین و بەرهەمەکانی هەنگەوە پەیدا دەکەن.
لوقمان عومەر کارگێڕی کۆمەڵەی هەنگەوانان لە سلێمانی وتی: ئەمساڵ کەشوهەوا لەبار بووە و چاوەڕوان دەکرێت هەنگەوانان بەگشتی بەرهەمێکی باشیان هەبێت بەشێوەیەک هەر سندوقێک حەوت بۆ 10 کیلۆگرام هەنگوینی تێدا بێت.
وتیشی، گونجاوی کەش و هەوا و خاک و بوونی گوڵێکی سروشتی زۆر لە گەرمیان و کوێستانەکان وایکردووە هەنگوینی کوردستان یەکێك بێت لە هەنگوینە باشەکانی دونیا و ساڵانە لەسەر ئاستی تاک بڕێکی لێ دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات.
لوقمان عومەر کارگێڕی کۆمەڵەی هەنگەوانان لە سلێمانی باسی لەوەشکرد، لە هەرێم هەنگەوانی شارەزا هەیە کە هەنگ تەنها بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین بەخێو ناکەن بەڵکو خۆراکی شاهانە و ژەهری هەنگ و چەندین جۆری تر بەرهەمیان هەیە.
جیاکردنەوەی هەنگوینی ساغ لە ساختە زۆر قورسە و کارگێڕی کۆمەڵەی هەنگەوانان لە سلێمانی دەڵێت: هاووڵاتیان بۆ ئەوەی هەنگوینی سروشتییان دەست بکەوێت پێویستە لەو پێشانگایانەی ساڵانە بۆ بەرهەمی هەنگوین دەکرێتەوە لە دەستی یەکەم هەنگوین بکڕن.
هێنانی هەنگ و هەنگوین بە قاچاخ لە ئێران، تورکیا و سعودیەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەنگ و هەنگوینی ناوخۆ دروستکردووە و هەنگەوانان داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەن کۆنترۆڵی بازاڕ بکەن تا زیانیان پێ نەگات.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان