شەش فراكسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە خاوەنی 98 كورسین، ستایشی سیاسەتی ی.ن.ك دەكەن و پشتیوانی خۆیان بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دەردەبڕن.
نوێنەری فراكسیۆنەكانی (دەوڵەتی یاسا، تەقەدوم، تەسمیم، ئەساس، ئیشراقەی كانون و فراكسیۆنی خەدەمات) سەردانی نووسینگەی فراكسیۆنی یەكێتی-یان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد و لەلایەن هەرێم كەمال ئاغا، د.كەریم شكور، بەدریە حسێن، كاروان یاروەیس و سۆزان مەنسور پێشوازییكران.
PUKMEDIA زانیاری لە فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی سەردانەكەوە وەرگرتووە و نووسیویەتی: «نوێنەری فراكسیۆنە عیراقییەكان پشتیوانی و پشتگیریی خۆیان بۆ سیاسەتی حەكیمانە و هاوسەنگیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەتایبەتی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق دووپاتكردەوە كە درێژەپێدەری سیاسەت و فەلسەفەی سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی-یە»، هاوكات رۆڵی فراكسیۆنی یەكێتی-یان لەئەنجومەنی نوێنەران لەم خولەی پەرلەمان و خولەكانی پێشوودا بەرزنرخاند.
هەروەها، كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە نوێنەران لێدوانێكی بۆ PUKMEDIA داوە و رایگەیاندووە: «ئەو فراكسیۆنانە لە زۆربەی پرسە سیاسی و نیشتمانییەكاندا هاوكار و پشتیوانمانن»، ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو فراكسیۆنانە هەر مەترسی و دەستتێوەردانێكی ناوخۆیی و دەرەكییان رەتكردەوە كە ببێتەهۆی تێكدانی ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتیی گشتی و ئارامی و پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم و هیوای سەركەوتنیان بۆ هەڵبژاردن لەهەرێم خواست، هەروەك تەئكید لە هەمانگی و كۆدەنگی لەسەر بڕیارەكان پەیوەست بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم و پارێزگاكانی عیراق كرایەوە.