ئەمڕۆ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە چوارقوڕنە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە فەرماندە و تێکۆشەرانی دێرینی یەکێتی کۆبووەوە.
لەو کوبوونەوەیەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ستایشی خەبات و فیداکاریی جەماوەرو فەرماندە و پێشمەرگە دێرینەکانی دەڤەری راپەڕینی خۆڕاگری کرد و پێی راگەیاندن؛ "ئێوە لەخەباتی شاخ و راپەڕینی شاریشدا رۆڵی سەرەکیتان ھەبووە لە بەدیھێنانی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان، تا دوێنێ بە چەک و خۆڕاگریتان و ئەمڕۆش بەدەنگەکانتان دەتوانن پارێزگاریی لەو دەستکەوتانە و پێکھێنانی حکومەتێک بکەن کە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بێت".
وتیشی، "شێوازی فەرمانڕەوایی لە ھەرێم کەموکورتی جەوھەری ھەیە و پێویستی بەگۆڕانکاریی بنەڕەتییە، تاکە ھێزیش کە لەڕووی مەبدەئییەوە باوەڕی بە گۆڕانکاری ھەیە، ھەروەھا توانای ئەنجامدانی پرۆسەکەی ھەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆیە پێویستی ئێوەی تێکۆشەرانی دێرین و رێبوارانی رێبازی سەرۆک مام جەلال نەخشی بەرچاوتان ھەبێت لەو بوارەدا و کار بۆ نەھێشتنی خۆسەپاندن و قۆرخکاریی بکەن و ھەمووان پێکەوە حکومەتێکی نیشتمانیی ئەوتۆ بھێننە کایەوە کە کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و گێڕانەوەی ھیوا بۆ کۆمەڵانی خەڵک بکات، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ھەمووان لە راپەڕین و نەبەردییەکی دەنگداندا، بە خزم و کەسوکارو دراوسێکانەوە رۆژی دەنگدان روو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە لیستی ١٢٩ـی پێشمەرگە و شەھیدان بدەن.