شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ بەشێک لە خەڵکی دۆڵی بازیان کۆبووەوە

05:27 - 2024-10-08
کوردستان
612 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەشرینی یەکەم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و چین و توێژە جیاجیاکانی دۆڵی بازیان کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان دکتۆر میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر ئامادەیبوون و بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، ئاماژەی بە پێگەی گرنکی دۆڵی بازیان و رۆڵی خەڵکە تێکۆشەرەکەی کرد لە شۆڕش و راپەڕینە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی کوردستانداو پێی راگەیاندن: بۆ یەک ساتیش خەڵکی تێکۆشەری بازیان و گوندەکانی دەوروبەری کۆڵیان لە خەبات و تێکۆشان نەداوە، هەربۆیە دانیشتوانەکەی جێی رێز و پێزانینی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتین و بۆ هەمیشە پشتیوانتان دەبین.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەوەی بەبیر خەڵکی بازیان هێنایەوە کە لە دامەزراندنی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیەوە کە جاڕی هەڵگیرسانی شۆڕشیان دا، دانیشتوانی جوامێری بازیان بە ماڵ و حاڵ و گیانی پیرۆزی رۆڵەکانیان پشتیوانییان لە یەکێتی و مەفرەزەکانی دەکرد، بۆیە ئێستا مافی خۆیانە یەکێتی و حکومەتی هەرێم بە موڵکی خۆیان بزانن و داواو داخوازییان هەبێت. هەروەک تەواوی ئەو مافەتان هەیە داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەژیانی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی خۆمان بکەن، لەپێناوی هێنانەکایەی حکومەتێک کە باشتر بتوانێت گرنگی بە کۆمەڵانی خەڵک بدات و خزمەتکردنی خەڵک کاری لە پێشینەی بێت.

تەئکیدیشیکردەوە کە بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستەی ئێوە کە لەئێستادا بووەتە داواکارییەکی جەماوەری و ویستی هاوپەیمانە خۆرئاوایەکانمان، یەکێتی پشتوپەناتانە و کاری جددی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەتان دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هەموان لە رۆژی 20ی ئەم مانگە لەڕێی بەکۆمەڵ چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، نەبەردییەکی دیموکراسی ئەوتۆ تۆمار بکەن کە هیچی کەمتر نەبێت لە داستانەکانی پێشمەرگە و دەنگ بە کاندیدە دڵسۆزەکانی لیستی 129 بدەن.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە هەڤاڵان دکتۆر میران و زیادی شەهید جەبارو هاوڕێ سەرچنار وتەیان پێشکەش کرد، هەروەک ژمارەیەک لە ئامادەبووان پێشنیار و سەرنجەکانیان خستەڕوو و لەلایەن هەڤاڵانەوە وەڵامدرانەوە.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان