كاریگه‌ریی ‌پلاستیك بۆ سه‌ر ژینگه

رێژنە مەجید: ماددە پلاستیکییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە

10:57 - 2024-10-09
ژینگە
169 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/ ئالان محه‌مه‌د جه‌زا 

پلاستیک وەک یەکێک لە هەڕەشە گەورەکان بۆ سەر ژینگە، لە دنیادا بابەتی گەرمی رۆژە و وڵاتانی پێشکەوتوو لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەکانی پلاستیکدان و دەمێ ساڵە خەریکی ریسایکلینی ئەو ماددە خەتەرناکەن بۆ سەر ژینگە و ژیانی مرۆڤایەتی، بەڵام لە وڵاتی خۆماندا ئەم مەسەلەیە هێشتا لای زۆربەی خەڵک نوێیە و زیان و مەترسی و کاریگەرییە خراپەکانی نازانن. بۆ ئەم مەبەستە بەرپرسی ناوەندی هەولێری کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، رێژنە مەجید عەزیز تایبەت بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە ئێستادا هاووڵاتیان بە گشتی بەردەوام ماددەی پلاستیک بە شێوەی جیاواز بەکاردەهێنن، دەبینین رۆژانە لە ماڵەکانیاندا و لە شوێنی کار و لە بۆنە جیاوازەکاندا ماددەی پلاستیک بەهەموو جۆرەکانییەوە بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی هەست بە مەترسییەکانی ئەو ماددە پلاستیکانە بکەن. ماددە پلاستیکییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، تەنانەت هەندێک جۆری پلاستیک هەیە کە بەکاردێت بەتایبەت ئەوانەی بۆ خواردن و خواردنەوه بەکاردێن، زۆر کەس نازانن بە گەرمیی خواردنەکە کارلێک لەگەڵ پلاستیکەکە دروست دەکات.  ئەوەش هۆکارە بۆ چەندین نەخۆشی، جگە لەوەی پلاستیک یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، چونکە کاتی زۆر دەوێت تا لە سروشتدا شیدەبێتەوە و هۆکارێکە بۆ پیسبوونی خاک و ئاو. هاوکات ژینگەی هەرێمی کوردستانیش بەو هۆیەوە رووبەڕووی مەترسی بۆتەوە، چونکە لێرە تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی کەرەستە پلاستیکییەکان دوای بەکارهێنانیان کۆناکرێنەوە و ریسایکلین ناکرێن.
*رێنماییت چییه‌ بۆ هاوڵاتیات له‌کاتی به‌كارهێنانی کەرەستە ‌پلاستیكییه‌كاندا؟
- پێویستە هاووڵاتیان خۆیان رۆژانە هەوڵ بدەن کەمترین کەرەستەی پلاستیک بەکاربهێنن، لەبەر تەندروستی خۆیان بە تایبەت لە ماڵەکانیاندا سفرە و قاپ و پەرداخی سەفەری بەکارنەهێنن، هەوڵ بدەن لە نانەواخانەکان و سەمونخانەکاندا کیسی کاغەز یان کیسی قوماش خۆیان دروستی بکەن، بەکاریبهێنن و کەمترین ئاوی بتڵی پلاستیک بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن، تا دەتوانن بەکارینەهێنن لە کاتی چوونە دەرەوەیان دەتوانن بتڵی شوشە بۆ ئاو خواردنەوە بەکاربهێنن، چیتر بۆ بۆری ئاوی ماڵان بۆری پلاستیک بەکارنەهێنن.


*له ‌هه‌رێم تا چەند پلاستیک‌ ریسایكلین ده‌كرێت؟

- بەشێک لەو پلاستیکەی هەیە ریسایکلین دەکرێت، بەڵام وەک پێویست نییە، واتا رێژەی بەکارهێنانی پلاستیک و ریسایکلین کردنی ماددە پلاستیکییەکان بەرامبەر نین، چونکە رۆژانە هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان رێژەیەکی زۆر پلاستیک بەکاردەهێنن و چەند کارگەیەکی کەم هەن بۆ ریسایکلین کردنی بەرهەمە پلاستیکییەکان. لەلایەکی ترەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە بەشێوەیەکی تەندروست و زانستییانە زبڵ و خاشاکی هاووڵاتیان لە یەکتر جیابکرێتەوە، ئەگەر ئەوە بکرایە ئەو کات پاشماوە پلاستیکییەکان بەئاسانی جیادەکرانەوە بۆ ریسایکلین کردنیش باشتر و ئاسانتر دەبوو.
* ئه‌و کەرەستە پلاستیکانەی دێنه ‌كوردستان كوالێتیان چۆنە؟ 
- بەداخەوە ئەو کەرەستە پلاستیکییانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، تا ئێستا بە تەواوی نازانرێت تا چەند کوالێتیان بەرزە و تاچەند لەگەڵ ژینگە و تەندروستی هاووڵاتیان گونجاوە، چونکە چەندین بەرهەمی هاوردەکراوی پلاستیک هەیە لە هەرێمی کوردستان ئەو کۆدەی کە بەشێوەی سێگۆشەیە لەسەر بەرهەمەکە و ئاماژەیە بۆ جۆری پۆلیمەری بەکارهاتوو، لە بەرهەمە پلاستیکییەکەدا و دیاری دەکات ئەو بەرهەمە تا چەند گونجاوە لەگەڵ خواردن بەکاربێت یان نا، بەڵام هەندێکجار ئەو کۆدە  لەسەر بەرهەمێکی پلاستیکی هەشبێت، کاتێک بە تەواوی بەراورد بکرێت لەگەڵ جۆری پۆلیمەری بەکارهاتوو لە بەرهەمە پلاستیکییەکە دەبینین هاوتا نییە، بۆیە تا ئێستا هەموو بەرهەمە پلاستیکییە هاوردەکراوەکان بە تەواوی کوالێتیان بەرز نییە و هەموویان گونجاو نین بۆ خواردن و خواردنەوە بەکاربهێنرێن.
*چارەسەر چییە؟
هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە بابەتی هاوردەکردنی پلاستیکی کوالێتی بەرز بدات، لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و ژینگەی هەرێمدا، هاووڵاتیانیش تا بۆیان دەکرێت خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی کەرەستەی پلاستیک لە ژیانی رۆژانەیاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان