حیکایەتی فۆتۆ

فلاشگێر عەبدولقادر مەجید

11:09 - 2024-10-09
کەلتور
84 جار خوێندراوەتەوە

 

عەبدولقادر مەجید ساڵى 1955 لە سلێمانى، لە گەڕەکی کانێسکان هاتۆتە دنیاوە، لە تەمەنی منداڵی چۆتە قوتابخانە، سەرەتایی و ناوەندیی لە قوتابخانەی جمهوری خوێندوە.
کەسێکی هێمن و لەسەر خۆ و دڵنەرم بووە، هەمیشە هاوکار و پشتیوانی دەورووبەری بووە، زۆر حەزی لە وێنەکێشان و وێنەگرتن کردووە، وێنەی لەسەر هەموو دیوارەکانی حەوشە و ماڵەکەی کێشاوە، هەوڵی زۆری داوە فێری وێنەگرتن ببێت، سەرەڕای زیرەکی و حەزی زۆری بۆ خوێندن و هونەر، سەرەتای حەفتاکان بەهۆی خراپی باری دارایی خێزانەکەیەوە، وازی لە خوێندن هێناوە، لای نوری هونەر فێری پیشەی وێنەگرین بووە و لە ستۆدیۆ هونەر بووە بە شاگرد.
بە رەنجی شانی خۆی ژیاوە، سەرسەختانە هەوڵی داوە و کاری کردووە و بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابینکردووە.
ساڵى 1976 بووە بە فلاشگێر لە زانکۆی سلێمانى، وێنەی زانکۆ و خوێندكارەکانی زانكۆی گرتووه بۆ ستۆدیۆ هونەر، بەشێكى زۆرى وێنەكانى زانكۆ و خوێندكارەکان و گەشتەكانى زانكۆی بە كامێرا و فلاشەکەی خۆى گرتووە، بەڵام هیچ لەو وێنانە نەبۆنەتە موڵکی خۆی و چۆتە سەر ئەرشیفی ستۆدیۆهونەر.
بەهۆی گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ هەولێر، کارەکەی لەدەست داوە، بە ناچاری لای براکەی بووە بە شاگرد و کاری ئاسنگەری کردووە.
لەپاڵ پەیداکردنی بژێوی ژیان و کاری رۆژانەی، دەستبەرداری کامێرا و فلاشەکەی نەبووە، لە هەموو سەردان و بۆنە و کۆبونەوە خێزانییەکاندا ئامادە بووە، بە چرکاندنی کامێراکەی ئەرشیفێکی جوانی بۆ خانەوادەکەی و خانەوادە دێرینەکانی شاری سلێمانی جێهێشتووە.
لە راپەرینە مەزنەکەی بەهاری 1991 بەشداریی کردووە، وێنەی زۆربەی رووداوەکانی ئەو رۆژانەی بە کامێرزکەی خۆی گرتووە.
بە داخەوە لە 31/3/1991 لە تەمەنی 37 ساڵیدا لە چالاکییەکی پێشمەرگە لە بەکرەجۆ بە دەستی پاشماوەکانی بەعس شەهید بوو، پاشان لە گردی شەهیدان بەخاك سپێردرا، کامێرا و فلاشەکەی نەدۆزراوەتەوە، لەپاش خۆی سێ کچ و دوو کوڕی جێهێشتووە، یەکێك لە کوڕەکانی دوای سێ مانگ لە شەهید بوونی لە دایك بووە.
لەسەرەتای کارکردنییەوە تا ماڵئاواییکردنی لەژیان، ئەو وێنانەی گرتوویەتی نەبوونەتە موڵکی خۆی و ئەرشیفێکی تایبەتی نەبووە، تەنها بەشێك لە وێنە خێزانییەکانی لای خێزان و منداڵەکانی پارێزراون و چەند فیلمێکی نەشۆردراویشی ماوە.

 

ئا: گەلاوێژ رەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان