خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی گەناو لە هەگبەی مێژوودا

11:33 - 2024-10-10
کەلتور
183 جار خوێندراوەتەوە

ناوی کتێب: گەناو لەهەگبەی مێژوودا
ناوی نووسەر: ساڵح ئومەر گەناوی
نۆبەی چاپ: یەکەم
ژمارەی لاپەڕە: 400 لاپەڕە
ساڵی چاپ: 2024

ئا: ئەرسەلان حەسەن

گەناو لە هەگبەی مێژوودا کتێبێکی  400 لاپەڕەییە، کەسایەتی گەناو(ساڵح ئۆمەر گەناوی) ئامادەیکردووە و نووسیویەتی. وەک هەر کتێبێکی دیکەی هاوشێوەی، پشتی بە دید و تێڕوانینی شارەزایانی بواری مێژوو بەستووە و ئاماژە بە زانیاری سیاسی، ئیداری، ئابووری، کۆمەڵایەتی، بازرگانی، جوگرافی و شوێنە گرنگەکانی گوندی گەناو دەکات. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت: «وەک خەمخۆرێک هەوڵمداوە هەندێک زانیاری دروست و تەندروست بەهۆی کەسانێکی تەمەن باڵای گوند و نووسەر و رۆشنبیر لە بواری مێژووی گوندەکەدا بەرجەستە بکەم».

نووسەر پشتی بە دید و تێڕوانینی شارەزایانی بواری مێژوو بەستووە و ئاماژە بە زانیاریی سیاسی، ئیداری، ئابووری، کۆمەڵایەتی، بازرگانی، جوگرافی و شوێنە گرنگەکانی گوندی گەناو دەکات

ناوی گوندی گەناو
نووسەر بۆ ناوی گوندەکە دەڵێت: وشەی(کن)، وشەیەکە دانیشتوانی پشدەر بەکاریدێنن، کە مانای نزیک، یاخود لای ئاو، یان کانیاو دەگەیەنێت، کانیاوەکانیش چوار کانین کە ئەوانیش: (کانی باسۆک، کانی چنار، کانی مەلاوسو، یان مەلایوسف و کانی کارێز)ن و سەرچاوەی ناونانی گوندەکەن.
لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت، ناوی گوندەکە لە وشەی کن، کانییەوەیە و بە تێپەڕینی کات، گۆڕانی بەسەرداهاتووە و گۆڕاوە بۆ گەناو و هەموو کانییەکانیش جگەلە (کانی جۆ)، بۆ خواردنەوە شیاون.

گەڕەکەکانی گوندی گەناو
بەپێی سەرچاوەکان بێت، گەناو شارەدێ بووە و لە هەندێک سەرچاوەدا بە (ناوەندی زانستی/حەوزەی عیلمی) ناسراوە، ناوی گەڕەکەکانی بەمجۆرەیە:(قۆنگرێ یان کۆنگرە، بابان یان باتان، خاتو خاسک، کاسولە، مەلاوسو و گەڕەکی کانی جۆ) ئەمانەش سەلمێنەری شارەدێبوونەکەیەتی و هەرگەڕەکە ناوەکەی لە سەرچاوەیەکەوە هاتووە و چیرۆکێکی خۆی هەیە.

جوگرافیای گوندەکە
سنووری جوگرافیای گەناو لە خۆرهەڵاتدا گوندەکانی (دەوژان و بەردکێشان) لە باکووری خۆرهەڵات گوندەکانی (رازان و قزڵبەگە) و کوێستانەکانی (کێوەوچاوناسک) لە باکوور گوندەکانی (سەرشیوو، زەنجەڵە و پاشکێل)، لە باکووری خۆرئاوا گوندەکانی (باڵێڵان و ئەشکەنە)، هەروەها لە باشووری خۆرئاوا گوندی چەکوان و ناحیەی ئیسێوە، لە باشوور زێی بچوک و گوندی وێسێ و هاوینەهەواری بلکێ و لە باشووری خۆرهەڵات گوندی قندۆڵ.

سنووری گوندەکە
سنووری گەناو لە ئەشکەوتی هەنگەژاڵ دەستپێدەکات، بە باناندا دێت و سەردەکەوێت بۆ گردی سورکە، پاشان حەمەزێنەب و دەچێتەوە قالبان، ئینجا قوڵێ رەزان و تووەگایە، باسکەسورکە و کانی بەدار، دواتر دەچێتە دوومشکان و هەواری حەمەدەمین ئاغا، بۆ ئەوبەری سێ گەور، هەتا دەچێتە سەری زەڵان و دێتەوە باسکەسورکە، سەرچاوە، سوراوێڵ، سەرسولێ گاگەشی، هێلانەقەلان، گردەبزن، زەوی سمایلەمەولودی و دێتەوە خڕێ بەردی سپی بەشی گەناو. بەشەکانی دیکە سنووری گوندەکانی ئەشکەنە، چەکوان و کۆنەگەناوە.   

مێژووی گەناو
گەناو کۆنترین و بەناوبانگترین گوندی سنوورەکەیە، نووسەر پێیوایە، مێژووی گوندەکە بۆ 200 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. دەشڵێت: لەکەکان پێش هۆزی سەکر لە سنوور و گوندەکە دەسەڵاتیان هەبووە و بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی میراودەلی و سەکرەکان، میراودەلییەکان جڵەوی دەسەڵاتی سنوورەکە دەگرنەدەست و سەکرەکان وەدەردەنێن، بەڵام ژمارەیەکی کەمی گەناوییەکان خۆیان دەربازدەکەن و لە گوندەکەدا دەمێننەوە.

مەدرەسەی ئایینی 
مەدرەسەی ئایینی ناوچەی بەڵاتی، کۆنترین مەدرەسەی ئایینی خوێندن و زانست بووە بەناوەکانی (مەدرەسەی بەلاتی، مەدرەسەی گەناو، یان مەلاغەزایی بابانی) و کتێبخانەیەکی گەورەشی هەبووە، بەناوی کتێبخانەی بابانییەکان، یان کتێبخانەی مەلا مەحمود غەزایی و بەپێی کتێبی (بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی حەمەئاغای پشدەری) بێت لە دەوروبەری ساڵی1874دا کۆچی دواییکردوە و هەر لەوێ نێژراوە.

شوێنەوارە مێژووییەکانی گەناو
گەناو شوێنەواری مێژوویی زۆرە و ناتوانین لێرەدا باسییان بکەین، بەڵام ئاماژە بەناوەکانیان دەکەین لەوانە:(مەدرەسەی ئایینی ناوچەی بەلاتی، بەردمارە لە کۆنە گەناو، کێلی حسێن پاشا، سول، یان لوسی ئامانجی، سولی گاگەش، گردی هەیدەری، یان کەڵەکنێ، گردی کوچکەی «کۆچەیی» کۆنگرێ، قەڵای سەکری گەناو و باسک قەڵات)، هەروەها نووسەر ئاماژەی بەسەرچاوە، کانی، کارێز، جۆگە ئاوەکان و کانەکانی گەناو کردووە.        

سەرنج
لەبەرئەوەی گەناو لەهەگبەی شارەزایانی بواری مێژوویی، پەلوپۆی بۆ بنجوبناوانی زانیاری دروست بردووە، ئەمەش  بەهۆی چەند کەسانێکی تەمەن باڵای گوندەکە و نووسەر و رۆشنبیر لە بواری مێژووی ئەو شارەدێیە، پێویستی نەدەکرد نووسەر مێژوو، جوگرافیای کوردستان بە گشتی و پشدەر بە تایبەتی و هەندێک بابەتی لاوەکی بنووسێتەوە.

سەرچاوە:
گەناو لە هەگبەی مێژوودا، لەدید و تێڕوانینی شارەزایانی بواری مێژوو: نووسینی ساڵح ئۆمەر گەناوی، چاپی یەکەم، 2024.

بابەتە پەیوەندیدارەکان